چۆن شەڕەكان دادەگیرسێن؟

03/08/2022

كامەران مەنتك

چۆن شەڕەكان دادەگیرسێن؟
ئەگەری داگیرسانی شەڕی ناوخۆ لەئێراق‌و تەشەنەسەندنی


داگیرسانی شەڕەكان هەمیشە پەیوەندیی بەهاوسەنگی هێزو داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێزەوە هەیە لەجیهاندا، هەر كاتێك هێزێك گەیشتە ئەو بڕوایەی، دەتوانێت لەڕێگەی هێزی چەكداریەوە ئامانجەكانی بەدەستبێنێت، پەنا بۆ بەكارهێنانی هێز دەبات، بەتایبەتیش ئەگەر لەڕێگەی هێزی نەرم‌و كاری دیپلۆماسیەوە نەیتوانی بگاتە ئەو ئامانجانە. زۆرجاران دۆخەكە خۆی دەسەپێنێت‌و گۆڕانكاریەكان لەباردەن بۆ داگیرسانی شەڕ، لەو حاڵەتەدا كاری دیپلۆماسی هەرچەندە بەرەو پێشەوە چووبێت بچووكترین ڕووداو بۆی هەیە ببێتە هۆی داگیرساندنی شەڕ، قۆناغی بەر لەداگیرسانی جەنگی یەكەمی جیهانی، بەتایبەتیش لەنێوان ساڵانی (1910-1914) زۆرترین ڕێككەوتنامە لەپێناو ڕێكخستنەوەی بەرژەوەندیەكان بەسترا، كەچی ڕووداوێكی كوشتن لەپڕێكدا بووە هۆی داگیرسانی جەنگێكی جیهانی ماڵوێرانكەر! دیارە هۆی سەرەكی ئەمەش بوونی زەمینەیەكی لەباربوو بۆ شەڕ، ئەڵمانەكان گەیشتبوونە ئەو بڕوایەی، كە دەتوانن لەڕێگەی شەڕەوە بەكورترین ماوە، تەنها لەماوەی سێ مانگدا ئامانجەكانی خۆیان بەدەستبێنن، میراتی ئیمپراتۆریای بەریتانی بۆ خۆیان بەرن‌و هەژموونی جیهانی خۆیان بسەپێنن، لەبەرئەوەی هەردوو جەنگی یەكەم‌و دووەمی جیهانی، بەشێكبوو لەململانێیەكی جیهانی خوێناوی لەنێوان ئەمریكاو ئەڵمانیا لەسەر دابەشكردنی میراتی ئیمپراتۆریای بەریتانی.

كەواتە هەر كاتێك هێزێك بگاتە ئەو بڕوایەی دەتوانێت لەڕێگەی بەكارهێنانی هێزی چەكداریەوە بەماوەیەكی كەم هاوسەنگی هێز لەبەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە، درێغی ناكات لەپەنابردنەبەر شەڕ، هەرچەندە لەزۆربەی كاتەكاندا ئەو بڕوابوونە ڕاستیش دەرنەچووە، بۆ نمونە ئەڵمانەكان پێیانوابوو دەتوانن تەنها لەماوەی سێ مانگدا جەنگی یەكەم یەكلایی بكەنەوە، كەچی جەنگەكە نزیكەی چوارساڵی خایاند، ئەو خوێندنەوەیە بۆ جەنگی دووەمی جیهانی‌و شەڕی ئێران‌و ئێراق (1980-1988)و زۆربەی شەڕەكانی تری مێژووش ڕاستە!.
 
بەو پێودانگە، خەمڵاندنێكی هەڵەی مرۆڤ دەشێت شوێنەواری مەترسیداری لێبكەوێتەوە، مرۆڤ بگاتە هەر ئاستێكی بیركردنەوە هەمیشە زۆر شت دەمێنێت، كە ناكەوێتە ناو چوارچێوەی خەمڵاندنەكانیەوە، لەبەرئەوەی سروشت‌و دەوروبەر زۆر لەمرۆڤ گەورەترەو هەندێكجار ڕووداوی وا ڕوودەدات، كە نەیتوانیوە پێشبینی بكات، گۆڕانێكی كەم لەكەشوهەوا ڕەنگ بێت تای تەرازووی شەڕە كە بگۆڕێت، وەك ئەوەی لەشەڕی واتەرلۆ ڕوویدا، كە چارەنووسی ناپلیۆنی تیا یەكلاییكرایەوە، كاتێك بارانێكی بەخوڕ كۆسپی بۆ جوڵەی سەربازی سەربازانی فەرەنسا دروستكردو شەڕەكەیان دۆڕاند!

ئەمە دەمانگەیەنێتە ئەو بۆچوونەی هەرچەندە مرۆڤ حیساباتی زۆر وردی كردبێت، كە دۆخەكە لەدەست دەرنەچێت‌و واتێبگات دەتوانێت هەمیشە كۆنتڕۆڵی رووداوەكان لەدەست خۆیدا بهێڵێتەوە، كەلێنێك هەر دەمێنێت بۆئەوەی بۆشایی تیا دروستبێت‌و بەبێویستی هیچ لایەك دۆخەكە لەكۆنتڕۆڵ دەربچێت!.

ئەو شیكردنەوە بۆ دۆخی سیاسی ئێستای ئێراق ئێجگار لەبارە، لەبەرئەوەی هەموو فاكتەرەكانی داگیرسانی شەڕی ناوخۆ، تەنانەت شەڕێكی هەرێمی‌و جیهانیش لەئارادایە، ئەگەر پێشكەوتنی چەك‌و مەترسیداربوونی شەڕەكان لەسەر كۆی مرۆڤایەتی، ئەگەری داگیرسانی جەنگێكی جیهانی لەنێوان زلهێزەكاندا تاڕادەیەك كەمكردبێتەوە، ئەوە ئەو ئەگەرە بۆ شەڕی ناوەخۆو تەنانەت هەرێمیش لاوازترە، لەبەرئەوەی ئەلتەرناتیڤی شەڕە جیهانیەكە شەڕە هەرێمی‌و ناوەخۆییەكانە، كە تیایدا هێزە شەڕكەرەكان بەوەكالەكانی زلهێزەكان شەڕەكان ئەنجامدەدەن، هەموولایەنەكانیش هەوڵدەدەن تا بۆیان دەكرێت گۆڕەپانی شەڕەكان لەوڵاتەكانی خۆیان دووربخەنەوە، بۆیە هەمیشە شەڕ لەو خاڵانەدا ڕوودەدات، كە دەسەڵات تیایدا لەلاوازترین قۆناغەكانی خۆیدایەو ململانێكانیش لەناوچەكەیدا بەشێوەیەكی ترسناك چڕبۆتەوە، بۆیە ئەو ڕووداوانە ئێستا لەبەغدا ڕوودەدەن، زەمینەیەكی لەبارە بۆ داگیرساندنی شەڕ، كە شەڕیش داگیرسا، بچووكی‌و گەورەیی شەڕەكە، كورتی‌و درێژی ماوەی شەڕەكە ناكەوێتە ژێر چوارچێوەی خەمڵاندنەوەو خوێندنەوە بۆ چارەنووسی ئەو شەڕە ڕەنگ بێت كارێكی ئاسان نەبێت، جگەلەوەی كە شەڕێكی فراوان وێرانكەرو خوێناوی دەبێت!.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە