داواکاری گشتیی‌و دۆسیەکەی د.عەبدولـلەتیف

1 کاتژمێر پێش ئێستا

د. مەجید ساڵح

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگیی سەرۆکی ڕەوتی سەلەفی لە باشووری کوردستان، دکتۆر عەبدولەتیف ئەحمەد، دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لە نێو رای گشتیدا دروست کردووە. ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە —ئەگەر ڕاستییەکەی بسەلمێنرێت— نەک تەنها ئابڕووچوونێکی کۆمەڵایەتییە، بەڵکو فەزیحەیەکی گەورەشە بۆ ناوەندە ئەکادیمییەکان.

دکتۆر عەبدولەتیف ڕوونکردنەوەی داوە و دەڵێت "دەنگەکە بە ژیریی دەستکرد (AI) دروستکراوە و هەڵبەستراوە"، لە بەرامبەریشدا ئەو کەسەی تۆمارەکەی بڵاوکردووەتەوە سوورە لەسەر ڕاستیی دەنگەکە و ئامادەیی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە نیشانداوە.

خاڵی سەرەکی و جێگەی سەرنج لێرەدا، بێدەنگیی پڕ لە گومانی داواکاری گشتی و ئەو ناوەندە ئەکادیمییەیە کە ناوبراو وانەی تێدا دەڵێتەوە.

لەم سەردەمەدا، جیاکردنەوەی دەنگی ڕاستی لە دەنگی دروستکراوی ژیریی دەستکرد کارێکی ئەستەم نییە؛ چونکە تاقیگە و ناوەندی پسپۆڕ هەن دەتوانن لە ماوەیەکی کورتدا ڕاستی و دروستیی ئەم بابەتە یەکلایی بکەنەوە.

ئەرکی یاسایی و ئەخلاقیی داواکاری گشتییە کە بەپەلە بێتە سەر هێڵ و لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانە دەستپێبکات:  ئەگەر تۆمارەکە ساختە بێت:پێویستە بە فەرمی بێتاوانیی ناوبراو بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەندرێت و ڕێگری لە ناوزڕاندن بکرێت.

 خۆ ئەگەر تۆمارەکە ڕاست بێت: دەبێت ڕێکاری توندی یاسایی بگیرێتەبەر و ناوەندە ئەکادیمییەکان لەم جۆرە کەسانە پاک بکرێنەوە، چونکە بێدەنگی لەسەر بابەتێکی وا، کارەساتی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی گەورەتری لێ دەکەوێتەوە. ڕای گشتی چاوەڕوانی هەڵوێستێکی ڕوون و بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی دامەزراوە یاساییەکانە بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی