پەیوەندییەکانی واشنتۆن و تاران هیچ کاتێک لەسەر هێڵێکی ڕاست نەڕۆیشتووە؛ هەمیشە تێکەڵەیەک بووە لە "شەڕی سارد"، دۆخی "نە شەڕ و نە ئاشتی"، و ڕێککەوتنی کاتی بۆ بەڕێکردنی قەیرانەکان. هەر جۆرە ڕێککەوتنێک لە ئێستادا بە واتای کۆتایی هاتنی ململانێکان نییە، بەڵکو گۆڕینی تاکتیکی شەڕەکەیە بەجۆرێک، ڕێککەوتن وەک ئامرازێک بۆ لاوازکردن نەک ئاشتی هەمیشەیی.
کاتێک ئێران ناچار دەبێت بێتە سەر مێزی گفتوگۆ و سازش بکات، ئەمە لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە وەک پاشەکشە و جۆرێک لە تەسلیمبوونە، نەوەکو حەز بە ئاشتی بکات. واشنتۆن دەزانێت کە ڕوخاندنی ڕژێمێک لە دەرەوە لە ڕێگەی سەربازییەوە تێچوویەکی زۆری هەیە. بۆیە، ڕێککەوتنەکان بەکاردێنێت بۆ سنووردارکردنی پڕۆگرامی ئەتۆمی و موشەکی ئێران، هاوکات لەگەڵ هێشتنەوەی سزاکان بۆ لاوازکردنی هێواشی ئابووری وڵاتەکە. ئەمە بەستەڵەککردنی دۆخەکەیە تا کاتێکی گونجاو.
ئەگەر تاران پابەند نەبێت، بژاردەی سەربازی یان توندکردنەوەی گەمارۆکان خێرا دەگەڕێتەوە، چونکە متمانەی ستراتیژی لە نێوانیاندا بوونی نییە. خاڵێکی دیکە دەبێت ئەمە بەباشی هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین ئەویش گەرووی هورموزە چونکە ئەمە گۆڕەپانی گەورەی ململانێی نێوان ئەمریکا و چینە ئەم خاڵە یەکێکە لە گرنگترین لایەنە جیۆپۆلەتیکییەکان. ململانێی ڕاستەقینەی سەدەی ٢١ی ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا نییە، بەڵکو دەبێت بزانین لەگەڵ چین دایە. ئێران لەم هاوکێشەیەدا هاوبەشێکی سەرەکی وزەی چینە.
بۆیە ئەمە سەرەتایەکە بۆ شەڕی ئابوری چین کە ئەمریکا بۆ داهاتوو دەیکات، چونکە چین گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانە بە دۆزینەوەی ڕێگەی جۆراوجۆر لەژێر سزاکاندا. کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورموز و دورگەی خارک کە شاڕەگی هەناردەی نەوتی ئێرانە لەلایەن ئەمریکاوە یان لێدان لێی، ڕاستەوخۆ پەیامێکی کوشندەیە بۆ ئاسایشی وزەی چین. ئەمریکا دەیەوێت بەم کارتە فشار بخاتە سەر پەکین، چونکە پەکین پشت بە وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت بۆ بەردەوامبوونی کارگەکانی.
خاڵێکی دیکە کە کەمجار باس دەکرێت، بەڵام لە هەمووی گرنگترە سیناریۆی تەقینەوەی ناوخۆییە، چونکە "شەقام" وەک یەکلاکەرەوەی ئەم سیناریۆیە نزیکترین و لۆژیکیترین ئەگەرە بۆ گۆڕینی سیستەمی ئێران. لاوازبوونی ئابووری بەهۆی گەمارۆکان و گەندەڵی ناوخۆییەوە، چینێکی ناوەڕاست و هەژاری دروستکردووە کە چیتر توانای بەرگەی ئەو دۆخە سەپێندراوەی نییە. بزووتنەوەکانی پێشووی ئێران وەک ژن، ژیان، ئازادی یان ناڕەزایەتییە ئابوورییەکانی پێشووتر نیشانیاندا کە بارووتی ناوخۆی ئێران ئامادەیە بۆ تەقینەوە.
کاتێک هاووڵاتی کورد یان ئێرانی دەبینێت سامانەکەی لەبری باشکردنی بژێوی، لە ململانێی دەرەکیدا خەرج دەکرێت، توڕەیی کۆمەڵایەتی دەگاتە لووتکە. ڕاپەڕینی داهاتوو ڕەنگە تەنها سیاسی نەبێت، بەڵکو ڕاپەڕینی "برسییەکان" بێت، کە کۆنترۆڵکردنی زۆر قورسترە بۆ هێزە ئەمنییەکان.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی