دەربارەی یەکپۆشیی ؟

10/08/2022

بەهێز حوسێن

تێگەیشتن لە نەهێشتنی جیاوازی چینایەتی بەپێی ڕوانینەکانی مارکس بەجۆرە نییە کە بویسترێت سەرەتا لە زانکۆکانەوە دەستپێبکەن و گوایە یەکپۆشیی خوێندکاران جیاوازیی چینایەتی دەشارێتەوە .
ئەو جیاوازییە چینایەتییە زەقەی لە ناوەندەکانی خوێندن لە کوردستان بەدیدەکرێت بە یەکپۆشی خوێندکاران لە زانکۆکاندا ناشاردرێتەوە ، لەکاتێکدا سیستمی خوێندن لە کوردستان خۆی ڕێخۆشکەر بووە بۆ فراوانکردنی جیاوازی چینایەتی ، ئەمەش بە کردنەوەی خوێندنگا و پەیمانگە و زانکۆی ئەهلی و نموونەیی!.
پەکپۆشیی لە سیستمی شمولی و سەربازیدا دەسەپێنرێت نەک لە زانکۆکاندا ، گریمان زانکۆکانی حکومەت پابەندبوون و خوێنکارەکانی پەکپۆش بوون ئەی لە پۆشیندا جیاواز نابن لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆی ئەهلی و ئەمریکی ؟
ئەوە لە پۆشیندا یەکسانت کردن ، ئەی چۆن جیاوازیی چینایەتییان دەشاریتەوە کاتێک هەمان یەکپۆش بە جی کڵاسەوە دێت بۆ دەوام و ڕۆژانە بایی ١٠٠ هەزار دینار لەفە و شەربەت لە کافێتریای زانکۆ بۆ هاوڕێکانی دەکڕێت و ئەوی تری یەکپۆشیش پارەی مانگانەی تاکسی پێ نییە و تا نەگەڕێتە ماڵەوە پارەی ئەوەی نییە نیسکافێیەک لە کافتریای ناو زانکۆ نۆش بکات!؟.
داوا لە خوێندکاران دەکەم ئەگەر یەکپۆشیی سەپێنرا ، ئەوا ئەو سەدان خوێنکارانەیان کە پاش زانکۆ شاگردی دەکەن و عەرەبانە دەگێڕن و کرێکاری دەکەن هەر بە هەمان پۆشاکی زانکۆوە بچنە سەر کارەکانیان تا بزانرێت کە جیاوازییە چینایەتییەکە چەند زۆرە و بە پەکپۆشیی لە زانکۆکاندا ناشاردرێتەوە.
من لەگەڵ یەکپۆشیدا نیم بەڵکو لەگەڵ ئەوەدام جیاوازی چینایەتی بە ڕەخساندنی هەلی وەک یەک بۆ خوێندکاران کەم بکەنەوە ، حکومەت دەرماڵەی خوێندکاران زیاد و دابین بکات ، زانکۆکان کافێتریای زانکۆ بە کەمکردنەوە بدەن بەکرێ نەک بە زیادکردن هەتا نرخ لەسەر خوێندکار زیادنەکرێت ، بەر بە کڕینەوەی توێژینەوە بگرن ، حکومەت ڕێگەبگرێت لە کڕینی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا.
سیستمی حوکمڕانێتیمان بەرەو بەتایبەتکردن و کاپیتاڵی سەرمایەداریی هەنگاو دەنێت کە بنەماکەی جیاوازی چینایەتییە,   ئیتر بۆ ئێوە خۆتان سەرقاڵ دەکەن و لە زانکۆکانی حکومەتدا یەکپۆشیی دەسەپێنن کە ئەسڵی جیاوازییەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە!؟.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە