نامۆبوون «الاغتراب»
دیاردەیەکە لەزۆربەی وڵاتانی جیهاندا هەیە و ، بەڵام زیاتر لە وڵاتە تازەگەشەسەندوو
و دواکەوتووەکان وەک ئەو ناوچەیەی ئێمەی تێدا دەژین بە کوردستانیشتەوە بڵاوبۆتەوە ،
جگە لەمە بەهۆی تێکچوونی کەشوهەوا لە جیهاندا نامۆبوونێکی گەورەتر لەوەی نیشتیمان سەریهەڵداوە!!
نامۆبوون بەمانا
ساکاریەکەی تەنگوچەڵەمەی دابڕانە لەنێوان خود و نێوان شتێکی دیکە ، هەستێکە لە هەموو کات و شوێنێک تووشمان دەبێت و
واقعێکە ڕۆژانە کە هاوڵاتی تێیدا دەژیت و بەرجەستە دەبێت لە هەستکردن بە نامۆبوون ،
لووتکەی نامۆبوون ئەوەیە کە خۆت لەنێو کەسوکار و نیشتیمانەکەدا بە غەریب بزانیت و لەگەڵ
تێپەڕبوونی کاتدا لەمیانی نەمانی ئینتیما بۆ نیشتیمان کە هۆکارەکانی دیارن ، خۆشەویستی
بۆ نیشتیمان نەمێنێت، ئێمە باسی نامۆبوون لەدەرەوەی نیشتیمان ناکەین….نامۆبوون لەناو
نیشتیمان یا لەسە ئاستی جیهان بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی نوخبەیەکی چڵێسی ئۆلیگارشی لەناوەوە
و ئۆلیگارشی سەرمایەداری دڵڕەقی جیهانی لە تێکدانی کەشوهەوا و «تێنوێتی خاک و مرۆڤ
و لافاو و ئاگرکەوتنەوە » لە کوردستان و دەیان وڵاتتی دیکە بەهۆی توانەوەی بەستەڵەکی باکوور ، ئەمە جگە لە
دروستکردنی هەزارا ڕۆبۆت و زیرەکی دەستکرد و دەستبەسەرداگرتنی زۆربەی وەزیەفەکانی مرۆڤ
و دروستکردنی گەورەترین نامۆبوونی مرۆیی لە میژوودا بەڕێوەیە ، كە دەگەڕیتەوە بۆ لاوازی
توانای مەنزومەی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی نوخبەی ئۆلیگارشی سەرمایەداری ستەمکار کە هۆکاری
سەرەکیە لە بەرزبوونەوەی دەرهاویشتە گازە ژاراویەکان و ئەو کاولکاریەی کە ئێستا زۆربەی
وڵاتانی جیهانی گرتۆتەوە کە ئەمەش هەستکردن بە نامۆبوون لە نیشتیمان «گەورەترە» واتە
هەستێکی جیهانی گەردوونیە .
لەئاستی ناوخۆدا ، چۆن هاوڵاتی هەست بە نامۆبوون
نەکات ، کە وەک پێویست نەتوانی ماڵ و منداڵت بەخێو بکەیت؟؟ چۆن هەست بە نامۆبوون نەکات
کە لەبەرچاوی ژن دەکوژرێت و بکوژ وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچێت یا ئیهانە و لێیدەدرێت
و ئەوپەڕی سووکایەتی پێدەکرێت ، بەپاساوی دابونەریت و کلتووری دواکەوتوو و نەزانی لە
کۆمەڵگەیەکی نێرسالاریدا؟؟؟
(نامۆبوون لە نیشتیمان)
ئەوکاتە ڕوودەدات: کاتێک پێچەوانەی ئەوەی پێشتر لەهەمان نیشتیماندا دەژیایت و لێڕاهاتبووی بژیت.
لەڕووی فەلسەفیەوە
، نامۆبوون زاراوەیەکە زیاتر لە فەلسەفەی هاوچەرخدا بەکارهات و لە فەلسەفەی تەقلیدیدا
زانراو نەبوو ، بۆیە هەندێک وایدەبینن کە نامۆبوون وەسفێکە بۆ دۆخی مرۆڤی هاوچەرخ و
ئێشوئازارەکانی کە پێشتر لەسەردەمانی پێشوو هاوشێوەی نەبووە ، بەکارهێنانی ئەم زاراوەیە
لەسەردەمانی «هیگل»ی فەیلەسوفەوە دەستیپێکرد و ، بەڵام زۆربەکارهێنان و بڵاوبوونەوەی
زاراوەکە لەسەردەستی فەیلەسوفی ئەڵمانی« فیورباخ »ی سەر بە قووتابخانەی چەپی هیگلی
دەستیپێکرد ، فیورباخ پێی وایە کە قورتاربوونی مرۆڤ لە نامۆبوونە ئاینیەکەی مانای کۆتایی
و ئازادبوونیەتی لەهەموو شێواز و جۆرەکانی نامۆبوونە ئینسانیەکانی دیکەیە ، پاشان
«مارکس»ی فەیلەسوف نامۆبوونی گەڕاندەوە بۆ سیستەمی سەرمایەداری و ،کە ئەو سیستەمە سەرمایاداریە
هیج شتێکی مرۆیی تێدانیە و وا لە کرێکار دەکات کە نامۆ بێت لە سیستەمی سەرمایەداری
و کرێکار دابڕاو دەبێت لە بەرهەمی ئەو کارە تایبەتیەی کە ئەنجامیدەدات ، دوای مارکس
دەستەواژەی نامۆبوون چووە بوارەکانی دیکە لەواند سۆسیۆلۆژیا و ڕەخنەی ئەدەبی و هونەر.
هەستی نامۆبوون
لەناو نیشتیمان تووندترین هەستی ئینسانی و زۆرترین ئازار دروست دەکات لە نامۆبوون لەدەرەوەی
نیشتیمان ، چونکە ئەمە جگە لەوەی کە لەبەرهەمی دۆخی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و
کلتووری دەورەدراو بە کەسەکە هاتۆتە کایەوە کە داڕمانێک لە مەنزومەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی
و تێکچوونی پارسەنگی دروستدەبیت و بەمەش بۆشایەک لەنێوان کەسەکە و خودی خۆی دروستدەبێت
،
کە دەبێتە مایەی
ئەوەی نزیکەکەی خۆت یا هاوڕێت یا نیشتیمانت بە غەریب ببینیت.
ڤایرۆسەکانی نامۆبوون
لەم ساڵانەی دواییدا بەشیوەیەکی بەرچاو لەزۆربووندایە کە هەڕەشە لە تەندروستی و دەروون
دەکات ، هەروەکچۆن ڤایرۆسی کۆڕۆنا لێکەوتەی خەراپی هەبوو ، بەهەمان شێوە ڤایرۆسی نامۆبوون
لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی و جیهانیدا لێکەوتەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی
دەبێ و ، دەبێت ووریا بین!!
نامۆبوون دراوێکی
دووڕووە ، ڕووێکی خەراپی زیانبەخش وەکو هەستکردن بە نامۆبوون لە نیشتیمان هەیە و ،
ڕووێکی دیکەشی هەیە ئیجابیە بەتایبەتی لە هەندێک کاری هونەریدا نوکتە دروستدەکات و
پێکەنین دەوروژێنێنت کە جۆرە دڵنەوایەک دەداتە دڵ و دەروون .
بەپێی هەندێک سەرچاوە
نامۆبوون بە زەرورەت نابێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر جەستە و دەروون ، بەڵکو لەوانەیە هەروەها
ببێتە سەرچاوەی خۆشی و بەختەوەری «بەدەستکاریەوە ئەمەم لە نوسەرێکی عەرەب وەرگرت» کە
گوزارشتە لەوەی کە نامۆبوون هەر تەنها ئێشوئازار نییە!
کابرایەکی ئەمەریکی
بە کەسێکی عەرەبی گووت: «ئێمە دەتوانین لەهەر گۆڕەپانێک بێت لە ئەمەریکا ڕاوەستین و
ڕەخنە لە بەڕێز بایدن بگرین ، بێ ئەوەی شتێک بەسەرەمن بێت» ، کابرای عەرەب وڵامی دایەوە:«ئێوە
هەر تاکە گەل نین کە ئەو ئازادیە و دیموکراسیەتان هەبێت ، لە وڵاتی ئێمەش هەر عەرەبێک
دەتوانێت لەهەر گۆڕەپانێکدا بوەستێت و ڕەخنە لە بایدن بگرێت بێ ئەوەی خەراپەیەکی بەرانبەر
بکەن»
نامۆبوونەکە ئیجابیە
چوونکە« نوکتە»ی دەروستکردووە کە پێکەنین دەوروژێنێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی