حجاب، تکتێکی هەرزانبەها بۆ بەهەشت

20/09/2022

ڤینۆس فایەق

ئەوەی کەمێک قووڵ بیری کردبێتەوە وزەڕڕەیەک لە قورئان شارەزایی هەبێت دەبێت بزانێت لە هیچ کونجێکی قورئاندا دەقێکی ئاشکرا نیە باسی لەچک وداپۆشینی سەری ژنانی کردبێت، هەموو ئەوەی هەیە ئیجتیهادی فوقەهایە، بەڵکوو هەرگیز بەشێک نیە لە شەریعەتی خودا، بەشێکە لە شەریعەتی فوقەهاکان کە بە ئارەزوو وبەرژەوەندیی خۆیان دەیهۆننەوە. پاشان بە کەمێک شارەزایی لە زمانی عەرەبی تێدەگەین کە وشەی (حجاب) هەرگیز مانای داپۆشینی سەر نایەت بەتایبەت سەری ژن، ئەوەی هەیە وشەی (جلباب)ە کە چ بۆ پیاو چ بۆ ژن بەمانای پۆشاکێک کە لە ملەوە جەستە دادەپۆشێت هەتا خوارەوە، نەک سەر. جگە لەوە خودا حجابی نەکردۆتە مەرج بۆ ئیمانداریی ژنان وتوندوتۆڵیی پەیوەندییان بە خوداوە، ئەگەر وابێ دەبێت بڵێین حجاب هەرگیز تکتێکی هەرزانبەها نیە بۆ بەهەشت وسەر رووتکردنیش مانای ئەوە نیە چارەنووسی ئەو ژنانە دۆزەخە، چونکە مەسەلەی ئیمانداری چەندین پایەی تری هەیە کە باوەڕ ناکەم هەموو ژنێکی لەچک بەسەر وباڵاپۆشێکیش توانیبێتی هەرهەمووی جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی بە قەولی خۆیان بەهەشت بۆ خۆی زامن بکەن. 
ئایەتی ٣١ لە سوورەتی نوور دەڵێ: " وقل للمؤمنات يغضضن من ابصارهن ويحفظن فروجهن .. ولا يبدين زينتهن الا ما ظهر منها .. وليضربن بخمارهن على جيوبهن .. ولا يبدين زينتهن الا لبعولتهن او..تاد" ) واتا: خودا فەرمان بە ژنانی ئیماندارەکان دەکات چاویان لە ئاست ئەو شتانەی بێئیمانیان دەکات داخەن و"یحفظن فروجهن" واتا درزی نێو لینگیان بپارێزن بەمانای دایپۆشن، ئینجا "ولیضربن بخمارهن علی جیوبهن" واتا سەرپۆشەکانیان بدەن بەسەر "جیوبهن" درزی سنگیاندا" ئیتر لەکوێدا باسی لەچک هاتوە بۆ داپۆشینی سەری ژن؟  جا لەهەمان سوورەتدا ئایەتی ٣٠ی ئاڕاستەی پیاوانی کردوە بەهەمان شێوە فەرمانیان پێدەکات: " قُل لِّلْمُؤْمِنِينَ يَغُضُّوا مِنْ أَبْصَارِهِمْ وَيَحْفَظُوا فُرُوجَهُمْ ۚ ذَٰلِكَ أَزْكَىٰ لَهُمْ ۗ إِنَّ اللَّهَ خَبِيرٌ بِمَا يَصْنَعُونَ" واتا سەیری شتێک نەکەن کە ئیشتیهای دەکەن، مەبەست ئەو شتانەی کە خودا نەهی لێکردوە، ئەو شتانەی سەیرکردنیان حەڵاڵ نیە، هەروەها (یحفظوا فروجهم) واتا لینگیان بهێننەوە یەک ودایپۆشن، هەڵبەت ئەو سەردەمە پیاوان زیاتر دزداشەیان لەبەرکردوە. 
مەسەلەی تێگەیشتن لە دەقەکانی قورئان لەناو فەقیهەکانیش وخەڵکی ئاساییشدا ئاستی جیاوازی هەیە، بۆ نمونە (حجاب) کە چەندینجار لە قورئاندا هاتوە لە هیچ جێگەیەکدا بە واتای (لەچکی سەر) نەهاتوە، بەڵکوو مەبەست لێی پۆشاکە، ولە زۆر شوێنی تردا مەبەست ومانای جیاوازی هەیە.  وەک بۆ نمونە:
وشەی حجاب لە دەقی ئایەتی ٤٦ی سوورەتی اعراف: "وَبَيْنَهُمَا حِجَابٌ وَعَلَى الْأَعْرَافِ رِجَالٌ يَعْرِفُونَ كُلًّا بِسِيمَاهُمْ وَنَادَوْا أَصْحَابَ الْجَنَّةِ أَن سَلَامٌ عَلَيْكُمْ لَمْ يَدْخُلُوهَا وَهُمْ يَطْمَعُونَ" بەواتای پەردە یان ئەو شتەی لەویتر جیات دەکاتەوە.
لە سوورەتی "فصلت ٥": "وَقَالُوا قُلُوبُنَا فِي أَكِنَّةٍ مِّمَّا تَدْعُونَا إِلَيْهِ وَفِي آذَانِنَا وَقْرٌ وَمِن بَيْنِنَا وَبَيْنِكَ حِجَابٌ فَاعْمَلْ إِنَّنَا عَامِلُونَ" بە واتای بەربەستی فکری وبیروباوەڕ دێت. 
لە ئایەتەکانی تر کە وشەی حجابی تیادا هاتوە، کە هەریەکە بە واتایەک دێت: وَإِذَا سَأَلْتُمُوهُنَّ مَتَاعًا فَاسْأَلُوهُنَّ مِن وَرَاءِ حِجَابٍ" (سورەتی ئەحزاب ٥٣)، واتا لە پشتی پەردە یان دیوارێکەوە شتێکیان لێ داوابکەن.
"فَقَالَ إِنِّي أَحْبَبْتُ حُبَّ الْخَيْرِ عَن ذِكْرِ رَبِّي حَتَّىٰ تَوَارَتْ بِالْحِجَابِ" (سورەتی ص ٣٢)، لێرەدا باس لە ئەسپ دەکات کە سولەیمانی پێغەمبەر حەزی پێی بوە، واتا لەپشتی ئاسۆوە دیارنەما. 
"فَاتَّخَذَتْ مِن دُونِهِمْ حِجَابًا فَأَرْسَلْنَا إِلَيْهَا رُوحَنَا فَتَمَثَّلَ لَهَا بَشَرًا سَوِيًّا" (سورەتی مريەم ١٧)، بەواتای ئەوە دێت مەریەمی پاکیزە کە لە سوورەتی مریەمدا هاتوە، لە خەڵک دوورکەوتەوە هەتا مەسیحی لێ دەبێت. 
جا ئەم حجابەی ئیستا هەیە لەگەڵ ئەوەی پێی دەڵێن وەخەبەرهاتنەوەی ئیسلام (الصحوة الاسلامیة) فەقیهەکان بەسەر ژندا سەپاندوویانە. دەنا ئەگەر سەیری وێنەی ژنانی سەدەی رابردوو بکەین هەر لە چلەکان، پەنجاکان وشەستەکانەوە هەتا دەگاتە سەرەتای نەوەدەکان کە ئیسلامی توندڕەو پەرەیسەند، لەچک هەرگیز پێوەری ئیمدانداریی ژنان نەبوە، ژنان لە ئیستا سفوورتر وئازادتریش بوون، ئیسلامیش هەر هەمان ئیسلام بوە. بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی رەوتی توندڕەوی ئیسلامیەکان تەنانەت سووکایەتیکردن بە ژنی سفوور ووەسفکردنیان بە سەر رووت، خۆ رووتکردنەوە، ووروژاندنی پیاوانی لەگەڵ خۆی هێنا، بەهانەیان دایە دەستی پیاوانی توندڕەوی ئیسلامی وتەنانەت ژنە توندرەوەکانیش سووکایەتی بە ژنی سفوور بکەن وپاکیزەیی خۆیان لە لەچکەکانیاندا ببیننەوە وگوناهباریی ژنانی تر لەسەر رووتیاندا ببینن. تەنانەت دیاردەی هەراسانکردنی ژنان وپەرەسەندنی لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەو رەوتە توندڕەوەی ئیسلامەوە کە ژنی پێچایەوە وپیاوی خزانیە ناو ماڵەوە وا لێکرد ژنێکی سفوور بە سەرچاوەی وروژاندن وچێژوەرگرتن ببینێت. ئەو بەربەستە گەورە دەروونیەی خستە نیوان ژن وپیاوەوە، بەجۆرێک کە هەر ژنێکی سفوور، گوناهێکی سفوورە بەسەر زەویدا دەڕوات.

لە دوای بڵاوبووبەوەی هەواڵی هەڵوێستی ژنانی رۆژهەڵات لەدوای گیان لەدەستدانی ژینۆ ئەمینی لەسەر دەستی پۆلیسی بەناو "ئەخلاق"ی دەسەڵاتی ئێران، راگەیاندنی هەڵوێستی سەدان ژنانی رۆژهەڵات بە بڕینی قژیان وسووتاندنی لەچکەکانیان کە کاردانەوەیەکی لۆژیکی رووداوێکی وەحشیانەی لەوجۆرەیە کە خانمێکی بێتاوان گیانی لەسەری بوە قوربانی، هاوکات لەگەڵ گردبوونەوەی ژنانی شاری سلێمانی وسووتاندنی لەچکەکانیان لەبەردەم باخی گشتیدا. سەرڕای زۆرێک لە هاودەنگی وهاوسۆزی بۆ تەواوی پرسەکە، بەڵام لێرە ولەوێ ژنانێکی لەچک بەسەر پۆست بلاودەکەنەوە کە گوایا فڕێدانی لەچک وسووتاندنی مانای رووتکردنەوەی ژنانە بۆ تێرکردنی حەزەکانی نێر. لێرەدا ناکرێ کەمێک لەم دوو هەڵوێستە وردنەبینەوە. 
من هەمیشە دژ بە سووکایەتیکردنم بەهەر دین وئایدیایەک بەتایبەت بەشێویەکی کرچ وکاڵ وبێبنەما وبێ قووڵبوونەوە، هەروەک دژ بە هەر هەڵوێستێکی ئاڕاستەکراو وگربوونەوەیەکم کە رەنگ ورێکخراوێکی حزبی لە پشتەوە بێت، بەڵام دواجار ئەوجۆرە هەڵوێست وگردبوونەوانە لایەنێکی پۆزەتیفیان تیادایە، ئەویش هەڵوێست نواندن لەهەموو بارێکدا باشترە لە بێدەنگبوون وبێباکی لە ئاست رووداوێکی نامرۆڤانەی لەوجۆرە.
دواجار مەسەلەکە زۆر لەوە قووڵتر وئاڵۆزتر وتەنانەت ترسناکتریشە کە تەنها قژبڕین ولەچک فڕێدانێک بێت، زۆر لەوە گەورەترە کە ئەوەندە ناشرینی بکەیت بەبیانووی هاندانی رووتکردنەوەی ژنان بێت. مەسەلەکە لە سادەترین وردبوونەوەدا مەسەلەی ئازادبوونی ئادەمیزادە، ئازادیەک کە شایستەی ئینسانیەتی ژنە، نەک دەرکەوتنی چڵێک قژی ببێتە مایەی لەدەستدانی ژیانی کچێکی گەنج کە هەموو تاوانەکەی چڵیک قژیەتی لەسووچێکی لەچکەکەیەوە دەردەکەوێت، مەسەلەکە کەرامەتی ئینسانیی ژنە، ئەو ژنەی کە هەموومان لە شاشەکانەوە بینیمان چۆن بە پاڵ وشەق وتێسرەواندن راپێچی ناو ئۆتۆمبیلی پۆلیسەکە دەکرێ وسووکایەتی بە براکەی دەکرێ، ئایا ئەو کچە ئەگەر تاڵە قژێکی دەرکەوتبێت شایستەی ئەو جۆرە مامەڵە وەحشیانەیە؟ ئەی داخوا دەبێت خەڵک لە ئاست ئەو دیمەنانەدا چاو داخات وزمانی قووت بدات؟ ئەوانەی کە قژیان بڕی ولەچکەکانیان سووتاند ئەگەر بەشێکی دژ بە سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بێت، بەشێکی زۆری دژ پێشێلکردنی بەهای ئینسانیی ژنانە. ئەی ئەگەر دیمەنەک پێچەوانە بکەینەوە، ژنێك کە دەخوازێت لەچک بکات، ئایا رەوایە بەزۆرەملێ پێی داگیرێت وبەزۆرە ملێ سەری رووت بکات؟ ئەی ئەو کاتە ئەو ژنانە ناڵێن ئازادی لەچک پۆشینمان پێشێل دەکرێ؟ ئەوانەی داکۆکی لەلەچکەکانیان دەکەن شتێکە تایبەت بەخۆیان هەرگیز هی ئەوە نیە بیخەیتە تەرازووی بەراوردەوە لەگەڵ ئەو وەحشیەتەی کە لەگەڵ ئەو کچە وهەزاران کچی تری ناو ئێراند ەکرێ. 
مەسەلەکە زۆر بەسادەیی ئەوەیە ئێمە نابێت وا ساویلکانە ورووکەشانە بێ بیرکردنەوە لەهەموو رەهەندەکانی بابەتەکە، حوکمێکی نابەجێ دەرکەین وبە لەچکەوە خۆمان لێ ببێتە مریەمی پاکیزە وسەر رووتەکانیش تووڕدەینە خانەی بێ ئەدەبی وبە خۆڕووتکردنەوە بۆ تێرکردنی چێژی پیاوان تۆمەتباریان بکەین. خۆ ئەگەر کێشەکە قژی ژنان بوایە دەبوو خودا ژنی بەبێ قژ دروستکردبا. 
لەهەموو ئەمانە گرنگتر ئەوەیە کە قسە لە بابەتێک دەکەین بە بەرپرسیارێتیەکی گەورەوە قسەی لەسەر بکەین، بچووککردنەوەی بابەتێکی لەمجۆرە لەیەک بۆچووندا کە ئەویش بەپاکیزە پیشاندانی ژنانی لەچک بەسەر وسوککورد وگوناهبارکردنی ژنانی سفوور وبێ لەچک شتێکی ئێجگار ساویلکانە ونابەرپرسانەیە، قسەی ئەو کەسانەیە کە هیچ حوجەیەکیان پێنیە لە وتووێژدا. با قسەکە لەسەر ماف وئازادیی ئادەمیزاد بێت بەدەر لەوەی ژنە یان پیاو، قسەکە لسەر دەسەڵاتێک بێت کە هەموو هێز وتوانایەکی خستۆتەگەڕ بۆ پێچانەوەی ژن وپێشێلکردنی ماف وئازادیەکانی لەرێی باڵاپۆشکردنیان وتاڵێک پرچی دەکاتە تۆمەت ومافی کوشتنی دەداتە دەستی پۆلیسێکی جاهیل ونەخوێندەوار بەناوی (پۆلیسی ئەخلاق)ەوە. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی