مەرگی ژینا ئەمینی لەدیوێکی ترەوە

21/09/2022

سۆزان حەمەتاتە

یەکێک لەکێشە گەورەکانی بەردەم ژیانی مرۆڤ لەکۆمەڵگەیەکی ئایینیدا ئەوەیە؛ ژیان یەک ڕەنگ‌و مانای دیاریکراوی هەیە، یاساو ڕێساکان چوارچێوەدارن‌و هیچ هەناسەیەکیان تیادا نادرێ، ئیتر مرۆڤ لەهەر چرکەیەکدا بەدوای دەرفەتی ئازادبون‌و خۆئازادکردندا دەگەڕێ، زۆرجار لەم ڕێگەیەدا توشی چارەنوسی مەرگ دەبێت، ئەوەی ژینا ئەمینی ئەو چارەنوسە بوو.
 
ئێران بەپەیڕەوکردنی سیاسەتی سەرکوتکردنی ئازادییەکان‌و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بەپێی پێوەرە مەزهەبییەکان، کۆمەڵگەی ئێرانیی توشی گۆشەگیریی کردوە، قەیرانی ئابوریی‌و بێکاریی زۆرو بڵاوبونەوەی مادەی هۆشبەر بەڕێژەیەکی زۆر بونەتە سیمای دیاری کۆمەڵگەی ئێرانی، لەدۆخی وادا بێگومان ڕێژەی تاوانیش زۆر دەبێت.

ژینا ئەمینی بەدونیایەک خەون‌و خولیاوە بۆ ژیانی دەڕوانی، دوو گرفت بەرۆکی ئەویان گرت، یەکەمیان دەیویست ژنێکی ئازادبێت‌و دوەمیشیان کوردێکی ئازابێت، بەپێی پێوەری سیاسی‌و حوکمداری لەئێران ئەو دوانەش لەقەدەغەکراوەکانن، بۆیە ژینا بەهۆی ئازادی‌و  ئازاییەوە مرد.

ژینا لەکڵاوڕۆژنەی ئازادییەوە بۆ ژیان‌و کۆمەڵگەو ژن‌و دەوروبەری دەڕوانی، کۆتوبەندی لەچک نەیتوانی لەخەونی ئازادبون دوری بخاتەوە، بەڵکو ئەو دەیویست ئازادی بۆ هەموان بێت "هەر مرۆڤە بەئازادی خەونەکانی بەرجەستە بکات، هەر ژنەو ئازادبێت چۆن ژیان بکات، لەچککردن‌و نەکردن ئازادانە بێت".

کاتێک مرۆڤ دەیەوێت ئازادبێت دنیایەک گرفت دێنە ڕێگەی، بەدەستهێنانی ئازادی ئیرادەو خۆڕاگریی دەوێت، کۆسپ‌و تەگەرەی زۆر دێنە بەردەمی، بەترس دەورە دەدرێ، بەڵام چونکە ئازادی بەهای گەورەو زۆری بۆ ژیانی مرۆڤ هەیە، کەسی ئازای ئازادیخواز ئامادەیە لەپێناویدا بمرێ.

کورتکردنەوەی مردنی ژینا تەنها لەبەرئەوە نییە لەچکی فڕێداوە، ئەگەر تەنها ئەوە بەهۆکار بزانین ئەوە مردنەکەی بچوک دەکەینەوە، بەڵکو مردنی ژینا لەپێناو ئازادیی بیرکردنەوەو ژیاندا بوو، ژیان بەگشتی، ئازادیی ڕۆح‌و جەستەو شێوازی ژیانکردن، بۆیە مردنی ژینا لەپێناو ژیاندا بوو نەک تەنها لێکردنەوەی لەچک، بەڵام لەچک لەوساتەدا ڕەمزە بۆ سەپاندن‌و کوشتنی ئازادی، بۆیە یەکەم هەنگاوی ژینا لێدانە لەو ڕەمزە، لەو عەقڵیەتەی ئازادی ڕەتدەکاتەوەو بڕوای بەسەپاندن هەیە کە تەمەنی کورتە دەپسێ، لەوساتەشدا ئازادی هەڵدێ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی