پارلەمانی عەزیز...!
تۆ چوار ساڵە لەنەبوونی یاسای بودجەدا نازانیت حکومەت چۆن سەرجێیی لەگەڵ داهاتو خەرجییماندا دەکات، چیتداوە لەسروشتی سەرجێگایی منو ژنەکەم!؟
بەخوا بەتاڵن...
ئێوە نەتانتوانیوە یاساک بۆ پاراستنی شکۆی تاکی کوردو دەستەبەری ژیانێکی شایستە بۆ خێزان دەربکەن، بۆ پۆلیس پەلکێشی سەرجێگاکانمان دەکەن!؟، ئەوروپاش وایکرد پۆلیسی خستە ناو وردودرشتی خێزانەوە، شیرازەی کۆمەڵایەتییان تێکچوو.
بەخوا نەزانن!....
پارلەمانی ماوە بۆ درێژکراوە...!
بەراوردی سەلامەتیو تۆکمەیی خێزانی خۆمانتان لەگەڵ خێزانە هەڵوەشاوەو بێ ئینتماکانی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا کردووە!؟ ئێوە کە کڵاوەی ئەژنۆتان ژان دەکات بۆ خەریکی پێچانەوەی سەرتانن!؟.
بەخوا بەخوا کەستان، بەوانەشتانەوە کە ڕەشنووسەکەتان نووسیوەتەوە بڕواتان بەوجۆرە لەیاسا نییە، ناشزانن بەچ ڕێکارو ئالییەتێک یاسایەکی ئاوا ئاڵۆز بۆ خێزان جێبەجێدەکرێت، ئەوسەری ڕێگاکەتان لێ دیارنییە.
ڕوسیای 70ساڵ پاش کۆمۆنیستی تازە هانی پێکهێنانی خێزانی گەورە دەدات، ئاڵمان پشتگیری کڵێسا دەکات بۆ هاندان لەپێناو دروستکردنی خێزان، بەلژیکا لەخەمی زۆری ژمارەی کچو قەیرەکانیو کەمی ژمارەی خێزاندایە، لەئامریکا کاتۆلیکەکان نەبن کۆمەڵگەکەیان دەبوە پێشەنگی کۆمەڵگا پەرتبووەکان لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە، لەفەرەنسا لەهەر کاتژمێرێکدا 3 حاڵەتی سێکسی زۆرەملێ ڕوودەدات، سوید یەکەم وڵاتی ئەوروپاو چوارەم وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان لەزۆری ژمارەی دەستدرێژی سێکسی، ئاخر ئێوە بۆ ئەزموونێکی شکستخواردوی ئەوروپا دەسەپێنن بەسەرماندا لەکاتێکدا خۆیان خەریکی هەموارکردنەوەین!؟
توندوتیژییو گیچەڵی سێکسیو ئاشتەوایی خێزان لەو کۆمەڵگایانەدا کەمیکردووە؟ یان بەپێچەوانە لەهەڵکشاندایە!؟.
پەرلەمان گیان...!
ئێوە بیرتان کردۆتەوە نیوەی فەرمانگەکانی حکومەت لەخانووی کرێی خەڵکدانو خوێندگاکان بێ کتێبو زۆپاو سوتەمەنیو کارەبان، ئەگەر ئێوە ئەم هەموو ژنو گەنجانەی خێزان هانبدەن لەخێزان بێنە دەرەوە لەکوێ پەنایان دەدەن!؟ بیرتانچووە خێرخواکان نەبن ماڵی بێسەرپەرشتارو نەوجەوانانو خەڵوەتگەی پیری لەکوردستان ئەبوونە مردووخانە!؟
گوڵەکانم ...!
ئێوە جارێ بچنو بتوانن چاودێری حکومەتو یەکە کارگێڕییەکانی بکەن، یەکەی خێزانیمان جارێ سەلامەتە، ئەگەرچی بێ کەموکورتیش نییە، پیاوی کورد شکۆی هەیە بەدادگاو پۆلیس شکۆی پیاوی کورد لەناو خێزاندا مەشکێنن، من خۆم ئەزموونم هەیە، کێشەی خێزانی زۆرێکمان نەچوبایە دادگا، خێزانەکانمان هەڵنەدەوەشایەوە.!!!.
تێبینی: ناونیشانی کاریکاتێرەکەم دەستکاریکردوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی