قەرز ئاوا نادرێتەوە؛ ڕۆژهەڵاتەکەی پێشەوا ئێمەی دەوێ!

23/09/2022

هەردی مەهدی


لەوە دڵنیام ڕۆژی ئازادیی یەکجارەکی کوردستان هەر لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدێت، بەڵام ئەوەی ئێستا نیگەرانی کردووم تا ڕادەی مردنێکی هێواش و دیق و تەریقبوونەوە، بێوەفایی و بێهەڵوێستی و بێباکیی زۆرینەی خەڵک و میدیا و حزبەکانی هەرێمە بەرامبەر ڕۆژهەڵات.
بێدەنگ و بێباک بەرامبەر چ ڕۆژهەڵاتێک؟! 
ڕۆژهەڵاتی شێخی #نەهری، کە یەکەم مۆمی بزوتنەوەی ڕزگارییخوازیی نیشتمانیی کوردستانی لە ورمێ-وە داگیرساند!
ڕۆژهەڵاتی #سمکۆ کە بە کەمتر لەسەربەخۆیی کورد و شکۆی ئینسانی کورد ڕازی نەدەبوو!
ڕۆژهەڵاتی #سەیفولقوضات و  #تورجانییزادە و #فەوزی و #هەژار و #زەبیحیی گۆڕغەریب!
ڕۆژهەڵاتی پێشەوا قازی و کۆمارە ناوازەکەی!
ڕۆژهەڵاتی #قاسملو و #شەرەفکەندی و کاک فوئاد و #موفتیزادە و #ڕەبیعی؟
ئەوەی لە باشوور هەمانە بە بێ پشتیوانی و خاک و حزبەکانی ئەوێ نەمان بوو.
پارتیەک کە ئیلهامەکەی لە حیزبەکەی قازییەوە وەرگرت بۆ وا بێدەنگ؟
یەکێتییەک کە  ڕۆژانێک لە گەرمەی بێپەناییدا هێزی پشتیوانی بۆ ڕۆژهەڵات نارد، ئێستا لە کوێیە!
ئیسلامییەکان بۆ خاک و خەڵک و خانەخوێی ڕۆژهەڵاتییەکان نەبێ و ئەدەبیاتی موفتیزادە و سوبحانیی و ڕەبیعی شەهیدی لێدەرکەیت چی دەمینێتەوە بۆتان؟
دەی ئێستا ئەو ڕۆژهەڵاتە پڕشکۆیە، پێویستی بە هاوار و هەناسەی ئێوە و میدیاکانتانە، وەک چۆن ئەوان بۆ باشوور هەم نان و هەم هەناسە و هەم پەنا بوون.
ئەگەر حزبەکان وەفا و ئەخلاقتان لە «سیاسەتی سەرکەوتووتان» جیاکردووەتەوە و بەداخەوە هێندەی میدیایەکی عەرەبیی کەنداوتان پێناکرێت!
 دەی گەلی باشوور ئێوە چی؟ لانیکەم ناسۆرییەکانی کۆڕەو و باوەشی گەرمی ئەوانتان بیرچوویەوە؟ هێمی موکریانیتان بیرچوویەوە؟ چەند زوو! ئەوێک چوار ڕۆحی هەبوو  بۆ هەر چوار پارچەکە و دەیووت:
کوردەواری، ئەی وڵاتە جوانەکەم!
ڕۆڵەکەم! خێزانەکەم! باوانەکەم!
ئەی ئەوانەی قەت لەبیرم ناچنەوە
ئێستە بمبینن ئەرێ دەمناسنەوە؟
دەی ئێستا نەک #هێمن، ڕۆژهەڵاتەکەی هێمن بیرچووەتەوە بێکەسە و لە پۆستێکەوە بیگرە تا هاودڵی و کەمپەینی پشتگیریی و کۆمەکی ئێمەی دەوێ و  هاوار دەکات:
 شیوەنی من شیوەنی ئینسانییە
بانگی ئازادی و گڕووی یەکسانییە
شیوەنی من شینی کوردی بێ بەشە
ئەو گەلەی حاشا دەکەن لێی و هەشە
#ژینا_ئەمینی #مهسا_امینی #زارامحەمەدی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی