پەیوەندی حیزب‌و دەوڵەت

24/09/2022

زانا تۆفیق بەگ

ڕۆڵی حیزب لەناو دەوڵەتدا، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە پڕۆسەی سیاسیان تێدا ناجێگیرە، بریتیە لەپەیوەندیەکی نا تەندروستی ئاڵۆز، واتا دواجار دەوڵەت دەبێتە پاشکۆی حیزبەکان نەک حیزب ببێتە پاشکۆی دەوڵەت، هەندێجار هەیکەلی دەوڵەت بچوک دەکرێتەوە بۆ  بەشێک لەدەزگا حیزبیەکان‌و دامەزراوە هەواڵگریەکان.

نابێت حیزب وەکو ئۆرگانیەکی سەرەکی ناو دەوڵەت سەنتەرو پلاتفۆڕی ڕێکخراوەیی جیاوازی هەبێت بۆ دروستکردنی حوکمکردن، چونکە دەسەڵاتی بەڕێوەبردن لەکۆمەڵێ ڕەگەزی جیاوازی ئیداری هەمەچەشن پێکهاتووە. نەک تەنها لەکەناڵێکی دیارکراو چونیەک، هەرلەم تڕوانینەوە مەرجی سەرەکی لەدەوڵەتی سەرکەوتودا ئەوەیە کە کۆمەڵگه‌ چاودێریی دەسەڵات بکات نەک تەنها حیزبیەکی سیاسی یان گروپێکی دیاریکراو. نمونە ئەو دەوڵەتانەی کە حیزبی سیاسی کۆمەڵی دامودەزگای هەمەچەشنی هاوشێوەی دەزگاکانی دەوڵەتیان هەیە لەناو خود حیزبەکە، هەمیشە تێڕوانیان بۆ دەوڵەت وەکو دەزگایەکی پاشکوی حیزب وێنە دەکەن.

واتا حیزب دەبێتە سەرچاوە دارایی‌و دیاریکردنی شوناسی مەعنەوی دەوڵەته‌کە کە ئەمجۆرە لەناو زانستی سیاسیدا پێدەوترێ دەوڵەتی شکستخواردوو.

بێگومان پەیوەندی نێوان حیزبی سیاسی لەگەڵ دەوڵەتدا هەمیشە لەجوڵەو تێکەڵبوونێکی بەهێزەدایە چ لەڕووی ناوه‌ڕۆک‌و ڕووکەشەوە، بەڵام ئەم دوو ڕەگەزە دوو بونەوەر لەیەک جیاوازن، دەوڵەت بریتیە لەکۆمەڵێ دامودەزگاو پره‌نیسپی جیاواز کە ئامانجی پێشکەشکردنی چاکەی گشتی‌و خزمەتگوزاریە لەفەزای مەدەنی‌و جڤاتدا، بەڵام حیزبی سیاسی هەڵگری کۆمەڵێ ئایدیاو ڕوانگەی تایبەتیە بۆ شەریحەیەکی دیاریکراو وەرگرتنی دسەڵاتی سیاسیە لەڕێگای دەزگاکانی دەوڵەتەوە دروستکردنی شەرعیەتێکی قانوونی لەڕێگای دەزگای تەشریعی‌و تەنفیزیەکانی بۆ بەهێزکردنی پایەکانی دەسەڵاتی خۆی لەناو دەوڵەتدا واتە دیدگاکانیان لەڕووی ستراتیژەوە جیاوازە.

لەم پەیوەندیە ئاڵۆزەی نێوان حیزب‌و دەوڵەتدا ئەوەمان بۆ ڕوندەبێتەوە دەزگاکانی دەوڵەت لەحیزبی سیاسی گەورەترن واتا کاتێک کە حیزب دەسەڵات وەردەگرت لەناو دەزگاکانی دەوڵەتدا دەتوانی بەشێک لەشێوازی بەڕێوەبردنی وەزارەتەکان کارنامەی حکومەتە کە جێبەجێبکات لەناو دەزگاکان، بەڵام ناتوانێ ستراکتۆری هەموو دەزگاکانى دەوڵەت بگۆڕێ.

واتا لەم هاوکێشەیەدا دەزگاکانی دەوڵەت تا ئەندازەیەک جێگیرن، ئەوەی ناجێگیرە ڕێژەی دەسەڵاتی حیزبە لەناو دەزگاکاندا بەپێى ڕێژەی دەنگەکانیان. واتا پەیوەندیی نێوان حیزب‌و دەوڵەت لەباشترین حاڵەتدا ناجێگیرە، بەتایبەتی هەر حیزبێک چوە شوێنی دەوڵەت یان لەدەرەوەی دەزگاکانی دەوڵەتدا کۆمەڵێ دەزگای تایبەتی‌و نهێنی دروستکرد بۆ بەهێزکردنی دەسەڵات‌و حوکمکردن ئەوا ئەو دەوڵەت لەئەنجامدا تووشی قەیرانی هەڵوەشاندنەوە دەبێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی