عەقڵی قانونیی کورد
کام قانون گرنگەو کامیان لاوەکیە؟

25/09/2022

هاوڕێ تۆفیق

عەقڵی قانونی لەرووی میتۆدی زانستیەوە بەشێکە لە فەلسەفەی قانون.ئاشکرایە کە هەموو گەلێک فۆرمی بیرکردنەوی قانونیی خۆی هەیە، هەر وەکو بواری هونەری شانۆ، چۆن شانۆی روسیی و ئینگلیزیی و هتد هەن ،بەهەمان شێوەش عەقڵی قانونی گەلان هەن، راستە کورد نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت بوەو داودەزگای نیشتمانی نەبوە هەتاوەکو جێ پەنچەی خۆی لەسەر بوارە جیاوازەکان بنەخشێنێ. بەڵام زیاتر لە بیست ساڵە دەیان زانکۆ و کۆلیژی قانونی هەیەو لە ئێستادا بەدەیان هەزار هەڵگری بروانامەی قانون هەن. بەڵام چونکە کتێبەکانی زانکۆ بەشی زۆریان نوسەرە لوبنانیی و میسیریەکانن هەربۆیە عەقڵی قانونی کوردیی لەو فەلەکە تەسکەدا دەخولێتەوەو خەریکی کۆپیکردنە! سەیرتر لەمەش زۆرینەی نامەی ماستەرو دکتۆرا هەر بە زمانی عەرەبی دەنوسرێن! کتێبخانەی قانونیی کوردی بەهەژاری ماوەتەوە ،بێگومان فکری قانونی بەبێ کتێبخانەی قانونی دروست نابێ. ئاشکراشە کە فەلسەفەی قانون تێرامانی قوڵی قانونزانە بۆ بوارەکان، بیرکردەوەی فەلسەفیە بە فۆرمە قانونیەیەکەی .

لەناو سیستەمی پەرلەمانیدا  ماکینەی قانونیی دامەزراوەی پەرلەمانە  و بە دەنگی ئەندامانی پەرلەمان قانون دەردەچێت. لە کوردستان نەریتێک دروستبوە کە باسی هەر پرۆژە قانونێک دەکرێت کە پەیوەندییان بە کلتورو ژینگەو ئازادی تاکەکەسیەوە هەبێ ، یەکسەر دەنگێکی راسترەو بەرز دەبێتەوەو هاواردەکاو دەڵێ؛ ئێستا کەی کاتی ئەم قانونەیە! راستە پێوستە لە سیاسەتی یاسادانان ریزبەندی بۆ دەرکردنی قانون هەبێت بەڵام ناکرێ بڵێین مادام قانونی بودجە نیە ،کەواتە بۆچی باسی باخچەی ساوایان بکەین! لێرەدا پرسی فەلسەفەی قانون دێتە پێشەوە، بودجە رەهەندی ئابوریی و دارایی هەیە، بەڵام قانونی توندوتیژی خێزانی رەهەندی کلتوریی و مافی مرۆڤی هەیە. کەواتە مافی مرۆڤ کە پەیوەستە بە کەرامەتی ئینسانەوە گرنگترە ؟یان قانونی بودجە کە پەیوەندی بە گیرفانەوە هەیە؟ کەواتە مادام کێشەی دارایی چارەسەر نەکراون 
 پێویسە واز لە  مەسەلە کلتوریی و ژینگەییەکان  بهێنین ! ئەم لۆژیکە دیدێکی کۆنەپارێزە  کە لە چەمکی گەشەپێدان و بیناسازی کلتوریی تێنەگەیشتوە. پەرلەمان نابێ دابراوبیت لە کۆمەڵگا پردی پەرلەمان و گەل دەنگ هەڵبرین نیە! بەلکو دەرکردنی ئەو قانونایە کە پەیوەندییان بە ورەکاری ژیانەوە هەیە . قانونی باخچەی ساوایان و خوێندنی سەرەتایی لە قانونی نەوت و گاز گرنگترە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی