ئێران لەنێوان خۆپیشاندانەکان‌و وڵاتانی دژدا

26/09/2022

سەرکەوتی جیهازو بەختیار نامیق

ئەگەر واقعی خۆپیشاندانەکانی ئێران وەک خۆی بخوێنینەوە، نەک ئەوەی خۆمان دەمانەوێ، ئەوا دەبێت پاڵنەرو سەپاندنەکان شی بکەینەوە، بەدەر لەمە خۆپیشاندانەکان ئەگەرچی داواکارییەکان‌و دروشمەکانیان داواکردنە بۆ ئازادی‌و چاکسازیی لەدەستورو مافەکاندا، بەڵام مەرگی ژینا دەبێتە وەرچەخانێکی باش بۆ خەباتی ژنان بۆ ئازادییەکانیان بەتایبەت یەکهەڵوێستی‌و یەکانگیریی نەتەوەکانی ئێران‌و ئەو پشتیوانیە ناوچەیی‌و جیهانیە بۆ ئەو خۆپیشاندانەو بەتایبەت کە کورد دەبێتە سەرمەشقی یەکێتی ناوەکی ڕای نەتەوەکانی ئێران، پاڵپشتی کەسە ناودارەکان‌و بەتایبەت دارویش کە کاریگەری گەورەی هەبوو لەسەر خۆپیشاندانەکان.
 
هەموو گۆڕانکارییەکان لەحکومی دەستەڵاتەکاندا کە کراوە هۆیەک یان سیناریۆیەکی دەرەکی لەپشت بوە، واتا ڕوخاندنی حکومەتەکان لەبەرژەوه‌ندیی هاوبەشی وڵاتە زلهێزەکانەوە هاتوە، ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر سەکۆی ئێرانی دەبینرێ وەک خۆپیشاندان کەڵەکەبوی دنیایەک گوشارەو لەژینا ئەمینیدا دەتەقێتەوە، ئەم تەقینەوەیە کە گەیشتوەتە خۆپیشاندان‌و جۆرێک لەیەکانگیریی نەتەوەکانی ئێرانی لەسەر خاڵی ئازادی هاوبەش کۆکردوەتەوە، دەتوانین هۆکاری گەورەبونی خۆپیشاندانەکان لەچەند خاڵێکدا کۆبکەینەوەو پاشان ئەو هۆکارانەی وادەکەن کە دەرئەنجامی خۆپیشاندانەکان یەکسان نابێت بەخەونی گۆڕینی ڕژێم یان ڕوخاندنی ئاخوندەکان‌و ڕژێمی فەقێکان:

هۆکاری خۆپیشاندان‌و گەورەبونی بۆ شارەکانی تر:
1- برسێتی‌و گرانی کاڵا، بەهۆی گەمارۆی ئابوری.
2- نەبونی ئازادییە تاکە کەسیەکان.
3- نەبونی ئازادی ژنان.
4- نەبونی ئۆپۆزسیوێنێک کە بتوانێ ڕابەرایەتی کۆی ناڕەزایەتی‌و ماف‌و نەهامەتیەکانی گەلانی ئێران بکات.
5- فەشەلهێنانی پڕۆژەکانی بەرەی ڕیفۆرمخوازان.
6- فەشەلهێنانی دەرئەنجامی کۆی خۆپیشاندانەکانی پێشوو بەتایبەت شۆڕشی سەوز.
7- فەشەلهێنانی ئۆپۆزسیۆنەکانی دەرەوەی ئێران، هەر لەمجاهیدینەوە بۆ تودەو کۆمەڵەو دیموکرات.
8- بێهیوابون لەهەوڵەکانی وڵاتانی دژە ئێران بۆ کۆتاییهێنان بەحوکمی ئاخوند.

ئەو هۆکارانەی وادەکەن کە خۆپیشاندان نەگاتە ڕوخاندنی حکومەت‌و دەستەڵاتی ئاخوندییەکان:
1- دوو هێز گرنگە ببنە بەشێک لەخۆپیشاندەران (هێزە چەکدارەکان‌و هێزە ئەمنییەکان) تائێستا جگە لەچەند هێزێکی لاوەکی هێزە گەورەکانی وەک سوپای پاسداران‌و ئیتڵاعات بێدەنگن.
2- هێزە دژە ئێرانیەکانی وەک ناتۆو ئەمریکا جگە لەکۆمەڵێک پشتوانی سارد هیچ هەڵوێستێکی سیاسی‌و سەربازییان نییە.
3- بایکۆتکردنی دەوامی حکومی یەکێکە لەهۆکارەکانی سەرکەوتنی خۆپیشاندان‌و ئیفلیجکردنی حکومەت بەتایبەت وەزارەتەکانی (ناوخۆ، دارایی، پەروەردە، تەندروستی) ئەمانە تائێستا هیچ بایکۆتێکیان نەکردوە.
4- هێزە ئۆپۆزسیوێنەکانی دەرەوەی ئێران تائێستا خۆیان نەکردوە بەبەشێک لەخۆپیشاندانەکان جگە لەپشتوانیەکی سارد.
5ـ نەبونی ڕێبەرو ڕابەرێکی جدی بۆ خۆپیشاندانەکان.

سەرەڕای هەموو ئەمانەش لەئاستی نزمتر لەڕوخانی کۆی سیستەمی ئایدۆلۆژیای دینی بۆ ئازادی ژنان توانیویەتی گوشار دروستبکات بۆ ئازادییەکان. کێشەی ئازادی ژنان لەنێوان ئایدۆلۆژیاکاندا (ئایینی‌و سەرمایەداری) جگە لەبەرهەمهێنانی قوربانی‌و کۆیلەبونی ژنان هیچ بەرهەمێکی تری نەبوە، بۆیە کاتێک داوای ئازادی ژنان دەکرێ‌و ژینا خوێنی دەبێتە شۆڕشێک، گرنگە خزاندن نەبێ لەئەیدۆلۆژیای دینیەوە بۆ سەرمایەداری.

خوێنی ژینا دەبێتە سەرەتایەکی باش بۆ ئازادی ژنان، بەرخودانێکی زۆرباشە بۆ یەکدەنگی نەتەوەکانی ئێران بۆ داخوازیەکانی تر.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی