سەرنجێکی کورت لەبارەی خۆپێشاندانەکانی ئێران

28/09/2022

جەعفەر عەلی

خۆپێشاندانەکانی ئێران، بۆردومانەکانی بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان، پێماندەڵێت؛ قەیرانی دەسەڵاتی تیۆکراسی لە ئێران، قەیرانێکی قوڵ و وجودییە، لە هەر گۆشەیەکییەوە لێی ڕادەکات، لە گۆشەیەکی دیکەی وڵاتەکەیدا سەرهەڵدەداتەوە. 
   وەک چۆن قەیرانی وجودی ئێران، پەیوەندی بە سەندنەوەی ژیان لە (ژینا ئەمینی)یەوە نییە، هۆکاری خۆپێشاندانەکانیش لە مەرگی ئەو کچە گەنجەدا کورتناکرێنەوە.                 
   تاران ئەمڕۆ، یان سبەی دەبێ مل بۆ ئەو ڕاستییە سیاسی و کۆمەڵایەتییە بدات؛ چیتر دەسەڵاتی تیۆکراسی لەم وڵاتەدا و بەم فۆرمەی ئێستایەوە، قبوڵکراو نییە، سەردەمی تەقدیسکردنی مورشید و گروپی پیاوانی ئایینی کۆتاییهاتووە، ئەو گروپانەی لە دیدی خۆپێشاندەرانەوە بوون بە سیمبولی گەندەڵی و فراوانکردنی ڕووبەرەکانی هەژاری و برسێتی، ئەوانەی بوون بە ستەمکاری گەورە و مۆدێلێک لە سانسۆری کوشندە، سانسۆرێک لەبەری پێی مرۆڤەکانەوە تا تەوقی سەریان دەستدەخاتە ناو ژیانی تایبەتیان و، جوگرافیای مەیل و ئارەزووی ئینسانی و ماف و ئازادییان بەگوێرەی ئایدیۆلۆژیا و دونیابینی عەبا لەبەرو عەمامە بەسەرەکانی تاران قەدەغە و سنوردار دەکات.
گومانێک لەوەدا نییە، ئەم زنجیرە خۆپێشاندانانەی ماوەی نزیک بە ١٥ ساڵ دەبێت، هەر چەند ساڵ جارێک شەقامەکانی ئێران دەگرێتەوە، ئەگەر هێزی گۆڕینی ڕادیکاڵانە و هەڵگێڕانەوەی دەسەڵاتی مورشیدی باڵا و کۆی سیستەمی پیاوانی ئایینی تارانیشی نەبێت، ئەوا لە کۆتاییدا هێزی ئەوەی دەبێت، ئەم سیمبولانەی دین و دەسەڵات، ناچار بە زنجیرەیەک تەنازولات بکات، کە ماوەی زیاد لە چل ساڵ دەبێت، ئامادەییان تێدا نییە بیکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی