ھەڵوێست لەنێوان ماف و ئەرکدا

30/09/2022

كامەران محەمەد

ھەندێکجار، ماف سەردەکێشێت بۆ ئەرک، بەتایبەت ئەگەر پراکتیزەکردنی ئەو مافە، گۆڕانکاری جەوھەری لە بابەتێک دروست بکات، بۆ نمونە پشتگیری ئەو خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، دەشێت وەکو مافێک بۆ ھەر تاکێک لە ئێمە سەیر بکرێت، یانی مافی ئەوەمان ھەیە بەشدار بین یان نا، پشتگیری بکەین یان نا، بەڵام ئەو مافە لە شوێنێکی دکە دەبێتە ئەرکێکی نەتەوەیی، ویژدانی و ئەخلاقی،  بەتایبەت کە دەبینن ڕژێمی ئیسلامیی ئێران، بە ئاگر و ئاسن وەڵامی داواکارییەکانی خەڵک دەداتەوە و دەست لە بۆردومانی قوتابخانەی منداڵانیش ناپارێزێت! لەو کاتە تۆ وەکو مرۆڤێکی کورد، بەرپرسیارەتی ناڕەزایەتی و دەنگھەڵبڕینت  دەکەوێتە سەرشان، لێرەدا مافەکەت دبێتە ئەرکێکی ئەخلاقی و ویژدانی و نەتەوەیی! ئێدی لەم سیانە،  لە کامیان خۆت دۆزیەوە، دەتوانی ئەمە بکەیتە پنتی ئەرکەکەت ! 
بۆیە بە ھەرشێوەیەک کە دەتوانن، بە ئەعەفولئیمنەکەش بێت دەتوانن بەشداری لەو ناڕەزایەتیانە بکەن،  کە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەدەچێت، بەدەست خۆمان نییە، مافی بەرەنگاریمان گۆڕاوە بۆ ئەرکی بەرەنگاری.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی