لەچەند ڕۆژی ڕابردودا لەگەرمیان بڕیاری چوارساڵ زیندانیکردن بۆ دوو مێردمنداڵ دەرکرا، بەبیانوی ئەوەی لەخۆپیشاندانەکانی ڕابردودا زیانیان بەموڵکی گشتی گەیاندوە، ئەم بڕیارە نیگەرانی بەشێکی زۆری لەڕۆژنامەنوسانو چالاکوانانی مەدەنی سنورەکەی بەدوای خۆیداهێنا.
دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان بۆ ئەوەنەبون هانی خەڵک بدرێت تاوەکو لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا هێرشبکەنەسەر شوێنەگشتییەکان، بەڵکو پەیامێک بوو بۆ دەسەڵاتی کوردی کە ناکرێت هەڵه بەهەڵە چارەسەربکرێت، نەک بەتەنها ئەوە، بەڵکو هەستکردن بوو بەمەترسییەکی گەورە ئەویش هەنگاونانی دەسەڵات بوو بەئاڕاستەی بەرتەسککردنەوەی زیاتری ئازادی ڕادەربڕینو سنوردارکردنی ناڕەزایەتییەکان لەداهاتودا، هەستکردن بوو بەو مەترسیانەی کە چاوەڕێدەکرێت لەداهاتودا دەسەڵات چۆنی بوێت بەوجۆرە مامەڵە لەگەڵ دەنگە ناڕازییەکانو ئەوانەدا بکات کە لەپێناو بەدەستهێنانی مافاکانیاندا ناچاردەبن بڕژێنەسەر شەقام.
ئەم هەنگاوەی دەسەڵات نەک چارەسەری گرفتەکان ناکات، بەڵکو بەپێچەوانەوە هێندەی دیکە خەڵکو دەسەڵات لەیەکدی دوردەخاتەوە، چونکە ناکرێت شەقام لەسادەترین ماف کە ئاوو کارەباو موچەو خزمەتگوزارەگشتییەکانە بێبەشبکرێتو ڕێگەشی پێنەدرێت دەنگ هەڵببڕێت.
ئەم هەنگاوەی حکومەتو بەتایبەت هێزە کوردییەکان هەنگاوێکی پڕمەترسییەو دەکرێت هەڵوێستەی جدی لەسەر ئەم پرسەبکرێتو نابێت دەزگاکانی ڕاگەیاندنو بەتایبەت ئەوانەی کە لەبەرەی شەقامدان وەک هەواڵێکی سادەیی ڕۆژ مامەڵە لەگەڵ پرسی دادگاییکردنی ئەو دوو مێرد منداڵەدابکەن، چونکە ئەمە ئاماژەییەکی پڕ مەترسییە کە دڵنیاین لەداهاتودا ئەم هێزانە کەئێستا دەستیان خستۆتە کاروباری دادگاو سەرجەم دامودەزگاکانی دیکەی حکومەتەوە ئەم هەنگاوە دەکەن بەنەریتێکو لەداهاتودا سزای زیاتر بەسەر هەرکەسوگروپو لایەنێکدا دەدەن کە بیانەوێ لەسەر مافی گشتی بەدەنگبێنو دژی بەرژەوەندییەکانیان بوەستنەوە.
بەداخەوە ئەم هەنگاوەی دەسەڵات هەنگاوێکی هەڵەو پێچەوانەبوو، چونکە دەکرا لەبری سزادانی ئەو دوو مێردمنداڵە هەنگاوە دروستەکەی هەڵبهێنایە ئەویش هەنگاونان بوو بەئاراستەی کەمکردنەوەی ئەو بۆشاییە فراوانەی کە لەنێوان خەڵکو دەسەڵاتدا دروستبوە، دەکرا لەبری زیندانیکردنو سزادانی گەنجان دەسەڵاتی کوردی گوێی لەداواکارییەکانی خۆپیشاندەران بگرتایە دەکرا هەنگاوە دروستەکەی هەڵهێنابایە کە هەنگاوێک بوو بەئاراستی دروستکردنو زیندوکردنەوەی متمانەی خەڵک بەدەسەڵات نەک دیسانەوە دابڕانو قوڵبونەوەی بێمتمانەی خەڵک بەسەروەربونی دادگاو هەستکرن بێت بەبێباکی دەسەڵات بەرامبەر بەداوا ڕەواکانی خەڵکی.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی