زۆرینەی یار گرنگ نییە، نەیار گرنگە!

17/11/2022

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

لەدوای دواین هەڵبژاردنەکانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نۆهەمەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان تەنتەنەی ئەوە لێدەدات گوایە ئەوان زۆرینەن لە هەرێم و پێویستە هەمووان گوێی بۆ بگرن و لەدوایەوە ڕێ بکەن، لەبەغداش ئیدی نەخشەی تەوافوقیش تێکدەشکێنن. بەڵام لە بەغدا دەرکەوت ئەوان توانییان تەوافوق تێک بشکێنن یان نا !. هەرچیش پەیوەستە بە هەرێمی کوردستانەوە، واقیعی سیاسی و ئیداری و جوگرافی، پێماندەڵێت زۆرینە مانایەکی بەتاڵە. ئەگەر پارتی ئەو واقیعە دوو ئیدارییە لەبەرچاو نەگرێت کە هەیە، ئەوا زۆرینەکەی پارتی هێندەی یەک کورسی سوودی بۆ زۆنی سەوز نابێت. شاگەشکەیی بە زۆرینەی موزەییەف و خۆشخەیاڵیی حزبی قائید و قوات، بۆ هەرێمی کوردستان، سیاسی و زانستیی نییە. خەونبینین بە کۆنترۆڵکردنی باشووری کوردستانەوە بۆ دیکتاتۆر و داگیرکارەکانی کوردستان نەبووە ڕاستی، ئیدی بۆ هیج کەسێک نابێتە ڕاستی و سەوڵلێدانە دژی واقیع و مێژوو. بریا شاگەشکەیی پارتی بۆ ئەوە بوایە کە بیانتوانییایە زۆرینەیەکی کورد لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان لەیەک بەرەدا کۆبکردایەتە و دژیان نەبوونایە و هەولێریان لەلا غەریب نەکردنایە، کەچی بەزۆرینەی دوو شاری هەولێرو دهۆک، خەریکە باڵی فڕین بۆ خۆیان پەیدا دەکەن. شتێکی زۆر گرنگ نییە پارتی لەهەولێر زۆرینەیە یان نا، گرنگ ئەوەیە بپرسین بۆچی پارتی لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نیشتمانیی تاقانەیە و پەیوەندی لەگەڵ حزبە کوردستانییەکانی دیکەدا نییە؟! زۆرینەی یار بۆ پارتی، زۆرینەیەکە هیچ ئومێدی دڵخۆشبوون و بەردەوامی نییە و بە تەزویراتی پارتی هاتۆتەبوون، بەڵام زۆرینە گرنگەکە ئەو زۆرینەیەیە کە پارتی نەیارە لەگەڵیدا، زۆرینەیەکە بەویستی پارتی و دەوڵەتی ئیقلیمیی هاتۆتەبوون و دەبێت وابێت. زۆرینەی یار بۆ دەسەڵات گرنگ نییە، بەڵکو زۆرینەی نەیار گرنگە، هەموو ئەو دەسەڵاتانەی لەناوچەکەدا ڕووخێنران و لەناوچوون، لەناوخۆی وڵاتدا زۆرینەیەکی ڕەها دەنگیان پێدەدا و لەگەڵیدا بوون و بەهەموو دوعایەکی دەیانوت "ئامین"، بەڵام چونکە زمان و بیر و بوونی خۆیانیان لێسەنرابووەوە، لەکاتی پێویستیدا فریای دەسەڵات نەکەوتن و بەڵکو دژیشی وەستانەوە، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە زۆرینەی نەیار گرنگە ئەگەر دەسەڵات بیەوێت گوێ لەڕەخنەیان بگرێت و ئیشی پێ بکات. ئەم وێنەیەی سەرەوە بۆ کورد و زۆرینەی یار و نەیارەکەی پارتی هاوشێوەیە، گرنگ نییە زۆرینەکەی پارتی بۆ چەندین ساڵیتر لە دوو شاری کوردستاندا هوتاف بکێشن و لەسەر ئەم خەونە بژین، گرنگ ئەو زۆرینەیە پارتی نەیارە لەگەڵیاندا و ئەوان لەسەر حەقن. پارتی دابڕاوە لەم زۆرینە نەتەوەییە، ئەمەش بەخۆشی خۆی نییە و بەسیاسەتی ئیقلیمیی ناچارکراوە دژیان بووەستێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی