ئەوەی ئێمە تێیداین

22/11/2022

کەمال محەمەد

 ئەم خاکەی ئێمە گەنجینەیەکی ھێندە گەورەیە کە کەسانێک ھەن پشکیان لێ وەرگرتوە ،بەدرێژایی مێژووی ئەم خاکەو گەلەکەی زۆر بوون ئەوانەی بە واتای ئەرێنی بە چێژی ھەنگوینی پاڵێوراو پێشکەشی ئەم نیشتمانەیان کرد و خوازیار بوون بەو رێگایەدا برۆن کە خاک و ئاییندەی گەلەکەیان ئەیان ویست ،لێرەوە بەشداریکردن لە بەجەستەبون و بەمجۆرە لە پێشەنگایەتیکردنی خەباتیان ھەڵبژارد ،ئەو کاتە ئەوان پێناسەیان بۆ نیشتمان وەھا بوو خوازیاربوون لە ئاستی باڵادا ئیرادەیەک دەستنیشان بکەن کەبەناوی کوردان ئەم خاکە پارچەکراوەدا بجوڵێتەوەو دیپلۆماسی و سیاسەت ئەنجام بدات و کوردستانێکی یەکگرتوو دیموکرات ئاوەدان بکەنەوەو ڕۆڵی کۆمەڵگابونی خۆیان بۆ جیھان بخەنە روو،ھەمو ئەمانەو زۆر شتی تریش ئەو نرخە سەرەکییانەن کە گەلێک لێک کۆ دەکاتەوە و حقوقەکان دەست نیشان دەکات ، بیرکردنەوەو کارپێکردنی تەندروست و سەردەمیانە دەتوانێ رێگا لەبەردەم ئەنجامی زۆر گەورە بکاتەوە ،یۆتۆپیا ھەر ئەمە بوو کە ئەوەندە جۆش و خرۆشی بە ھەموان دابو کە باس ناکرێت ،بەڵام ئێستا و دوای نزیکە سی ساڵ زیاتر لە خۆبەرێوەبەری دەسەڵاتی کوردی جارو بار وشەو دەستەواژەکانی ئەوێ رۆژێ بۆ ئازادی ئەخەینە ژێر لێرسینەوە و بە خۆمان ئەڵێین پێچەوانەبوترین وشەیەک کە لە زھن و خەباتدا جێگیر کرابو وشەی شۆرش بو لەبۆ ئازادی کە بەواتا بنەرەتییەکەی بە واتای گۆڕانکاری دێت لە چۆنێتی ،بەڵام بیرکردنەوە لە ئەوەی ئێمە تێیداین فیکرێکی سامناکتر نییە کە ئەوەی ئەویسترا بونیاد بنرێت لە ئارادا نییە یاخود پرە لە کەمو کوری یاخود ئەوەی ئێمە تێیداین لەئاست ھەوڵ و تەقەلای ئەوانەدا نییە کە روبارێک لە خوێنیان بۆ رشتوە ،ئێستا ئێمە لە قۆناغێکداین کە پێویستمان بە تاکێکی ھزرمەند یاخود تاکی ئازادە چون ھەر ئەمەشە خانەی بنچینەیی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکرات وبەردەوام کراوەبونی بۆ گۆڕان و وەرچەرخان ،ئەوەی ئێمە تێیداین بیکردنەوەو تێڕامانە لە مرۆڤی ئەوساو پێش راپەرین کەئامانجی سەرەکیان خوڵقاندنی بەھاو دەرفەتێک بوو بۆ دابینکردنی ژیان و ئازادییان ،ئەوەی ئێمەو نەوەی دوای راپەرین تێداین بە بێ دەنگی بەرگری کردنە لە دوبارە بونەوەی ئەو ژیانەی کە سیستەم بۆی دیاری کردوین ،ئێمە پێویستە شۆک بین و بپرسین توشی چ سیاسەتێک کراین و چ سیاسەتێک فەرز کراوە بەسەرماندا . ئەوەی ئێستا ئەبینرێت لەم ھەرێمە پاراستنی ئەو سیستەم و ستاتۆیە کەدەسەڵاتێکی حیزبی دور لە سەردەمیانە لەنێو کۆمەڵگادا جێبەجێ کردوە ،ئەم شوێنگەیە ئەو شوێنەیە کە خاڵی سروشتی ئۆپتیماڵ ھاوسەنگی نێوان کۆمەڵگابون و تاکێتی تاک ئامانجی سرەکی نییەو مافەکانی ھەموان وەکو یەک جێگای خۆی لەسیستەم و بەرنامەدا نەگرتوە ،بۆیە ئەوەی ئێمە تێیداین سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی خۆمانەو ھەست کردنە بە کەموکورتییەکان کەدوچاری داماڵینی کردوین ،دەسەڵاتیش ھیچ گوێ بەوە نادات کەئەم نەتەوەیە چەندین رەنجی مێژووی داوەو ئێش و ئازار بینرا و لەچەندین ئاستی سامناکدا گەل برسیکراو پەروەردەی شێوێنرا کەچی ھێشتا ئێمە لەنێو دیوارە بێ رۆحەکانی زیندانداین بەڵام ئەم جارە لەسایەی دەسەڵاتێکی کوردی خۆماڵییەوە،کاتێکیش نارەزایەتی چین و توێژەکان دێتە ئاراوە دەسەڵات بەچەندین شێوە بەھانە ئەدۆزنەوە کەبۆچی سیستەم پێشنەکەوتوەو ئەرکی خۆیان وەک دەسەڵاتێکی جێبەجێکار و خزمەتکاری میراتی شۆرشگێران جێبەجێ ناکەن ،ئێمە بۆ ئەوەی تێکۆشان بگەیەنینە سەرکەوتن پێویستە گەوھەری ئەرکەکانی فیکری و کرداری خۆمان جێبەجێ بکەین و بیسەلمێنن ئەوەی ئێمە تێیداین ھۆشیاریمانە و ئیتر ھەرە زێدە بەرامبەری وریاو ھەستیار ئەبین .


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی