دوای سی ساڵ، بۆ وای لێھات

14/09/2023

شێركۆ كرمانج


تاکە یەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی لەم دنیایە کە بۆ زیاتر لە سی ساڵ یەک سەربازی بێگانە بێڕەزامەندی خۆی لەسەر خاکەکەی نەبێت کەچی نەیتوانی بێت ھێزە حیزبی و میلیشیاکانی ڕێک بخاتەوە و بەدامەزراوەییان بکات، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی کوردستانە، لە ھەرێم.

تاکە یەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی لەم دنیایە کە بۆ زیاتر لە حەوت ساڵ ڕۆژانە، بێگەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی داگیرکەر، نزیکەی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەناردەی دەرەوەی وڵات کرد بێت و خاوەنی فلسێک نەبێت بۆ ڕۆژی تەنگانە، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی کوردستانە، لە ھەرێم.

تاکە یەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی لەم دنیایە کە ژمارەی دانیشتوانەکەی لە شەش ملیۆن تێپەڕنەکات و زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار چەکداری ھەبێت و نەتوانێت بەرگریی لە خۆی بکات، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی کوردستانە، لە ھەرێم.

تاکە یەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی لەم دنیایە کە پێش ڕزگاربوونی نیشتیمانەکەی بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵ خاوەنی حکومەت و پەرلەمان و دادگا و دامەزراوە ئەمنییەکانی خۆی بێت و نەیتوانی بێت دەزگاکان بەدامەزراوەیی بکات، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی کوردستانە، لە ھەرێم.

تاکە یەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی لەم دنیایە کە بۆ ماوەی سی ساڵ بێگەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی دەوڵەتە داگیرکەرەکەی مومارەسەی سیاسەتی بەرگری و دەرەوەی خۆی کردبێت و نەیتوانی بێت دوو پشتیوانی دەرەکی بۆ بزووتنەوەکەی مسۆگەر بکات، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی کوردستانە، لە ھەرێم.
تاکە یەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی کە بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵ بێسانسۆر میدیایەکی زەبەلاحی لەبەردەستدا بوو بێت و نەیتوانی بێت گوتارێکی نیشتیمانی دروست بکات،  بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی کوردستانە، لە ھەرێم.

تاکە یەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی لەم دنیایە کە بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵ بەرنامەکانی خوێندن و پەروەردەی لەبەردەستدا بوو بێت و خۆی داڕێژەر و بەڕێوەبەری خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی و زانکۆ بوو بێت و نەیتوانی بێت مرۆڤێکی باوەڕبەخۆ و خۆڕاگر و کورددۆست و نیشتیمانپەروەر و خاوەن شوناس و دڵسۆزیی بۆ خاک و نەتەوەکەی دروست بکات، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی کوردستانە، لە ھەرێم.

تاکە یەک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی لەم دنیایە کە ئەو ھەموو دەسەڵات و توانا و سەرچاوانەی لەبەردەستدا بوو بێت و دەوڵەتێکی سەربەخۆ، یان لانیکەم، کیانێکی سیاسی خۆبەڕێوەبەری، بنیات نەنابێت، ئەوە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی کوردستانە، لە ھەرێم.
ھۆکاری ئەم شکستە زۆرە، ھەندێکیان ناوەکیی و ھەندێکیان دەرەکیی، بەڵام ئەگەر لە من بپرسن کە گرنگترین ھۆکار لە پشت ئەو شکستە چییە. ئەوە بە دڵنیاییەوە دەڵێم نەبوونی سەرکردایەتییەکی حەکیم و ڕەشیدە. سەرکردایەتییەک کە خەمی گشتیی، خەمی نەتەوە و نیشتیمان، لە پێش حیزب و بنەماڵە و گیرفان دابنێت. سەرکردایەتییەک کە لە ڕێگەی دامەزراوەکان و بە کەڵکوەرگرتن لە ڕاوێژ و ھەڵسەنگاندن بڕیار بدات نەک عەقڵی خێڵ و ڕق و توڕەیی و تۆڵە ئاراستەی بکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە