جەماوەر ئەو
واژەیەی چەندین مانای پێکدژ لەخۆدەگرێت، لە دوای سەدەی بیستەوە، یەکێک لە
ئەفسووناویترین واژەکانی نێو گوتاری بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان، کایەی سیاسیی و
گوتاری دەسەڵاتداران بووە ، سەرباری ئەوەی
یەکێک لەو چەمکانەیە کە لە نێوەندی فیکریی و زانستی سیاسییدا هەروەها لە
کۆمەڵناسیی و دەروونناسییدا توێژینەوەی زۆری لەبارەوە کراوە لە گۆشەنیگای
جیاوازەوە.
لۆبۆن و جەماوەر
گۆستاڤ لۆبۆن،
بیرمەندێکی فرەزانستی فەڕەنسییە، چەندین کتێبی هەیە لەبارەی دەروونناسیی
کۆمەڵیی وعەقڵیی دەستەجەمعیی، لە نموونەی "سایکۆلۆژیای
سۆسیالیزم"، "ئاپۆڕا؛ لێکۆڵینەوە لە عەقڵی جەماوەریی"، "سایکۆلۆژیای
شۆڕش" و لە هەموویان کاریگەرتر و بەنێوبانگتر "سایکۆلۆژیای
جەماوەر" ە کە لەساڵی ١٨٩٥ بڵاوکرایەوە. تا ئەو کاتە دەروونناسیی لێکۆڵینەوە
بوو لەسەر لایەنی عەقڵیی، لایەنی دەروونیی، لایەنی سۆزیی، هەستەکان و بیرکردنەوەی مرۆڤ
وەکو تاکە کەس. هەروەها دیوە کۆمەڵایەتییەکەی مرۆڤ لە پەیوەند بە گروپە
جیاوازەکانەوە و بە کۆمەڵگاوە بە گشتیی و کاریگەریی بوونە کۆمەڵایەتییەکەی مرۆڤ
لەسەر مرۆڤ خۆی وەکو تاکە کەس واتا دەروونناسیی کۆمەڵایەتیی "علم النفس
الاجتماعی". لۆبۆن بۆ یەکەم جار توێژینەوەی لەسەر سایکۆلۆژیای جەماوەر کرد. (١٩٩١-
سایکولوجیة الجماهیر-
غوستاف لو بون - ترجمة و تقدیم
هاشم صالح، المقدمة)
بەگوێرەی
لۆبۆن، کاتێک تاکەکەس لەنێو جەماوەردا کەسێتیی و تایبەتمەندییەکانی وەکو مرۆڤێکی
سەربەخۆ و خاوەن بڕیار لەدەستدەدات و دەبێتە بەشێکی تواوە لەنێو پێکهاتەیەکی
گەورەدا کە جەماوەرە، لۆژیک و بیرکردنەوەی تاکەکەسیی خۆی لەدەستدەدات و لۆژیک و
بیرکردنەوەی کۆمەڵیی زاڵدەبێت بەسەریدا. مرۆڤ وەکو تاکەکەس بوونێکی تەواو جیاوازی
هەیە بەروارد بە هەمان مرۆڤ کاتێک لەنێو ئاپۆڕایەکدایە. ئاپۆڕا دەشێت گردبوونەوەی
خەڵک بێت لە دەوری یەکتری لە کاتی شۆڕش و ڕاپەڕینەکاندا، کۆبوونەوەی خەڵک لە
چوارچێوەی ئایین، تۆپەڵبوونی خەڵک لە چوارچێوەی حزبە سیاسییەکان و سوپا
چەکدارییەکان. تاکەکەس لەنێو ئەم ئاپۆڕایانەدا، کاراکتەری ڕاستەقینەی تاکیی خۆی
لەدەستدەدات و کاراکتەرێکی دیکە وەردەگرێت کە کاراکتەری ئاپۆڕاییە. لەنێو ئاپۆڕادا
ئەوەی پاشەکشە دەکات لۆژیک و عەقڵە و ئەوەی زاڵدەبێت سۆز و هەستە. کاتێک لە
سەرەتاوە ووتمان جەماوەر مانای پێکدژ لە خۆدەگرێت، لێرەدا ڕووندەبێتەوە کە چۆن سۆز
و هەستی دەستەجەمعیی زاڵدەبێت بەسەر تاکەکەسدا و ئەم هەست و سۆزە ڕووکەشییە دەبێتە
ئەکت و دەیجوڵێنیت، لە هەمان کاتدا بە دیوە پێچەوانەکەیدا، لاوازبوون و
پاشەکشەکردنی هەەست و سۆزی تاکەکەسییە و ویژدانی ڕاستەقینەی مرۆڤ دەبێت بە ژێرەوە.
واتا لە ڕوانگەی هەست و سۆز و ویژدانیی ڕاستەقینەی تایبەتیی تاکەکەسییەوە مرۆڤ
دەبێتە بوونەوەرێکی داماڵراو لە هەست، سۆز و ویژدان.
فرۆید و جەماوەری
دروستکراو
سوپا و ئایین
سیگمۆند
فرۆید، دامەزرێنەری دەروونشیکاریی، لە پەڕتوکی "سایکۆلۆژیای گروپ و
شیکردنەوەی ئیگۆ" دا کە لە ساڵی ١٩٢١ بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکات لیبیدۆ
کە ئارووز یان حەزی مرۆڤە بۆ پێکەوەبوون و پێکەوەمانەوە لەگەڵ ڕەگەزەکەیتر لە دۆخی
تاکەکەسییانەی مرۆڤدا بەڵام لە دۆخی کۆمەڵییانەی مرۆڤدا یان بە واتایەکیدی لەو
دۆخەدا کە تاکەکەس تایبەتمەندیی و کەسێتیی تاکەکەسیی خۆی لەدەستدەدات لەنێو
کەسێتیی دەستەجەمعیی گروپدا دەتوێتەوە، لیبیدۆ لە خواستی پێکەوەمانەوە و
پێکەوەبوون لەگەڵ ڕەگەزەکەیتر دەگۆڕێت بۆ خواستی پێکەوەبوون و پێکەوەمانەوە لەگەڵ
گروپدا و بۆ ئەمەش ئیحاء، ئەو پێشنیار و پێشکەشکردنانەی کە لە ئاپۆڕاوە دێت بۆ
تاکەکەس، تاکەکەس بە ڕەزامەندییەکی زۆرەوە وەریاندەگرێت و دەیکاتە بەرگی داپۆشەری
تایبەتمەندیی و کەسێتیی تاکەکەسیی خۆی. خواستی مانەوەی تاکەکەس لەچوارچێوەی کۆمەڵ
"گرروپ" دا وادەکات سەرباری لیبیدۆ "حەزی پێکەوەبوون لەگەڵ
کۆمەڵدا" و ئیحاء "پێشنیار و پێشکەشکردنەکانی ئاپۆڕا بۆ تاکەکەس یان
ڕاستتر فۆڕم و کڵێشە ڕەفتاریی، سۆزیی و هەستییە سەپێنراوەکانی گروپ بەسەر
تاکەکەسدا" پڕۆسەیەکیدی، بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی توانەوەی تاکەکەس لە نێو کۆمەڵدا،
بێتە پێشەوە کە پڕۆسەی تەماهییکردن یان چوونیەکییکردن"التماهی" ە. لەم
پڕۆسەیەدا فراوانبوون و هەڵئاوسانی هەست و سۆز لەلایەک و بچووکبوونەوە و چوونەوەیەک
"انکماش" ی لۆژیک و عەقڵ ڕوودەدات لە کەسێتیی تاکەکەسدا. تەماهییکردنی
تاکەکەس لەگەڵ گروپ، واتا کاراکتەری تاکەکەس بەتەواوی ئاوێتە دەبێت بە کاراکتەریی
کۆمەڵیی، هەست و سۆز، لۆژیک و عەقڵی دەستەجەمعیی دەبنە هەست، سۆز، لۆژیک و عەقڵی
تاکەکەسیی و بەتەواوی ئاوێتە و ئاوێزان دەبن. مرۆڤ لە وەها دۆخێکدا، چیتر نییە جگە
لە ژمارەیەک یان بوونێکی بەتاڵکراوە لە خودێتیی، کەسێتتی و تایبەتمەندییە
کەسییەکانی تاکەکەس و تەنها قاڵبێکە یان لاشەیەکە "body" بە تەنیشت قاڵب و لاشەکانی دیکەوە کە
هەمووان پێکڕا تۆپەڵدەبن و کۆمەڵ "گروپ" یان ئاپۆڕا پێکدەهێنن. (٢٠٠٦-
علم نفس الجماهیر- سیغموند فروید - ترجمة و تقدیم جورج طرابیشي)
هەروەها لە
بەشێکی تایبەتدا بە ناونیشانی "دوو جەماوەری دروستکراو، سوپا و کەنیسە"
فرۆید باسی چەندین جۆری جەماوەر لێکجیادەکاتەوە و پۆلینیان دەکات لە ڕووی فۆڕم و
چۆنێتیی پێکهاتنەوە کە لە زۆربەی کاتدا جیاواز و پێچەوانەی یەکترین. جەماوەری
کاتیی و هەمیشەیی. جەماوەری چوونیەک "متجانس" کە تاکەکانی نێوی هاوشێوەن
و جەماوەری ناچوونیەک "غیر متجانس"،جەماوەرێک کە پێشڕەوی هەیە و
جەماوەرێکی بێ پێشڕەو، جەماوەری سەرەتایی و جەماوەری تایبەتمەند دواتریش
جیاکارییەکی گرنگ دەخاتە ڕوو کە جەماوەری سروشتیی و جەماوەری دەستکردە. هەردوو ئەو
جەماوەرەی کە لە سوپا و لە ئاییندا لە جۆری دەستکردن و بەرزترین ئاستی دیسپلین و
مۆبەڵایزیان تێدایە. بۆ نموونە لە سوپادا هەمووان هەمان فەرمان بەبێ گفتوگۆ
جێبەجێدەکەن و هەمان شێوەی جلوبەرگ و هەمان جوڵە و هەمان دەرکەوتن و هەمان تەکنیک
و هەمان ئامانج. لە مۆبەڵایزی ئایینیدا هەمووان هەمان جۆرە تێگەیشتن و باوەڕیان
تێدا جیگیردەکرێت و هەمان ڕەفتارگەل، هەمان کۆمەڵە دەستەواژە و ڕستە لەلای هەموو
تاکەکانی نێو ئەو جەماوەرە ئایننیە و تەنانەت لە زۆر دۆخدا هەمان شێوازی جلوبەرگ و
ڕوخساریش، دەبینرێت.
مرۆڤی ئاپۆڕایی، بوونێکی
بێکاراکتەر
لاشەیەک، بەتاڵ لە
خودێتیی
حەسەن حەنەفی لە پەڕتوکی "توێژینەوە
فەلسەفییەکان" دا باسی مرۆڤی جەماوەریی دەکات لە ڕوانگەی مارتین هایدیگەرەوە و
دەڵێت: مرۆڤی جەماوەریی، تاکێکە لە نێو جەماوەر و مرۆڤێکی عامییە کە بە خێرایی
پێکدێت و بەردەوام خۆی دووبارە دەکاتەوە و لە ئەوانیتر دەچێت، یادەوەریی نییە و
ئارەزوویەکی قووڵ، جدی و مانداری نییە، هەموو ڕژێمێکی سیاسی قبوڵ دەکات و بە ئەو
شێوەیە خۆی بار دێنێت کە داوای لێدەکرێت. زۆرترین ماف و کەمترین ئەرکی هەیە،
خاڵییە لە مێژوو، ملکەچە بۆ هەر ڕژێمێکی سیاسیی. لە ناوەوەیەکی بەتاڵ و لە نەبوونی
خودێتییدا "الذاتیە
– Subjectivity"
دەژی. مرۆڤی جەماوەریی دەکرێت لە هەر توێژێکی کۆمەڵایەتیی بێت. داخراوە بەسەر
خۆیدا و پەیوەندییەکی قووڵ و ڕاستەقینەی بە ئەوانیترەوە نییە. دیالۆگ نازانێت و
توانای ئاشنابوون و هەڵبژاردنی نییە لە نێوان بژاردە جیاوازەکان. دژایەتی ئازادیی
و ئاڕاستە ئازادیخوازییەکان دەکات و ئارەزوو دەکات لە بوارە ساختە و
ڕواڵەتگەرییەکاندا بمێنێتەوە، ئازادییش گەڕانەوەیە بۆ بنچینەیەکی ڕاستەقینە.
ئینسانی نێو قەرەباڵغییەکانە. ئازادیی و ئازادیخوازیی جەخت لەسەر تاکگەرایی و
تەنیایی ئینسان دەکاتەوە و مرۆڤی جەماوەرییش، نقومبووی نێو قەرەباڵغییە. ئەم جۆرە
ئینسانە، نە فەردییەتی هەیە و نە بوونێکی مرۆیی سەربەخۆ. ئەو یەکێکە لە نێو گشتێک
کە سەرکردە "سیاسیی، سەربازیی یان ئایینیی" ئاراستەی دەکات بەو شێوەیەی
دەیەوێت. ئاماژەی پێدەکرێت بۆ چەپڵەلێدان، ئاماژەی پێدەکرێت بۆ وەستان لە
چەپڵەلێدان، کۆدەکرێنەوە بۆ پێشوازییلێکردن. (٢٠٢٠ - دراسات فلسفیة "الجزء
الثاني" – حسن حنفي)
جەماوەر و مرۆڤی ئاپۆڕایی لە دۆخی کوردییدا
دۆخی هەنووکەیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا
جەماوەرخوازییەکی فراوانە لەسەر هەموو ئاستەکان، بە تایبەتی لەسەر ئاستە سیاسیی و ئایینییەکەی. جەماوەرخوازیی، بە واتای
ئەوەی کە لە ئاستی سیاسییدا دەبێت ئەندامان و لایەنگرانی حزب ببنە تاکی بێکاراکتەر
و خاڵیی لە خودێتیی تاکاکەسییانەی خۆیان و لە بەرامبەردا ببنە لاشەیەک و قاڵبێک
لەنێو جەماوەری سیاسیی حزبدا.
کۆمەڵگای ئێمە بەشێکی گەورەی لە دەرەوەی
ڕووبەری سیاسییە. ئەو بەشەی کە دەمێنێتەوە دابەشبووە بەسەر حزبەکاندا. هەر حزبێک
لە ئەندامان و لایەنگرانی خۆی جەماوەڕێکی هاوشێوەی دروستکردووە و تاکەکانی لە
بوونی مرۆیی سەربەخۆی خۆیان داماڵیوە و مۆبەڵایزی کردوون بە گوتاری سیاسیی و
مێدیایی خۆی هەڵبەت کە لە ئاستێکی زۆر نزمدا. لەبەرئەوەش کە دەکرێت لە یەککاتدا
تاک لە نێو دوو ئاپۆڕادا ئەندام بێت بۆیە بەشێکی زۆر لە ئەندامانی جەماوەری
حزبەکان، لە ئاپۆڕایەکیتریشد ئەندامن کە ئاپۆڕای ئایینی بەسیاسییکراوە
"ئیسلامی سیاسیی". واتا لە نائاگایی خۆیاندا، تاکەکان بوونەتە ئەندامی
ناڕاستەوخۆی جەماوەری ئاینیی کە مەبەست لە جەماوەری ئیسلامیزەکراوە
"ئیخوانیزم و سەلەفیزم".
ئەو بێکاراکتەرکردن و بەتاڵکردنەوەی ئینسانی کورد لە خودێتیی و بە
ئاپۆڕاییکردنی مرۆڤی کورد لەلایەن حزبی کوردیی و ئیسلامی سیاسییەوە، لە هەموو
وێستگە و ڕووداوە وورد و درشتەکانی کۆمەڵگای ئێمە لە واقعی ژیانی ڕۆژانە و لە
فەزای مەجازی ژیانی دیجیتاڵیی و لەنێو پانتایی سۆشیاڵمیدیا، خۆی بەرجەستە دەکات.
ئەو ڕۆحە ئەسیمیلیزەکراو و لە تاکێتیی و تایبەتمەندییخراوە لە هەر هەڵویستێکدا بەردەوام
خۆی نمایشدەکات.
سەرچاوەکان:
غوستاف لو بون، سایکولوجیة الجماهیر، دار الساقي، الطبعة الاولی ١٩٩١، ترجمة و تقدیم هاشم صالح، المقدمة ص ٥-٩
سیغموند فروید، علم نفس الجماهیر، ترجمة و تقدیم جورج طرابیشي، دار الطلیعة – بیروت، الطبعة الاولی ٢٠٠٦، ص٥١، ٥٢، ٥٩-٦١
حسن حنفي، دراسات فلسفیة "الجزء الثاني؛ في الفلسفة الغربیة المعاصرة "، الطبعة الثانیة ٢٠٢٠ مؤسسة الهنداوي للنشر "صدرت الطبعة الاولی للکتاب عام ١٩٨٧" ص٢٢٣
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی