شێرەکەی ئیخوان رێوی دەرچوو

13/11/2023

ئارام رەفعەت


فیرقەی ئیخوانی بەتەما بوون شێرەکەیان گوێی سیسی بگرێت و تەخت وتاراجی تێکبشکێنێت وە مورسیش لە گۆڕەکەی راستکاتەوە و بیگەڕێنێتەوە کۆشکی کۆماری.

خوا هەڵناگرێت، ئیخوانەکان ناهەقییان نەبوو... ئاخر شێرەکە کەمی هاوار نەکرد سیسی قاتیل و کوردەتاچییە... کەمی هەڕەشە نەکرد رۆژێک دەبێت سیسی بە سزای خۆی بگات...
شوکرانە، ئەو رۆژە هات و لە کۆبوونەوەی  سەعودییەی سەرانی کۆمکاری عەرەبی و وڵاتانی ئیسلامی، شێرکەی ئیخوان رووبەڕووی سیسی بووەوە.

بەڵام چۆن رووبەڕوو بوونەوەیەک.... تا دڵ حەزی کرد شێرەکە باوەشێکی گەرمی بە سیسیدا کرد.

یەکێک لە سیفەتە هەرە جوانەکانی تورکەکان خیانەت و خەنجەر لەپشت دانە. لەوەش جوانتر ئەوەیە، کێ زۆرترین متمانەیان پێ بکات زۆرترین خیانەتی لێ دەکەن...
 شێرەکەی ئیخوان لە خیانەت و خەنجەر لەپشت دان یەکەمی بێ رکابەرە.

ئەو خیانەتی لە چەتە و تیرۆریستەکانی سوریا کرد... تا ئەو چەتە وتیرۆریستانە کلکی خۆیان نەدابووە دەست شێرەکەی ئیخوان، نزیک بە دوو لەسەر سێی سوریایان بەدەستەوە بوو.. .شێرەکەی ئیخوان هات و شار دوای شاری پێ تەسلیمی ئەسەد کردنەوە، هەر لە حەما و حەمسەوە بیگرە تا دەرعا و حەڵەب.

ئەی کێ هەیە هێندەی شێرەکەی ئیخوان بۆ حەماس و غەززە و فەلەستین دڵسۆز بێت....؟
شێرەکە لە یەکەم رۆژی تۆفانەکەوە دەسەسڕێکی بەدەستەوە گرت گۆڤەندی سڕینەوەی کیانی جووی دەگێڕا.... کە تۆفانیش بوو بە ئۆفان، دەسەسڕەکەی خستە سەر چاوی پڕ لە فرمێسکی بۆ ژن و منداڵانی غەززە ....
ئەها گریان لە شێرەکەی ئیخوان چەند جوانە...؟
بەڵام بوەستن... ئەو خیانەتی لێ جوانترە....
تەماشای دەستەکەی تری شێرەکە بکەن... ئەها  مامەڵە و ئاڵوێری ملیاران دۆلاری لەگەڵ ئیسڕائیل چەند گەرمە...؟ ئەها شێرەکە ناهێڵێت ئیسڕائیل بێ وزە بێت و تا ئەم لەحزەیەش نزیک بە نیوەی وزەی ئیسڕائیل دابین دەکات...؟
ئاخر شێرەکەی چۆن دەهێڵێت ئیسڕائیل بێ نەوت بێت...؟ مەگەر نازانن وەستاندنی نەوت واتە کۆتایی جەنگ و کۆتایی جەگیش کۆتایی کوژرانی منداڵانی غەززە...

 ئێوەش خوا بناسن، ئەگەر منداڵانی غەززە نەکوژرێن،  شێرەکەتان فرمێسک بۆ کێ بڕێژێت...؟
ئەها خیانەت چەند لە تورکەکان جوانە، چۆن لە نەوت و فرمێسک کۆکتێلێک درووست دەکەن هەزاران کوردە بۆرەی پێ سەرسام وحەیران دەبن...؟

جا با بگەڕێینەوە لای شێرەکە و سیسی.
قەسەم بەچاوی هەرچی کوردە بۆرە هەیە، شێرەکەی ئیخوان هەر بە باوەشکردن بەسیسیدا نەوەستا.

ئەو وەها کەوتە مەدح و سەنا بۆ سیسی،  لەوەتەی سیسی هەیە، هیچ سەرۆک و بنەرۆکێک ئاوا بەشان و باڵی ئەویاندا هەڵنەداوە.
چاوتان روون کوردەبۆرە ئیخوانییەکانی باشوور...
 دەزانم دڵتان زۆرگەرمە.. شوکر شێرەکەتان ئاوێکی ساردی کرد بەهەناوتاندا...
شێرەکەتان لەبەردەم سیسیدا رێوییەکی ریوەڵە دەرچوو.

جا با ئەو مزگێنییەشتان بدەمێ، لەم زووانەدا شێرەکەتان لەبەردەم ئەسەدیش دەبێتەوە سەعلەبەکەی جاران.
هەر خۆتان بەخۆتان بن "حەڕەم ئاغاسی"یەکانی سوڵتان....کوردە بۆرەکان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە