دوای بڕیاری دادگای فیدرالی عێراق بە لەکارخستنی محمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ڕێگەگرتن لێی بۆ گەشتی دەرەوەی عێراق. لە ژینگەی شرۆڤەکاری و ڕۆژنامەوانی کوردیدا، چاوەڕوانی و پێشبینی دەکرێت هەمان دادگا، کە پێشتر بە بڕیارێک پەرلەمای هەرێمی هەڵوەشاندەوە، بڕیاری نوێ دژی حکومەتی هەرێم و سەرۆکەکەی مەسرور بارزانی دەربکات.
ئەم پێشبینی و خۆشحاڵییە، لە بەشێکیدا دەگەڕێتەوە بۆ شکستی مەسرور بارزانی لە بەڕێەبردنی هەرێم و بێدەسەڵاتی و کەمتوانایی ئەو لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە ئابوورییەکان و ئاشتەوایی سیاسی ناو هەرێم و پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدرالی، ئەمە بێجگە لە پێشێلکاریی زەق دژ بە ڕۆژنامەوانان و خراپبەکارهێنانی دادگا..تاد.
ئەم ڕووداوانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن، کە دۆخی ناوخۆیی هەرێم، بەتایبەت لە نێوان پارتی و یەکێتی و بە دیاریکراویش لە نێوان مەسرور و بافل ـ قوباد، زۆر خراپە و تا ئێستا هیچ ئاسۆیەک بۆ چارەسەر نابینرێت، بەڵام ئەمە کۆی دیمەنەکە نییە، بەڵکو بەشێکە لە دیمەنێکی گەورەتر کە ڕاستەخۆ پەیوەندی بە ڕۆڵی ئێران و دۆستە شیعە عێراقییەکانییەوە هەیە، کە دەستیان بەسەر جومگە گرنگەکانی حکومڕانی عێراقدا گرتووە.
بۆ هەرچاودێڕێکی ئاگادار لە ڕووداوەکان، ئاشکرایە کە دادگای فیدرالی عێراق، بەو پێکهاتەیەی ئێستایەوە، بووە بە یەکێک لە پایە بەهێزەکانی دەوڵەتی شیعەگەرای عێراقی دۆستی ئێران. هەر بڕیارێک لەو دادگایەوە دەربچێت، نابێت لەگەڵ ئامانجە ستراتیجییەکانی ئێراندا ناکۆک بێت. تووندبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و دواجەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس، هەرێمی کوردستانی خستووەتە بەر مەترسی زیاترەوە. یەکێک لەو چەکانەی ڕەنگە لە داهاتوودا، لەلایەن ئێرانەوە دژی هەرێم بەکاربێت، هەمان دادگای فیدرالی عێراقە.
لە دۆخێکدا کە پارتی و مەسرور بارزانی لەچارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم سەرکەوتوو نەبوون، یەکێتی نیشتمانی دەستی لەهەرێم و دڵی لە بەغدا و گوێی بە ئاڕاستەی ئێران تەرازوو کردووە، باشترین بڕیار دەستلەکارکێسانەوەی مەسرور بارزانی و قوبادتاڵەبانی و کۆی کابینە حکومییەکەیە، وەک سەرەتایەک بۆ وخۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنێک دیموکرات و بێ ساختەکاری.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی