کورد لەچەمکی سواودا قەتیسە!

28/11/2023

دکتۆر ڕێبوار فەتاح

کە کۆمەڵگەیەك لە توندوتیژیدا قەتیس بوو، ڕزگاربوونی ئەستەمە. کورد یەکیەکە لەوانە، نەك ڕزگار نابێ، بەڵکو لە هەموو بوارێکی ژیاندا توندوتیژی دادەهێنێ. گەواهی زۆرن؛ کوشتنی خانم و شەڕی خۆکوژی نێوان حزبەکان، ئەشکەنجەدانی زیندانی حزبەکان، هەموو نمونەی داهێنانی توندوتیژین. حزب و حزبی کورد شەیدای ئەشکەنجەن، چێژ دەبینن مرۆڤ بە ئازارەوە ببینن. بگرە چەمکی "پیاوەتی" لەسەر ئازاردان و داگیرکردن بەندە. گەر کەسێك "پیاو" بێ، دەتوانێ زوڵم بکات، دەتوانێ شەق بهاوێ.

ڕەنگە دوو دەرکەوتەی مێژوو ،کۆمەڵی کوردی ئاوێتەی توندوتیژی کردبێ... لە مێژوودا کورد هەمیشە سەرکوت کراوە. کوردی باشوور لە ١٩٦١ەوە بەردەوام لە شەڕێکی دۆڕاودا بووە، لە شکستێکەوە گواستوویەتیەوە بۆ ئەوی دیکە. بۆئەوەی بەرگەی شکست بگرێ، چاری نەبووە خۆی فرۆشتوە، شەڕی پڕۆکسی کردووە. کڕیاریش زۆر بوون، کە ویستویانە فشار لەسەر عێراق عێراق بکەن. کورد داردەست بووە و هەرگیز شەڕی بۆ خۆی نەکردووە. هەر لایەنێك دەستی بە باڵیەوە گرتبێ، چووەتە باوەشی. بە درێژایی ئەو ساڵانە تا ئەمڕۆ شەری لە بەرژەوەندی ئێران، ئیسرائیل، ئەمەریکا، سوریا و تورکیا کردووە. کورد لە یەکتریان کوشتووە و لەگەڵ بەغداد لە جەنگ و ئاشتیدا بوون. ئیدی کلکایەتی هێزی دەرەکی و توندوتیژی بووە بە بەشێك لە کولتووری حزبی کوردی باشور. لە دەری شەڕی چەکدار، شکست، کلکایەتی و چەمانەوە بۆ دەسەڵاتدار، هیچ رێیەکی دیکەیان نەزانیووە و نەگرتووە. ئەم کولتوورە لە حزبەوە گواستراوەتەوە بۆ کۆمەڵی کوردەواری. "کوردایەتی" کە دەبوو چەمکی خەباتی فراوانی ناوخۆ، ناوچە و نێودەوڵەتی بووایە، تەنیا لە چەکدا قەتیسکرا. کورد "کوردایەتی" تەنیا لە "چەکدارێتی"-دا دەبینرێ و لە هەموو ناوەرۆکێك داماڵراوە. توێژی دەسەڵاتداری کورد ئەمەی لە بەرژەوەندی بووە، ناکۆکی خێڵەکی خۆی بە چەکی کوردایەتی برەوپێداوە.

خوێنی کوردڕشتن تەنیا لە بەرژەوەندی هێزی دەرەکی نەبووە، سەرکردایەتی سیاسی کوردیش بەشی شێری بەرکەوتووە. هێزی دەرەکی دەرامەتێکی زۆری خستووەتە بەردەستیان، لە هیزێکی لۆکەڵی بێدەرامەتەوە بوون بە سەرکردەی سیاسی نەتەوەیەك و لە سەکۆی نێودەوڵەتیدا خۆیان دیووەتەوە. سەرباری ئەمە، ناکۆکی خێڵەکی خۆیان لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بە بزوتەوەی چەکداری کوردایەتی چارەسەرکردووە، ئەو خێڵەی ملی بۆ نەدابن لەنێوبراون و ئەوەش بۆیان لەنیونەبراوەر کراون بە "جاش" و کوشتنیان حەڵاڵ کراوە. خێڵ زۆربوون دەرەقەت نەهاتوون، لە ناچاریدا چوونەتە پاڵ حکومەتی عێراق، کراون بە جاش. پێشتر ناکۆکی خێڵەکی گرفتی خێڵێك بووە، کە بوون بەسەرکردەی سیاسی کورد، کوڕ و کچی هەموو کوردستان بوون بە بەشێك لە کێشەی خێڵ. ئەو شەڕە هەرگیز بۆ کۆمەڵی کوردەوای نەکراوە.

ئەم مێژووە درێژە چەمکی کۆمەڵایەتی لەنێو کورددا چەسپاندووە، کە هەم ئاوێنەی شکستی خۆی بووە، هەم بەهێزی دەسەڵاتی داپڵۆسەر. هەندێکیان بەیان دەکەم.

(١) "کورد سەرکوت دەکرێ، چونکە خاوەنی دیکتاتۆری وەك ئەتاتورك نیە." کورد لە هەوڵدا بووە دکتاتۆر  بۆ سەرکەوتن دابین بکات. پێکهاتەی خێڵەکی کۆمەڵ لەباربووە بۆ سەرهەڵدان و پەڕەپێدانی ئەم چەمکە، سەرخێڵ هەمیشە لە لوتکەی هەرەمدا بووە، ئەڵەنگاری دەسەڵاتی نەکراوە. حزبی کورد چیدی نیە فراوانکردنی سنووری خێڵ نەبێ، ئەوانی دیکەی بە زۆرەملی یان بە بەرژەوەندی لەخۆگرتووە. خۆ گەر خێڵێك ملی نەدابێ، لە ژێر دروشمی کوردایەتیدا قەلاچۆ کراوە. بەمجۆرە حزبێك لە نێوەندا بووە بە ڕابەر و ئەوانی دیکە پەراوێز. ئەم چەمکە لەبەرژەوەندی خێڵ بووە، لە پارتی و یەکێتی ئەمڕۆ بڕوانە، چیدی نین بەردەوام بوونی خێڵ نەبێ. نەك تەنیا سەرخێڵی نێوەندی دەسەڵات لە باوکەوە بۆ کوڕ دەمێنێتەوە، بەڵکو خێڵی پەراوێزیش، هاوڕەوتە. بەم بۆچوونە حزب دەبێ بە گردبوونەوەی خێڵ. مەرج نیە باکگراوندی سەرکردەی حزب، خێڵ بێ، بەڵام لە نەبوونی هیچ مۆدیلێکی دیکەدا، هەموو گردبوونەوەیەك لە کۆمەڵدا بە حزبەوە، خۆی لە پێکهاتەی خێڵدا دادەمەزرێنێتەوە.

(٢) "نەبوونی ئاینی وەك ئیسلام، چاوگی شکستی کوردە." زۆر کوردپەروەر، خۆیان دەکەن بە زەردەشتی، نەك لەبەر ئەوەی سەرسامن بەو باوەڕە، بەڵکو ئاینی کوردی، ئەگەر هەبێ، بە پایەیەکی سەرکەوتن دەزانن، گەر ئاینی خۆیان داهێنا، ئەمانیش دەبن بە عەرەب، زاڵ دەبن، دەتوانن وەك عەرەب زوڵم بکەن، بکوژن، داگیر بکەن. ئەم چەمکە بێ بنەمایە، زۆر دەوڵەتی بەهێز هەیە، بێ ئاینە و لەسەر بێ ئاینی دامەزراوە.

(٣) "کورد پێویستی بە چەکە تا بتوانێ بەسەر ئەوەی پێی دەڵێ دوژمن زاڵ ببێ." کورد چەکی خۆی بەرهەم ناهێنێ. بەمەش پاساو بۆ کلکایەتی هێزی دەرەکی دەهێننەوە، ئەو هێزەی خۆیان بە دوژمنی دەزانن، وەك تورك، عەرەب و فارس. گەر خێڵێك لەوانی دیکە چەکدارتر بووبێ، توانیویەتی بەسەر خێلی لەخۆی دەسەڵاتدارتر زاڵ ببێ. هەردوو حزبی دەسەڵاتداری باشوور بە چەکی "دوژمن" بوون بە دەسەڵاتدار. لە ١٩٩٦دا، پاسەوانی سەدام حسێن، هەولێری داوە بە پارتی. چەکی ئێرانیش یەکێتی لە زەڵێ-وە گەڕاندوە تا دێرگەڵە. خەونی کوردیش بۆ هەمیشە گۆڕکرا.

(٤) "کورد دەبێ تەنیا یەك حزبی هەبێ، و ئەوانی دیکە لەنێو بچن." فرەحزبی ئاوێنەی بەبڕشتی کۆمەڵە، پێویستە لە دەوڵەتدا یان دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا ڕەنگبداتەوە، نەك لەنێوببرێ. دیارە تاك حزبی ئەقڵی خێڵە. ئەم باوەڕی یەك حزبیە، هەر ئەوی بەعسە. ئەمیش خێڵێکی گەرە بوو، دەسەڵاتیشی لەسەر بنەمای خێڵی هاوچەرخ دامەزراندبوو. حزبی کوردیش دەیەوێ وەك بەعس زاڵ بێ. خێڵ خاوەنی لەوەڕگەی خۆیەتی و ناهێڵێ هیچ خێڵێکی دیکە توخنی بکەوێ. کە دەبێ بە حزب، خێڵ ئەم چەمکە فراوان دەکات. ئەوی بەعسی نەبووایە، ژیانی لە عێراقدا سەخت بوو. پارتی و یەکێتی هاوڕەوتن. ناتوانن لە دەسەڵاتی هەرێمدا کۆببنەوە. هەریەکەیان خاوەن لەوەڕگای خۆیەتی. کە باس لە یەکگرتنەوەی دەسەڵات دەکەن، مەبەستیان لەوەیە لەسەر دابەشکردنی دەرامەتی کوردستان ڕێكبکەون. دیارە لە هەموو پۆستێكدا، پارتی هەمیشە پێشڕەوە و یەکێتیش جێگری پێشڕەو. ئەویش هەر چەمکی "حزبی سەرکردە"ی بەعسە. وەك دەسەڵات بەعس نەماوە، بەڵام ئەقڵی بەعش لە هەموو جومگەیەکی عێراقدایە، بە پارتی و یەکێتیەوە.

(٥) "کورد شکست دەخوات چونکە زمانی یەکگرتووی نیە." ئەو کۆمەڵانەی کوردیان سەرکوتکردووە، عەرەب، فارس و تورك، زمانیان یەکگرتووە. کورد خۆی لەو ئاوێنەیەدا دەبینێ، تێناگات ئەوان مێژووی دوورودرێژی ئیمپریاتۆریەتیان لە پشتە بۆیە زمانیان یەکگرتووە. زمانی یەکگرتوو، کورد ناهێنێتە سەکۆی نێودەوڵەتی. زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا، بە زیاد لە زمانێك دەدوێن. لە بەریتانیادا چوار زمان فەرمین.

(٦) "کورد شکۆمەند دەکەن و مێژووی درۆزنەی بۆ دادەمەزرێنن." کۆمەڵی کوردەواری، بە شێواندنی مێژووی خۆیی و کۆمەڵی دیکە نابێتە هێزی کاریگەر، تەنیا دەیکات بۆ قەرەقۆز و جێی پێکەنین. قووڵی مێژووی گۆمەڵێك زامنی سەرکەوتن نیە. ئەمەریاکا و ئوستورالیا تەمەنکورتن، مێژوویەکی دووردرێژیان نیە و سەرکوتووشن. کۆمەڵ بە دەرفەتی یەکسان و ڕێزگرتن لە مرۆڤ و مرۆڤایەتی پێشدەکەوێ، نەك بەوەی هەرچی مێژووی مرۆڤە بیخەیتە پاڵ کورد. ئەوە مێژوو  هەڵبەستنە.

کورد پێویستی بە دیکتاتۆر، ئاین، چەك، حزبی سەرکردە و زمانی یەکگرتوو و شکۆمەندکردنی مێژووی نیە، ئەمانی گەلێك بەبڕشتن. ئەقڵی سیاسی سەردەم هاوکاری دەبێ لە هاوکێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوچەی خۆیی و جیهاندا. دەرفەتی خەباتی سیڤڵ گەلێك زۆرە، بەڵام کورد لە سەدەی پێشوودا قەتیسە و نازانێ بەرەوکوێ بچێ. کۆمەڵێك حزب یان خێڵی سەدەی ڕابردوو، بە زۆرەملی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەی کورددا سەپاندووە، ناهێڵن دەنگی جیاواز بڵند ببێ.

کورد هێند شکستی خواردووە، بووە بە ئاوێنەی بەرامبەر. گرفت لەوەدایە، کورد هەر دەیەوێ بەو ڕێیانەی ئەم شکستی پێدەخوات و خواردووە، جەنگی سەرکەوتن بکات. ئەوە شەڕیکی دۆڕاوە. هیچ هێزێك نیە ڕێ لە کورد بگرێ بێتە هێزێکی کاریگەر لەمڕۆی دنیادا، ئەوی ڕێگرە، ساویلکەیی خۆیەتی.

بۆ ڕزگاربوونی خۆت، پێویست ناکات ببیت بە سێبەری داپڵۆسەر. ئەوی جوانی لە ژیاندا دەکوژێ، دەبی فێری دڵگیری ژیان بکرێ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی