باشترە حکوومەتی هەرێم لەگەڵ خەڵک ڕاستگۆبێت

06/12/2023

رێبین فەتاح

هەرێمی کوردستان تووشی دۆخێکی تەواو خراپ و نائاسایی هاتووە، کە نەک هەر لە دوای ٢٠٠٣ەوە دۆخێکی وای بەخۆیەوە نەبینیوە، بەڵکوو گەڕانەوە و پاشەکشەکە، کابینەی نۆیەمی لە کابینەی یەکەم و دووەم نزیک کردووەتەوە. ئێمە بۆ قۆناغێکی وەک ساڵانی ١٩٩٢ و ١٩٩٣ و ئەو ماوەیە گەڕاوینەتەوە.
کێبڕکێی هەردوو حزبە سەرەکییەکە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی داهات و دەسەڵات، بە ئاستێکی خراپ گەیشتووە، حکوومەتی هەرێم نزیکە لەوەی وەک کابینەکانی یەکەم و دووەم هێشتا دانپێدانەنراو بێت.

حکوومەت لەژێر گەمارۆی بەغدا و هەروەها بەهۆی نەبوونی سیاسەتێکی دادپەروەرانە و حوکمی ڕەشیدەوە، بەهۆی نەبوونی پلان و بەرنامە و هەبوونی گەندەڵی و بە هەدەرانەوە، بەهۆی ملهوڕی و ملشکێنی و خۆسەپێنییەوە، بەهۆی گۆڕینی دادگا بۆ دیوەخانی حزب و پێشمەرگە بۆ هێزی چەکداری حزب و تاکەکەس، هەر بەناو بوونی هەیە.
ئەو بارودۆخە بە تۆزقال متمانەی لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتی سیاسی هێشتووەتەوە و وەک دەگوترێ تەنیا گرێبەستێک لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا لە مووچەدا بەرجەستە دەبێتەوە. بەڵکوو هەموو ئامانجی گەلێکی جینۆسایدکراو لە مووچەدا کورت کراوەتەوە.

حکوومەتی هەرێم گەلەک زۆری دۆڕاندووە و زۆر کەمی بەدەستەوە ماوە، ئەوەی تا ئێستا دۆخەکەی هەندێک سەقامگیر هێشتووەتەوە، خۆڕاگری خەڵکە و ئەو خۆڕاگرییەش گرەنتییەک نییە تا سەر بەردەوام بێت.

ڕەنگە بەرپرسانی حکوومەت و هەردوو پارتی و یەکێتی، تا ئێستا هەر بەو تێگەیشتنە کۆنەوە بیر بکەنەوە، کە ئەوان مادام دەستیان بەسەر هێزی چەکدار و دادگادا گرتووە، مادام پشتیوانی دەرەکییان هەیە! دەتوانن درێژە بە مانەوەی خۆیان بدەن، بەڵام ئەوە ڕاست نییە.

ئەزموونی هەموو ڕووخانەکانی دەسەڵاتی سیاسی، هەموو ڕووداو و گۆڕانکارییە گەورە و توندوتیژەکان سەلماندوویەتی، بەبێ پاڵپشتی خەڵک، واتە بەبێ ئەو هێزە کۆمەڵایەتی و جەماوەرییەی کە پارتی و یەکێتی لەدەستیان داوە، هێزی چەکدار و دادگای زنجیرکراو و پشتیوانی دەرەکی بە فریای هیچ دەسەڵاتێک ناکەوێت.
ڕێگای باش گەڕانەوەیە بۆ خەڵک! ڕاستگۆییە لەگەڵ خەڵک و ئەوەیش سەرکردەی بوێر و ئازای گەرەکە!

ئایا پارتی و یەکێتی دەتوانن جارێکی دیکە متمانە و پاڵپشتی خەڵک بەدەست بهێننەوە؟


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی