مەیمون جوان بوو ئاوڵەیشی گرت. حکومەتی ئێستای عیراق رێک وەک ئەو مەیمونەیە کەلەپەندەکەدا باسکراوە. ئاخر ئەم کابینەیە کەلەبنەرەتدا دەرهاویشتەی ناسازانی و شلۆقی رایەڵی پەیوەندیەکانی هێزە شیعی - شیعی ، سونە - سونە ، کورد - کوردەوە هەلقوڵاوە، ئەمێستا رووبەرووی کێشەیەکی جەوهەری بوەتەوە کەئەویش هێرشی میلیشیا شیعەکانی نزیک لەئیرانە بۆ سەر بنکە و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەعیراق و ناوچەکە.
بەرلەوەی لێکەوتەکانی ئەم ئاستەنگە قوڵەی بەردەم حکومەتی عیراق روون بکەینەوە ، واباشترە بزانین کەکابینەکەی سودانی خۆی لەئەزەلدا گرفتارە بەدەست کۆمەڵێک کێشەی کەڵەکەبووی چارەسەرنەکراو، کە گرنگترینیان:
1ـ بوونی رەقیبێکی رادیکاڵی مەزهەبی ، کەئەم رەقیبە باراگاویە بەهێزی جەماوەری و میلشیای چەکدار وە بەتەکتیکی تۆراوە لەپرۆسە سیاسیەکە کەئەویش (سەدریەکانن).
تۆرانی ئەمانە تەڵاقدانی یەکجاری سیاسەت و دەسەڵات ناگرێتەوە. بەڵکو لەئەسڵدا لەوە تۆراون کە حوکم و دەسەڵاتی موتڵەقیان وەرنەگرتوە. هەربۆیە ئەمانە بەردەوام بۆ دەرفەتی گونجاو دەگەرێن کەبگەرێنەوە و زۆر جار لێرەو لەوێ بەهانەی بچوک گەورە دەکەن ، ئەگەر بەنوێژی بەکۆمەڵی هەینیش بێت لەمەیدانی تەحریر ، بەسودانی و پشتەوەی ( چوار چێوەی هەماهەنگی ) دەڵێن ئێمە ماوین، بەڵام چاوەرێین.
2ـ دوای دوورخستنەوەی حەلبوسی لەلایەن دادگای باڵای ئیتحادی، حکومەتی سودانی پێدەچێ لەبەردەم کێشەیەکی تردا بێت. چونکە حلبوسی حاڵی حازر گرەو لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەکات و ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە هاوپەیمانیەتیەکەی بتوانێت سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت لەناوچە سونیەکان ( ئەنبار ، موسڵ ، فەلوجە، سەلاحەدین ، دیالی و ناو بەغدادیش ) بەتایبەتی کەشێوازی دەرکردنەکەی لەپەرلەمان بوەتەخاڵێکی بەهێز بۆی و سۆزی زۆرێک لەسونەکانی بەلای خۆیدا راکێشاوە، بەوپێیەی کەبریاری دادگاکە تائیفی بوە و لێدان بوە لەسونەکان . وە بردنەوەی ئەم گرەوەی سەرۆکی لادراوی پەرلەمان لەوێدا پراکتیزە دەبێت، كە خەونەکەی ( نحن أمه ) بهێنێتە دی و دواتر داوای هەرێمێکی سوننی بکات پاڵپشت بەدەستووری عیراق. ئەمەسەرباری ئەوەی کەمحمد حلبوسی لەدوای بریاری لادانی تارادەیەک توانیویەتی عەقڵانی مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکان بکات ، چونکە:
أ ـ بەشەڕی کات کوشتن نەیهێشت سونەکان لەناو خۆیاندا رێکبکەون و هەردوو دانیشتنی پەرلەمانی پەکخست کەدەبوایە سەرۆکی نوێ هەڵبژێرن. بۆ کاتێکی نادیار و پەرلەمان کەوتە پشووی دەستووری.
ب ـ حلبوسی توانی لەمەسەلەی گرێبەستی کۆمپانیا ئەمریکی- ئیسرائیلیەکە یاریەکە لەبەرژەوەندی خۆی بسورێنێ، کاتێک کەناوی ٣٥٢ حیزب و کەسایەتی بڵاوکردوە کەلەگەڵ هەمان کۆمپانیا مامەڵەیان هەبووە و بەمەش مێزەکەی بەسەر نەیارەکانی قڵپ کردەوە.
ج ـ حلبوسی بەرامبەر بە دادگا کاردانەوەی نەرمی نواند. هاوتەریب لەگەڵ دەستکردن بەجوڵەی سیاسی و دیپلۆماسی و ئینتیخابی ، رێزگرتنی خۆی بۆ دادگا دووپات کردەوە و نەکەوتە ناو ئەو داوەی کە بۆ گاق هاشمی و رافع عیساوی دانران.
3ـ سودانی کێشەی بەردەوامی هەیە سەبارەت بە کۆنترۆڵنەکردنی نرخی دۆلار، وەپابەند نەبوون بەو بەڵێنانەی کەلەکارنامەی کابینەکەی هاتوە بەتایبەتی ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەخت لەماوەی ساڵێکدا.
4ـ لەناو لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعی، حکومەتی سودانی باڵانسی راگرتنی دڵی سەرکردەکانی چوارچێوەی رانەگرتوە. تۆمەتبارە بە وەلائی راستەخۆی بۆ قەیس خەزعەلی و حرکە میلیشاویەکان. ئەمەش زۆرجار دردۆنگی لای هادی عامری و مالکی دروست کردوە. هەربۆیە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان پێدەچێ چاوخشانەوە بەمەدابکرێ ، بەتایبەتی ئەگەر مالکی دەنگی زۆرینەی پارێزگاکان ببات و چەند پارێزگارێک بباتەوە، ئەوا دوور نیە لەنزیکترین دەرفەت گۆرانکاری لەحکومەت نەهێتەوە ئاراوە.
5ـ سەرباری پەرتەوازەیی کورد لەبەغداد، بەڵام سودانی نەیتوانیوە کێشەکانی لەگەڵ هەرێم چارەسەر بکات، نەک هەر ئەوە بەڵکو لەسەردەمی ئەمدا راگرتنی نەوتی هەرێم و بریارەکانی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان و پرسی هەڵواسراوی یاسای بودجە. هێندەی تر کێشەکانیان قوڵتر کردەوەتەوە کەلەمانەدا راستە لایەنی هەرێم بەشێکن لەهۆکارەکان بەڵام لەئایندەدا رەنگە ببنە خاڵی لاوازی حکومەتی سودانی هەرهیچ نەبێت لەبەردەم ئەو جەمسەرە نێودەوڵەتیەی کەداوای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد دەکات (ئەمریکاو دەوڵەتانی ئەوروپای هاوپەیمانی).
هەربۆیە:
سەرباری راستیە تاڵەکانی سەرەوەی پەیوەست بەسودانی، لەدوای شەری ئۆکتۆبەری ئیسرائیل- حەماس ، میلشیاکانی نزیک لەئێران 70 هێرشیان بۆسەر پێگەی ئەمریکیەکان لە عین ئەسەد، هەریر، هەولێر، سوریا و شوێنی دیکە ئەنجامداوە ، کەدواهەمینیان بۆسەرباڵوێزخانەی ئەمریکا بوو لەناوچەی سەوز بەمەش سودانی پێی بەجەرگی خۆیدا ناو لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بەدۆزینەوەی بکەرانی هێرشەکە. کەئەم هەڵوێستە دەستخۆشی لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکای لێکەوتەوە. وەئەمە کۆتایی دراماکە نیە، بەڵکو دواجار هەموان پێویستە سەیری ئەو گێژاوە بکەین کەسودانی تێی دەکەوێت ، گێژاوێک کە تۆزوباکەی لەلایەک دەستخۆشیەکانی ئۆستن و لاکەی تریشی هێرشە بەردەوامەکانی ئەو چەکدارانەی کەسەرکردەکانیان سودانی کردەوەتە سەرۆک وەزیران دروستیدەکەن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی