ئەمساڵ...دارا بۆ دوو داری نەدی؟

03/02/2024

د. کارزان محەمەد


ڕۆژانی خوێندنی مناڵی، پڕە لەیادگاری جوان، وادەزانی هەموو حیکایەتەکانی نێو کتێبەکە ڕاستن.. بەڵام کارەسات ئەوەیە کە سیستەمێکی حکومڕانی بەئانقەست هەلومەرجێکت بۆ بڕەخسێنێ هەست بکەی چیرۆکە ڕاستەقینەکانیش فشەن!
نمونەیەکی تێکشاندنی پەروەردەو خەباتی مەدەنی ئەوەیە کە لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسادا، خۆپیشاندان توندوتیژی لێکەوتۆتەوە... بەڵام سەد ڕۆژە، سەد هەزار ماموستا لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە خۆپیشاندان دەکەن بۆ هەقێکی قانونی کە موچەیە، حکومەت دەیەوێ بەفشار هەوڵی تێکشکاندنی خەباتێکی دیموکراسی و مەدەنی لەپێناو قوتی ژیانیاندا بدات.
گەلی کورد دوای کۆمەڵێ جینۆساید و کارەساتی خوێناوی و کاولکاری، ئەگەر سەرۆکەکانمان وەک گاندی بەشیری بزنێک بژی و بەپارچەیەک قوماشی خۆماڵی خۆی دابپۆشێ، ئاساییە میللەت بەرگەی قەیران بگرێ....
بەڵام چەندە کارەساتە، ماڵی سەرۆکەکان لە کۆشکی ڕەزاشا و لویسی چواردە و کۆشکی سپی و کرەملین گەورەتربێ، هەرێمێک نەوت بەهەموو دونیا دەفرۆشێ، ئامادە نەبن بەسەد ڕۆژ دینارێ بداتە مامۆستا... لیترێ نەوت لەم سەرمای زستانەدا بداتە مناڵان خۆیان گەرم بکەنەوە.
دەوڵەتمان چۆن بۆ دادەمەزرێ لەکاتێکدا بەعس بەدڕندەیی خۆی، کارگەکانی جگەرە و توتن و دۆشاو و سیستەمی هاتوچۆی پاسی مەسڵەحەی هێناوە، بۆ خاتری گیرفانی  چەند بازرگانێ، تێکدەدرێن بۆ شوقە؟.
حکومەت بەلایەوە ئاساییە سەدان ملیار دیناری داهاتی گومرگەکانی ئیبراهیم خەلیل و باشماح و پەروێزخان و حاجی ئۆمەران، داهاتی زەبەلاحی مرور و زەریبەو...،بخاتە بانکەکانی... بەڵام سەد ڕۆژە چاوەڕوانە بەغدای داگیرکەر، قەرزی بداتێ.
 حکومەت باکی نەبێ سەدان هەزار خوێندکار لەخوێندن بێبەش بن، بەلایەوە ئاسایی بێ مامۆستا و  فەرمانبەری خۆی برسی بێت، چۆن چاوەڕوانە لە  میللەت لەکاتی تەنگانەدا داکۆکی لێ دەکات؟.
دواپرسیار، سەرۆکەکانی کورد دەیانەوێ کام ڕێگا هەڵببژێرن؟
ڕێگای گاندی و ماندێلا تا ناویان بچێتە مێژوو.. یان ڕێگای هاوشێوەی موعتەسەم بیلا؟
مێژوو دەڵێ: هۆلاکۆ کاتێ بەغدای داگیرکرد...کۆتایی بەخەلافەتی شەش سەد ساڵی عەبباسی هێنا، موعتەسەم بیلای گرت، وتی بۆ دەرگای خەزێنەکەت نەکردەوە تا نان بدەیتە میللەتە برسییەکەت، چەک بدەیتە سەربازەکانت تا شەڕت بۆ بکەن و بەزەلیلی خۆت نەکوژم و میللەتەکەشت لێی نەقەومێ؟
بۆیە بڕیاری دا هەڵیبگڵۆفن تا ڕۆحی دەرچوو..
ڕەزا شا.. بەدەربەدەری و ڕیسوایی‌لە ئەفریقا مرد
سەدام خۆی لەسێدارەدرا و کوڕەکانی کوژران و شارەکەشی بووە وێرانە..
بۆیه تکا لە ڕابەران و سەرۆکەکانی کورد دەکەم، مۆدیلی ماندیلا و گاندی بکەنە سەرمەشق، تا دەرفەتێک ماوە.. ئەگەرنا عێراق هێشتا پڕە لەگورگی ئایدۆلۆژی، جەماوەرتان بەپشتەوە نەبێ.. هەمان چارەنوسی تاڵ لە کەمینی ئێوەو ئێمەشدایە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە