رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێو بەرداشی رۆژهەڵات و رۆژئاوادا

06/02/2024

ئەحمەد دەروێش


بەکارهێنانی زاراوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و ، بەڕای زۆرینەی توێژەران هەریەک لەناوچەکانی ؛ وڵاتی شام ، نیوەدورگەی عەرەبی ، تورکیا ، ئێران و میسر ( نەتەنها نیوەدورگەی سینا بەڵکو تەوای میسر ) دەگرێتەوە و بەدیاریکراویش لە ۱٥ وڵات پێکدێت ۰

یەکەم  : لەمێژووی کۆندا ، یەکەمین و گرنگترین شارستانییەتە دێرینەکان لێرە سەرچاوەی گرتووە ( میزۆپۆتامیا - وڵاتی نێوان دوو روبار ، وڵاتی فیرعەونەکان - میسرییە کۆنەکان ) ، وەک سۆمەر و ئەکەد و ئاشور و میسرییە کۆنەکان و ۰۰۰۰۰ هتد ۰

دووەم : هەرسێ ئایینە ئیبڕاهیمییەکە ( جولەکە و کریستیان و ئیسلام ) لەم ناوچەیە و بەدیاریکراویش لەشام و نیوەدورگە دابەزیون - پەیدابوون ۰

سێیەم  : لەسەدەکانی ناوەڕاستدا ( ۵ تــــا ۱۵ ) زایینی ، جەنگ و کاولکاریی زۆری بەخۆیەوە دیوە ۰

چوارەم : لەمێژووی نوێدا و بەدیاریکراویش لەساتەوەختی سەرهەڵدانی سیستمی سەرمایەداری و ، وردتریش سەرمایەداریی بازرگانی ٫ ناوچەکە بووە جێی چاوتێبڕینی هێزە ئەوروپییەکان لەلایەک و ٫ لەلایەکی دیکەوە بەریەککەوتنی سەفەوی و عوسمانی ۰

چوارەم : شوێنە جوگرافییەکەی وایکردووە کەرۆژهەڵات و رۆژئاوا پێکەوە دەبەستێتەوە ۰
وێڕای گرنگی جوگرافیای سیاسی و جیۆسیاسی ناوچەکە ( رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ) ، پتر لەسەدەیەکە گرنگییە جیۆئابوورییەکەی ، روبەری ململانێکانی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوای فراوانتر و گەرمترکردووە و بەتایبەتیش لەئێستادا کەبووەتە بەشێکی گرنگ لەستراتیجییەتی چین لەلایەک و ، ئەوروپی و ئەمریکییەکان لەلایەکی دیکەوە ۰ ناوچەیەک رۆژهەڵات و رۆژئاوا پێکەوە دەبەستێتەوە و بەڕێژەیەکی زۆر بەشداریدەکات لەبەرهەمهێنانی نەوت لەجیهاندا و ، لەدە وڵاتە پێشەنگەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لەسەر ئاستی جیهان ، پێنجیان هی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن کەبریتین لە ؛ سعودیە ، عێراق ، ئیمارات ، ئێران و کوەیت ، ئیتر چۆن بەدڵی جیهان ناودێر نەکرێ ؟

تێزەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ ، دەبێ لە لەسەر رەفەکان و کتێبخانەکان تۆزگرتووبن چونکە دەستکاریکردنی نەخشەی سیاسی ناوچەکە نەک هەرقورسە بەڵکو بووەتە مەحاڵی سیاسیی لەنێوان جەمسەری رۆژهەڵات ( چین ، روسیا ، ئێران ) و جەمسەری رۆژئاوا ( ئەمێرکی و ئەوروپییەکان ) ۰

لەئێستادا ناوچەکە گەرنەشڵێین دەکوڵێت ، ئەوە لەپەنا کوڵانە و ، تادێت پلەی کوڵانەکە روو لەبەرزبوونەویە ، بادیقەت بدەیین ؛ ئەمریکا نزیکەی ۲۰ ساڵ پێش ئێستا بەتەواوی هێزەکانییەوە هاتە ناو عێراق و رژێمی سەدامی روخاند و حسابی بۆ دنیا نەکرد ، کەچی ئێستا حزب اللە ی لوبنانیی و حوسیی و حەشد و گروپی دیکەی چەکدار ، هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی  دەکەن ۰

 ئەمریکا نەک هەر ئامادەی هێرش نییە بۆسەر سەرچاوەی مەترسییەکان کەئێرانە ، تەنانەت بەگروپەکانیش دەڵێ ( خۆتان بشارنەوە ، بڵاوەی لێبکەن ) لێتان دەدەیین !
لەئێستادا ، هەردوو جەمسەرە بەرهەڵستکارەکە زۆر بەوریایی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەن وجوڵەکانیان هەستیارە ۰ بۆیە بەئەگەرێکی زۆرەوە ، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەنائارامیی دەمێنێتەوە و دۆخی ناسەقامگیریی درێژەی دەبێ ، شتێک نامێنێ بەناوی چارەسەرکردنی دێموکراتیک بەنمونە تێزەکەی ئۆجەلان لەمەڕ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ، هەروەها تێزەسیاسییەکانی رۆژئاوا لەمەڕ گۆڕینی نەخشەی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ۰

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە