عێراق لەسەردەمی سودانیدا

08/02/2024

کاروخ حەسەن



ڕۆژی (٢٥ / ٧ / ٢٠٢٢) چوارچێوەی هەماهەنگی گەیشتن بەڕێککەوتن بۆ کاندیدکردنی محمد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ، عێراق لەوکاتەدا لەڕوی ئابوری خاوەنی(٨٧) ملیار یەدەگی دراو و  (١٣١) طەن ئاڵتون و داهاتی مانگانەی ( ٩ بۆ ١١) ملیار دۆلاری نەوت بوو ، جگە لەداهاتە ناوخۆیەکانی تر ، هەروەها  لەسەرەتای دەستبەکاربوونی سودانیەوە نرخی نەوت لە ئاستێکی بەرزدابوو، واتە دەتوانین بڵێین لەڕوی ئابوری کابینەکەی  سودانی پشتیوانیەکی بەهێز و باشی هەبوو .
بەڵام لەڕوانگەی ترەوە کابینەکە بووە بە میراتگری قەیرانەکانی کابینەکانی پێشوو ، لەوانە گرفتی گەندەڵی ، کەمی خزمەتگوزاری ، کێشەی خۆراک و سوتەمەنی و کارەبا ،  پێشێلکردنی ماف و ئازادیەکان ، پیس بونی ژینگە ، ناڕەزایەتی شەقام ، سەرەڕای ئەمانەش کێشەی پێکهاتەکان و هەژمون و کاریگەری میلیشیاکان ، راگرتنی هاوسەنگی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا و ئێران.

محمد شیاع سودانی هەرچەندە لەڕێگەی حیزبی دەعوەوە هاتۆتە ناو کایەی سیاسی  وە بەکەسێکی نزیک لە (نوری مالکی)دادەنرێت ، بەڵام لەساڵی (٢٠١٩) لە حیزبی دەعوە جیابویەوە و ڕەوتێکی نوێی دامەزراند بەناوی (فوراتین) ، لە (١٠ / ١٠ / ٢٠٢١) بەلیستێک لەژێر هەمان ناو بەشداری کردو توانی (١) کورسی بەدەست بهێنێت ، واتە تەنها خۆی دەرچوو ، بەڵام دوای کشانەوەی صەدریەکان لەپەرلەمان و پڕۆسەی سیاسی ،  لیستەکەی سودانی (٢) کورسی تریشی بەدەست هێنا، بوونی ئەم ڕابردووە هاوبەشەی سودانی لەگەڵ حزبی و دەعوە و بە تایبەت باڵی مالکی، وای کردووە ئێستاش سودانی وەک سێبەری مالکی و حزبی دعوە ببنین .

مالکی لەدوای شکستی لە دووەم خولی سەرۆک وەزیران، بەهۆی ناڕەزایی ناوخۆیی زۆر لەو کاتەدا و یەک دەنگبوونی هەر یەکە لە ئێران و ئەمریکا و مەرجەعەتی نەجەف لەکارخرا، لەدوای ئەو مێژەوەوە ئەستەمە مالکی جارێکی تر بتوانێت پۆستی سەرۆکی حکومەت وەربگرێت ، باشترین بژاردە بۆ مالکی و  مانەوەی لە هەڕەمی دەسەڵات، دانانی کەسی نزیک لە خۆیەتی لە پۆستە هەستیارەکانی حکومەت، لەسەرووی هەموویانەوە پۆستی سەرۆک وەزیران.
لەدوای ساڵی (٢٠١٤) هیچ کام لەو کەسانەی لەسەر کورسی سەرۆک وەزیرانی عیراق دانیشوون نەک هەر دۆستی نزیکی مالکی نەبوون، بەڵکو دژی بەرژەوەندی ئەویش کاریان کردووە، بەم هۆیە لەو ڕێکەوتەوە ژمارە کورسییەکانی حزبی دعوە و هاپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە هەڵبژاردنەکاندا بەردەوام کەمی کردووە ، بەڵام کاتێک کەسێکی نزیک لە مالکی لەدوای هەڵبژاردنی ساڵی (٢٠٢١) دەبێت بە سەرۆک وەزیران، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا لیستەکەی مالکی ڕیزبەندی یەکەمینەکان دەگرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گەڕانەوەی دەسەڵات و کاریگەری مالکی ، بەجۆرێک لەجۆرەکان گەڕانەوەی هەژمونی زیاتری ئێرانە بەسەر پڕۆسەی سیاسی عێراقدا .


سودانی لەسەرەتای کابینەکەیدا بەڵێنی زۆری بەکورد دا ،  لەوانە  پرسی یاسای نەوت و غاز و مادەی (١٤٠) و شایستە داراییەکانی هەرێم چارەسەر بکات ، وە بۆ هەندێ لەم کێشانە سەقفێکی زەمەنی دانابوو ، بەڵام  ئاشکرایە کە جێبەجێکردنی ئەم بەڵێنانە لە دەرەوەی توانای سودانیە ، چونکە ویستێکی ناوخۆیی و هەرێمی هەیە بۆ بەردەوامی ئەو کێشانە ،  چونکە ئەو کاتە پشکی هەرێم و مووچە و ماددەی (١٤٠) دەبن بە کارتی فشار، حکومەتی ناوەندی هەر کات ویستی هەبوو دەتوانێت دژی هەرێم بەکاریان بهێنێت، بوونی ئەگرفتانە بە کارتی فشار لە لایەک وا دەکات، چارەسەربوونیان لە توانای حکومەتی ناوەند بەدەر بێت، چونکە ویستێکی هەرێمی هەیە بۆ بەردەوامبوونیان، لەلایەکی تر ئەم پرسە وا دەکات ئە کێشانە بەردەوام بن و زەمەنێکی درێژتر بژین.
هەروەها سودانی لەئێستادا لەبەردەم ئاڵنگاری بەردەوامی میلیشیا شیعەکاندایە لەوانە ( نوجەبا و سەید شهدا و حیزب اللە) ، کە هەموو دیالۆگ و گفتوگۆیەک ڕەتدەکەنەوە پەیوەست بەمانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمریکیەکان ، ئەوان داوادەکەن ئەمریکیەکان جگەلە (بەغدا) و (ئەنبار)  هەولێریش بەجێ بهێڵن.
 لە پەیوەست بە ئاڵنگاری میلیشیا شیعەکان، سودانی ڕووبەڕووی گرفتێکی تر دەبێتەوە، ئەویش گرفتی ناکۆکی ناوخۆیی نێوان ئەو گروپانەیە، لە ڕابردوودا ئەم گروپانە بەسەر دوو جەمسەردا دابەشبوبون، جەمسەری حەشدی عەتەبات ئەو گروپانەی لەخۆدەگرت کە لایەنگری مەرجعیەتی نەجەف بوون، حەشدی ولائی لەو گرپانە پێکدەهات کە سەربە ئێران بوون،  بەهۆی نەمان و پەرتەوازەبوونی حەشدی عەتەبات، ناکۆکی نێوان ئەم دوو جەمسەرە تا ئاستی نەمان کەم بویەوە، بەڵام نیشانەکانی ناکۆکی و کەرتبوون لەناوخۆیی ڕیزەکانی حەشدی ولائی دەرکەوتوە، هەر یەکە لە گروپەکانی عەسائیب و بەدر وەک گروپی پێکهێنەری حکومەت و داکۆکیکار لە حکومەت دەردەکەون، گروپەکانی تری وەک نوجەبا و حزب اللە و سەید شهدا و وەک ڕکابەر و یاخی لە حکومەت دەردەکەون، ئەم ناکۆکی و کەرتبوونە وەک ئاڵنگاریەکی جدی ڕووبەڕووی سودانی دەبێتەوە.
هەرجەندە سودانی لەکارنامەکەی دروشمی حکومەتی خزمەتی نیشتیمانی بەرز کردبۆوە ، بەڵام کابینەکەی درێژەپێدەری ئەو کێشانەیە کە کابینەکانی پێشوو  هەیانبوو .

دەتوانین بڵێین لە عیراقی سەردەمی سودانیدا کارێکی نەکردەیە کۆی ئەو گرفتە سەرەکیانەی کە هەیە یان هەتا بەشێکیان چارەسەر بکرێن، چونکە ڕیشەی بەشێکی زۆری ئەو کێشانە لەناو عیراق نیە و لە دەرەوەی سنورەکانی عیڕاقەوە سەرچاوە دەگرن، بە مانایەکی تر ئیرادە و ویست و هاوکێشە و کارلێکە ناوخۆییەکانی عیراق لەپشت لە دایکبوونی ئەو گرفتانەوە نین، ئەمەش وا دەکات بە تەنیا ویست و ئیرادەیەکی ناوخۆی عیراق ئەو کێشانە چارەسەر نەکرێن، لە لایەکی تر بەردەوامبونی  بەشێک لەم کێشانە بۆ مانەوەو سەرقاڵکردنی پێکهاتەکانە لەگەڵ یەکتردا ، ڕوونە عیراق لەڕووی مەزهەبی و نەتەوەیی وڵاتێکی فرە پێکهاتەیە، کۆی ئەم پێکهاتانە بە ویستێکی دەرەکی  لەچوارچێوەی دەوڵەتێک کۆکراونەتەوە ،  ئەم پرسە وای کردووە بەردەوام ئەم پێکهاتانە لەناکۆکی بەردەوامدا بن ، پێکهاتەی باڵادەست هەمیشە لەبیری خۆ سەپاندن و پێکهاتەی ژێردەستەش لەبیری ڕزگاریدا بێت ، کەواتە ئەم گرفتانەی لەسەرەوە باس کران  لەسەردەمی کابینەی سودانی و دوای سودانیش بەردەوام دەبن .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە