بەتاڵی و بێ بەرهەمی کورد ...

12/02/2024

زەبەنگ بەهادین



دەسەڵات ئامێری بەجێهێنانی سیستمی سەرمایەداریە لە وڵاتە دواکەوتوەکان ، هەندێک جار لە رێگەی قەیران هەندێک جار لە رێگەی دیکتاتۆریەت ، زۆر جاریش لە رێگەی میدیا و هەڵخەتاندن و چەواشکردن .
هەموو ئەو نەتەوانەی لە مێژودا خاوەنی سامانێکی نیشتیمانی بوون جا نەوت بێت یان کشتوکاڵ یان کانزاکان سەرمایەداری خۆی گەیاندویەتێ و بە شێوازێک لە ژێر چنگی میللەتەکەی دەرهێناوە ، عێراق بە گشتی و کوردوستان بە تایبەتی یەکێکە لەو ناوچانەی سیستمی سەرمایەداری وەک تاعون تێیدا تەشەنەی کردوە ، هەڵبەت ئەم سیستمە وەک قۆناغ رەنگی نییە لە روە جێۆپۆلۆتیکە سیاسیەکەی کوردوستان ، لەبەر ئەوەی تا ئێستاش کورد لە نێوان فیوداڵ و سەرمایەداری جۆرێک لە وونبونی سیاسی و ئابوری هەیە ، نە ئەوەتا فیوداڵێکی  تەواو نە سەرمایەدارێکی زانستی ، ئەم تێکەڵکێشەکە هێندەی کە دۆخی سیاسی کوردی شێواندوەو و بە لارێدای بردوە ، کورد نە توانیویەتی ببێتە دەوڵەت نەتەوە نە دەوڵەتی دیموکراسی شارستانی و بگرە پاشایەتی جێنەهێشتوە تا ئێستاش لە رێگەی مەرجەع و تاک گەرایی بریاری سیاسی .
دەسەڵاتی سیاسی لە کوردوستان لە ئێستادا ئامرازێکە بەدەست سیستمی کاپیتالیزمی بۆ ساخکردنەوەی بازارەکانیان و بەکارهێنانی تاکی کورد و سامانەکەی وەک بەکار بەر ، لە دوای راپەرین تا ئێستا دەسەڵات هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆ و کردنەوەی کارگە و زیادکرنی بەروبەمی ناوخۆی ، لە تەک ئەمەدا تاکی کورد هیچ بیری نەکردۆتەوە  لەوەی ببێتە خاوەن بەرهەم بە پێچەوانەوە ئەوەی کارگەی هەبوو ئەوەی کشتوکالی هەبوو مەر و ماڵاتی هەبوو هەمووی پاشەکشەی لێکرد وە بەرەو کەمبونەوە گەیشت ، لە پاڵ زیادکردنی بەکاربەر .
ئەنجامی ئەم دەسەڵاتە ئێستا لە کوردستان بێ بەرهەمی و بەتاڵی گەشەی پێدراوە ، ئەو مووچەیەی دەسەڵات ئەیدا هیچ پلانێک و بەرنامەیەکی نییە تا بزانرێت ئاستی بەرهەم بەراورد بە ئاستی بەکار هێنان چەندە نە ئەوەتا بە سیستمێکی سوشیال پارە دابەش بکرێ تا هیچ نەبێ هەڵئاوسان روو نەدات ، دەبینی بازارێکی هەڵئاوساو لە پاڵیدا پارەیەکی بێ سەودا ، مانگ هەیە پارە زۆر مانگ هەیە پارە نامێنێ ئەم ناجێگیریە کۆنترۆڵی بازاری لە دەست داوە لە پاڵیدا بەرز بونەوە و دابەزینی بەهای دروای نیشتیمانی ، بە هەر لا دەروانی کورد نابێتە دەوڵەت تا لە ژێ سایەی ئەم دەسەڵاتەدا بێت کە هیچ ئاراستەیکی نە سیاسی نە ئابوری نە رامیاری دیاری نییە و هیچ پلانێکی نییە بۆ بەرێوەبردنی وڵات .


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە