ئێمە لە نێو كۆمەڵگایەكی لەناوچوداین ،هۆیەكەی بۆ پشتگوێخستنی ئازادی و دوركەوتنەوەی گۆڕەپانی سیاسییە لە دیموكراتیزەبون ،سەرباری ئەوەی كە كە حەسرەتی كۆمەڵگا بۆ دیموكراسیبون بەهێزە بەڵام دەسەڵاتی حیزبی بنەماڵەیی ڕێگر بوە لەوەی یاساسەروەری ڕیفۆرمێك ڕێك بخات كەلە قسە بەولاوە حكومەت ناچار بكات بەڕاستی بەرامبەر دیموكراسی ڕاستەقینە هەستیار بێت ،حیزب لەم هەرێمە بەردەوام گرنگی بە بەرژەوەندی كەمینەیەك ئەدات و خزمەتی گشتیش چەندەی بڵێی سنوردارو ڕواڵەتییە و یاسا و دادگاكان نەیانتوانیوە وەڵامی پێداویستی ئاساییش و خزمەتی گشتی بدەنەوە ،ئەزمون نیشانی داوە كە ئازادی بۆ هەموان وەك خۆی نەتوانراوە پەیڕەو بكرێ هەربۆیە بەناوكردنی ئەو موڵكایەتییە گشتییە لەلایەن كەسانی حیزبی و دەست ڕۆیشتوانی نزیك لە كەسانی پلەبەرزی حیزبی چەندین دەرەبەگ و ئەربابی دروست كردوە كە و ڕۆژانە ڕێگری لە خەڵك ئەكرێ و بەناوی هۆز و عەشیرەتەوە هەمیشە ترسیان لە زیندویەتی ئەخلاق و هێزی كۆمەڵایەتی بوون و ڕۆشنبیری كۆمەڵگا هەیە .
بافڵ تاڵەبانی وەك سەرۆكی حیزبی دەست ڕۆیشتوی ناوچەكە چەندین جار لە ڕێگەی نوسینگەكەی و دەركەوتنەكانییەوە بەڵێنی چاكسازی گشتی و بەتایبەت ڕوبەروبونەوەی ڕێگركاران و ئەوانەی دوپات كردۆتەوە كە ئازار بە خەڵك ئەگەیەنن و بون بە مایەی پشێوی و داگیركردنی موڵك زەوی و ئەمەی بە ئەرك و كاری خۆی زانیوە بۆ چارەسەری ،بەڵام ئەبێت بیرمان لای ئەوە بێت كە سەركەوتن لە جێبەجێ كردنی ئەركەكان بە ئەندازەی ئەو بەڵێنانەی كە داویەتی پتەوترین پێودانگە كە ناوەڕۆكی ڕاستەقینەی بەرپرسیارێتییەكەی ئەخاتە ڕوو كاتێك بەرپرسیارێتییەكەی ڕوی لە هەمو ئەوانە بێت كە پێویستە ڕوبەرویان ببێتەوە و بەرەو بەردەمی یاساو دادگا ڕاپێچیان بكات ،ئەمەی لەم ڕۆژانەدا سەرۆكی یەكێتی ئەیكات ئەگەر بەردەوام بێت كارێكی ڕاست و بە جێیە .
بەردەوامی سیاسەت و بەرپرسیارێتی بافڵ تاڵەبانی ئەگەر بەو شێوە بێت كە ئیتر یاسایی بون بە بناغە وەربگرێت كارێكە جێگای دەست خۆشییە و ئەمەش جێگاو دەرفەت بۆ فاشیزمی دەرەبەگایەتی و ئەوانە ناهێڵێتەوە كە خۆیان لەسەرو یاساوە ببیننەوە ،ئەم جۆرە لە ڕوبەروبونەوانە و بردنیان بۆ بەردەم دادگا دوا جار ڕەوشێك دروستئەكات بۆ ئەوانەشی كە هەڵسن و بڵێن من پشتم هەیەو ئەوەی خوارەوە تەماشام بكات هەڵوێستی توند نیشان ئەدەم،
دەست خۆشی لە بافڵ تاڵەبانی ئەكرێت بەو ڕادەیەی دەسەڵاتی لە پێناو داواكارییە ڕەواكانی گەل بێت و بیری لای ئەوە بێت كە تاكو ئێستاش لە سایەی ئەو هێز و بەهایانەی ئەم گەلەوەیە كە ئەوان نوێنەرایەتی ئەكەن پێویستە سیاسەت و كارنامەكە دیدگاو سۆنگەیەكی بەهێز پێشكەش بە شارستانییەتێكی هاوچەرخ ئۆتۆپیای ئەم گەلە بكات ،دڵنیام كاتێك بەم شێوەیە سەركەوتن كەسایەتی و بەرپرسیارێتیتان. لافاو ئاسا جۆش دەگرێ و بەندێك و كەسێك نامێنێنێ تێپەڕی نەكات بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت كە ئایا جێگای دەست خۆشییە !؟
داهاتوو وەڵامی ئەم پرسیارەمان ئەداتەوە .....
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی