کوردستان :

29/02/2024

ئەحمەدی مەلا


واتە گەڕانەوە بۆ گوندەکان، بوژانەوەی ژێرخانی راستەقینە، بوژانەوەی خاک، گەڕانەوە بۆ رۆحی گەردوون...دورستکردنی شار تەنها لە دوای دروستکردنی گوندەوە دروست دەبێت، ئەوەی دیکە لە کەڵەکەبووی چەمنتۆ و بلۆک و شیش و پیسبوونی ژینگە و پانتاییەکی بێسەروبەری بێ بەرهەم، هیچی دیکە نییە.
ئەوەی لە هەرێم بە ناوی شارەوە دروستبووە، لە قەڵەباڵغییەکی بێ مانا زیاتر نییە، لە فۆرمێکی بێ رۆح زیاتر هیچی دیکە نییە، زل و زەبەلاح بە بێ ئەوەی بووبێ بە شار. وەک ئەو منداڵە زۆرخۆرەیە کە ئیدی کۆنترۆلی خۆی پێ ناکرێ!
کوردستانی ئایندە واتە گوند، بەڵام گوندی زیندوو، بوژاوە، بەرهەمهێنەر، ژینگەپارێز، تەندروست، بێ تەکلیف، بە بێ دوکەڵی ملیۆنان ئوتومبێلی دژە ژینگە.
دروستکردنی بەنداو، چاندنی داروبار، بەڵام نەبێ بە گوندی ئەڵمانی و ئەمەریکی و ئیتالی، چونکە ئەو گوندانە نە گوندن، نە ئەڵمانیاو ئەمەریکا و ئیتالیان، ئەوانە، پڕۆژەی سەرمایەگوزارییەکی بێ بەرهەمی رووتن...
ئێمە، حاڵی حازر نە بووین بە خاوەن شار، نە گوندەکانمان بە تەواویی بوژاونەتەوە، ئەم کەڵەکەبوونە هەم بێزارکەرە بۆ لەش، هەم رۆحمان دەپووکێنێتەوە. سەرچاوەی دەیان نەخۆشی هاوچەرخە بە بێ پزیشکی سەردەمانە...
گوند سەبەتەی خۆراکە، ساباتی ئایندەیە، خەرجکردنی هێزی بازووە بەرەو ژیانێکی تازە...بەرهەمێنانی وزەی بەردەوامە و بەرهێنانی وزەی تەندروستە.
گەورەترین قەڵغانمان بۆ رووبەڕووبوونەوە، بوژانەوەی خاکە،،،
خاک هێلانە مەزنەکەی رۆحی داماوی کوردەواری...
خاک هیلاکە بە دەستمانەوە....
رەنگە ئەمە داهاتووی مرۆڤیش بێ!!
ئابووری بێ بەرهەم لە ماڵی جاڵجاڵۆکە توڕەهاتترە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی