مەعریفە ڕیكلامی ناوێ!

05/03/2024

فوئاد سدیق

مەعریفە لەو ئاوە مەنگە قووڵە دەچێت كە بەهێمنی‌و بەبێ هاشوهووش شوێنی خۆی دەكاتەوە، بەڵام كاتی پێویستە، ئەوانەی بەرهەمێكی سەقەتیان بەدەستەوە گرتووەو كامێراو تیڤییەكانی بۆ كۆدەكەنەوە، په‌یوەندی بەمەعریفە نییە، ئاخر تەنها لەناو كورد نوسەرێك ساڵێك یان دوو ساڵ یان 10 ساڵ خەریكی كتێبێك بێت، كەچی بەخۆڕایی دابەشی بكات، دابەشكردنەكەش مەرج نییە ئەوكەسانەبن، كە خوێنەری ڕاستەقینەبن، ئەمە لەسەیرو سەمەرەكانی جیهانە.

نیچە پێشبینی شەڕێكی گەورەی جیهانیی كردبوو، كەچی تا لەژیاندابوو كەس كتێبەكانی نەدەكڕی، داڤیدهیوم كەس كتێبەكانی نەدەكڕی، ناچاربوو ناونیشانی كتێبەكەی بگۆڕێت‌و بەشێوەی دوو بەرگ جارێكی دیكە چاپی بكاتەوە، بەڵام دیسان هەر كەس نەیدەكڕی، بەڵام ئەوەتا زۆربەی فەیلەسوفەكانی پۆستمۆدێرنە بەنیچە سەرسامبوون، داڤیدهیومیش بوو بەدامەزرێنەری قوتابخانەی ئەزمونگەریی لەبەریتانیا.

ئەفلاتون 2500 ساڵ پێش ئێستا فەلسەفەكەی خستەڕوو، ماوەی 2500 ساڵە وەك هایدگەر دەڵێت: هەموو فەیلەسوفەكانی ڕۆژئاوا لەدامێنی ئەفلاتونەوە لەدایكبونە. 2500 ساڵە، ئەفلاتون زیندوەو تائێستاش گفتوگۆی جدی لەسەر فەلسەفەو دیالۆگەكانی دەكرێت، نە نیچە، نەهیوم، نەئەفلاتونیش ڕۆژێك لەڕۆژان، بۆ چركەیەكیش ڕیكلامێكیان بۆ هیچكام لەكتێبەكانیان نەكردوە.

ئەرستۆ 1000 ساڵ حوكمی كرد، خۆ هیچ بەرتیلی نەدابوە كڵێسا تا بیكەن بەمیتۆدی ژیانی مەسیحییەكان، ئەرستۆ 384 ساڵ پێش مەسیح لەدایكببوو. ئەوە قەشە بەناوبانگەكانی وەك تۆما ئەكوینی بوو هات هەوڵی ئەوەیدا فەلسەفەو بیروباوەڕی كاسۆلیكی بەیەكەوه‌ ئاشتبكاتەوە، ئەوە قەشە بەناوبانگەكانی سەرەتای مەسیحییەت بوون فەلسەفەی ئەرستۆیان كرد بەمیتۆدێك بۆ هەموو مەسیحییەكان. ئەوكات زیاتر لە 500 ساڵ بوو ئەرستۆ لەژێر خاك‌و خۆڵی ئەسیناوە نێژرابوو.

برادەر! تۆ بۆ ئەو چركەساتە دەنووسی كە تێیدا دەژی، یان دەتەوێ نوسینەكانت هێزی مانەوەیان هەبێت‌و ببن بەسەرچاوەیەكی گرنگ بۆ داهاتوو!، ئەمە پوختەو بنچینەی نوسینەكەیە. ئەوانەی بۆ ئەو چركەساتە دەژین، نوسینەكانیان دەكەونە دەرەوەی فكرو داهێنان، دەكەونە دەرەوەی ڕۆشنبیریی‌و ڕۆشنگەری، تەنها ژماره‌یەكی بێمانا لەكتێبەكانیان زیاد دەبێت، بەڵام كەخۆی چوە ژێرگڵەوە، ئیتر هەموو كتێبەكانیشی بۆ تاهەتایە دەنێژرێن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی