دەستبردن بۆ کەفی دەریا کەسی لە مردن ڕزگار نەکردوە

23/03/2024

ئارام هادی


ژانی لەدەستدانی پێگە و لەدایک بوونی ژیانێکی نوێ، ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی چەوتی حوکمڕانی، دەستاودەستکردنی دەسەڵات و گەڕاندنەوەی هاوسەنگی و بەکارهێنانی بە دیدگا و ستراتیژی نوێ کە لەخزمەت پڕکردنی گیرفان و سفرە و خوانی هاوڵاتیان بێت و سەرچاوەکەی لە ئاشتی و سەقامگیری و بەهێزکردنی پایەکانی دامەزراوەی حوکمڕانی و خزمەتی زیاتر بە پرسە نەتەوەییەکان پێکهاتبێت، ڕێگەنادات چیتر "موچە و ئاوەدانی" گرێ کوێرەبن و چارەسەری ڕیشەییان بۆ دەدۆزرێتەوە.

"خیانەت و ناپاکیی" مۆری لە تەوێڵی ئەوانە داکوتاوە کە بەم مانگی پیرۆزی ڕەمەزانە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیان زیندانی کردووە و موچەخۆرانیان ناچار بە وەرگرتنی سەبەتەی خۆراکی خێرخوازی کردوە، ئێمە پێویستمان بە تێرکردنی تاکەکانی کۆمەڵگەیە بۆ ئەوەی خاک و نیشتمان و قەوارەی هەرێمیان خۆش بوێت و لەبەرامبەر مەترسیەکان بیپارێزن، تۆش کە ستراتیژی پێچەوانەت هەیە و بۆ قایمکردنی سنوری خۆت دەرگا و دیوار و ئاسمانی نیشتمان بەلولەی دەبابە و فڕۆکەی دوژمن دەڕوخێنی !!، ئەنجامەکەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمجار دەچنیتەوە.

هاوار و تکا کرا کێشەکان لەناوخۆ و بەتێزی خۆماڵی چارەسەربکرێت، کەتۆ باوەڕت بە لێکتێگەیشتنە کوردەواریەکان نەبێت، دەستەو ئەژنۆ دانیشتن تاوانی گەورەیە و ڕێکارە یاساییەکان چارەسەری ڕیشەیی بەدواداهات،  چیتر ڕێگە نادرێت بابەتی "دیلکردنی موچە و گزیکاری لە هەڵبژاردن " کارتی فشاربێت و دژی هاوڵاتیان بەکاری بێنن.
ئێستا ساتی بیرکردنەوەی لۆژیکی و هەنگاونانی بەپەلە و دابەشکردنی موچەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە بەئەنقەست دروستکراوەی کەخەڵکی برسی کردووە، دەبێت باشتر بزانن پەنابردن بۆ قەڵەمە چەورەکان و لێدوانە چەواشەکاریەکانیان سکی برسیەکان تێر ناکات و وەک دەستبردنە بۆ کەفی دەریا کە هەموومان باش دەزانین "دەستبردن بۆ کەفی دەریا کەسی لە خنکاندن و مردن ڕزگار نەکردووە".

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی