سێ جۆر ماف و ملیۆنێری بێئیش

25/03/2024

مەریوان وریا قانع


ئەوەی لە کۆمەڵگای ئێمەدا پێویستە رروبدات, دەستەبەرکردنی کۆمەڵێک مافە کە بەبێ ئەوان ناتوانین نەک تەنها پێشبکەوین و لەو پێگە مێژووییە خراپەی خۆماندا نەچەقین، بەڵکو دەشێت لەناوبچین و بپوکێینەوە و نەمێنین. دەشێت ئەو مافانە بەم شێوەیە ریزبەندبکەین.
یەکەم، مافە ئابورییەکان. ئەمەش دەبێت ناونیشانێکی گشتیی بێت بۆ سەرلەنوێ  دابەشکردنەوەی سامانی نیشتیمانیی و نەتەوە، دابەشکردنەوەیەکی دادەپەروەرانە و بەویژدانانە ئاراستەی بکات. کە باس لە دادپەروەریی دەکەم باس لە ڕێزگرتنی ئەو نەوانەش دەکەم کە لەدایکنەبوون و پاراستنی ئەو ژینگەیەش کە لانکی سروشتیی مرۆڤە. ئەو ئابورییەی لە ئێستادا لە دونیای ئێمەدا سەروەرکراوە بەردەوام دووجۆر بێئیش دروستدەکات. یەکەمیان بێئیشێکە کە دەبێت بە ملیۆنێر و ملیاردلێر، ئەمانە ئەو بێئیشانەن کە سەر بە خێزان و بنەماڵە و نوخبە حوکمڕانەکانن. دووھەمیان بێئیشێکە کە توانای دابینکردنی پێداویستییە ھەرە سەرەتاییەکانی ژیانی خۆی نایەت، ئەمەش بەشێکی گەورەی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگای ئێمەیە، بە تایبەتی نەوە گەنجەکان.
دووھەم؛ مافە سیاسییەکان. خاڵی ھەرەسەرکی لێرەدا گەورەکردنی بازنەی ئازادییەکان و رەخساندنی ھەل و دۆخی بەشداریکردنی سیاسییە. ئەمەش لەمڕۆکەی کۆمەڵگای ئێمەدا، بەر لە ھەمووشتێک، مانای رزگاکردنی سیاسەتە لەو ھەموو ئاکار و تۆمەتە ناشیرینانەی ئەمڕۆکە دەدرێتە پاڵی و یەکسانکردنی بە دەسەڵاتپەرستیی و دزیی و جەردەیی و خراپەکاریی و گەمژەیی. خاڵی سەرەکیش لە گەڕاندنەوەی نرخ و بەھا بۆ سیاسەت وەک یەکێک لە چالاکییە سەرەکییەکانی مرۆڤ لە جیھاندا، دیسانەوە لە کۆمەڵگای ئێمەدا، بریتییە لە دروستکردنی ھەل و ئەگەری ڕاستەقینەی دەستگۆرکێی دەسەڵاتی سیاسیی. ئینجا ڕزگارکردنی سیاسەت لەو قۆرخکردنە خێزانیی و بنەماڵەییەی وەک لەعنەتێکی گەورە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئامادەیە.
سێھەم، مافە کۆمەڵایەتییەکان. ئەمەشیان کۆی ئەو مافانە دەگرێتەوە کە پابەستن بە پیادەکردن و دابینکردنی ”دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی“ و ”فەرهەنگیی“ەوە لەناو کۆمەڵگا خۆیدا. خاڵی سەرەکیش لەمەدا بریتییە لە داننان بە جیاوازییەکان و پاراستن و ریزگرتنیان لەناو کۆمەڵگادا. ئەمەش لە ئاستە کردەییەکەیدا مانای لابردنی زوڵمە کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی و ئەتنیی و دینییەکان لەسەر ھەموو ئەوانەی کە جیاواز بیردەکەنەوە و جیاواز دەژین، لەسەر ژنان و ئەوانەیتر کە لە پێگەی کەمینەی دینیی و نادینیی و کۆمەڵایتی جیاوازدان. دابینکردنی ئازادیی بیرکردندنەوە و نووسین و ڕادەربڕین، ئازادیی ویژدان و رەخنەگرتن و لێپرسینەوە لەوانەی ئەم مافانە پێشێلدەکەن.
پرۆژەی دابینکردنی ئەو مافە سەرەکییانە کە باسمکردن، سەرچاوەکانیان، رەگوڕیشە فەرھەنگییەکانیان، گرنگ نییە چین و لە کوێوە دێن. چۆن پێناسەدەکرێن و دەدرێنە پاڵ کام ئایدیۆلۆژیا و جیھانبینیی تایبەت، گرنگ ھەستپێکردن و بوونی ئیرادە و خواستی پیادەکردن و سەروەرکردنی ئەو مافانەیە. کەسانێک ھەن ئەم پرۆژەیە دەدەنە پاڵ خۆرئاوا، کەسانێکی تر دەیبەستنەوە بە ئیسلامەوە، کەسێکی دیکە وەک پرۆژەیەکی لیبرال سەیریدەکات، یەکێکی تر پێیوایە مۆدێرنەیەکەی ناکاپیتالیستییە، ھتد.. ھەموو ئەم ناونانە کاتێک مانایەکیان دەبێت کە کار و پرۆژەی مێژوویی ڕاستەقینە لە ئارادابن بۆ پیادەکردنیان. ئەوەی ئەمڕۆکە لە دونیای ئێمەدا دەیبینین غیابی تەواوەتی ئەو بکەرانەیە کە ھەڵگری پرۆژەیەکی لەو شێوەیە بن. ئەوەی ھەیە ململانێیەکی ناشیرینە لەسەر دەسەڵات، لە کۆمەڵگایەکەدا، باوەڕی بە ھیچ یەکێک لە بکەرە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان نەماوە. کۆمەڵگایەک گیری بە دەست چەند نوخبەیەکی نارسیستیی بیمارەوە خواردوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە