ئۆجالان: دەوڵەتی تورک حەماسی کوردی دروست دەکات.

29/03/2024

سەلاح خدر


دەوڵەتی تورک لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا هێزێکی ڕەش و مەترسیداری بەناوی حزبوڵا دروست کرد کە بەهۆی تاوان و تیرۆرەکانیانەوە لەناو کوردانی باکوری کوردستاندا بە حزبولکۆنترا ناوی دەبرا.
لەو سەردەمەدا دەوڵەتی تورک زۆرێک لە سیاسەتمەدار و وڵاتپارێزانیان بەدەستی ئەو هێزە تیرۆر کرد، ئێستاش هەمان هێز لەژێر ناوی جیاوازدا بەردەوامن لە کردەوە تیرۆرییەکانیان.
دەسەڵاتداری فاشیزمی تورکیا لەساڵی ٢٠١٢ دا حزبی (هوداپار) یان وەک بەردەوامی حزبوڵا دروست کرد و هێنایە سەر شانۆی سیاسی.
لەڕابردوودا ڕێبەر ئاپۆ پێشبینی و سەرنجی خۆی لەبارەی ئەو هێزەوە ئاشكرا کردبوو و وەک حەماسی فەڵەستینی بەناوی کردبوو و گوتبووی، دەوڵەتی تورک دەیەوێت حەماسی کوردی دروست بکات.
دەوڵەتی تورک بە هاوپەیمانی کۆمار و لەسەر بنەمای قڕکردن و دژبەری کوردان لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی گوڵانی ٢٠٢٣ دا پارتی هوداپار کە لەناو گەلی کورد دا بەحزبولکۆنترا ناسراوە بۆ یەکەمجار خستە پەرلەمانی تورکیاوە.
گەرچی لەبەرامبەر ئەو کارەدا لەهەندێک دەوروبەری تورکیاوە ناڕەزایەتیی نیشاندرا، بەڵام وەزیری ئەوکاتی دەرەوەی تورکیا سلێمان سۆیلو لەوەڵامی ناڕەزایەتییەکاندا گوتبووی ئەوە فکری دەوڵەتە و هەنگاوێکی ستراتیژییە.
دەوڵەتی تورک لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا حزبوڵای دروست کردبوو لە زۆربەی شارەکانی باکوری کوردستان ڕێکیخستبوون لەڕێی ئەوانەوە چەندین وڵاتپارێزی کوردیان تیرۆر کرد، پاشان ناوی خۆیان گۆڕی بۆ هوداپار.
ئێستا دەوڵەتی تورک لەڕێی ئاکەپەوە هەوڵدەدات هوداپار وەک هەنگاوێکی ستراتیژی زیاتر بەڕێکخستن بکات.
ڕێبەر ئاپۆ کەماوەی ٢٤ ساڵە لە دورگەی ئیمراڵی لە گۆشەگیرییەکی دژواردا دەژی لە دیدارێکیدا لە ١٩ی ئەیلولی ٢٠٠٧  لەگەڵ پارێزەرەکانی لەبارەی حزبولکۆنترای هوداپارەوە گوتبوو، ئاکەپە دەیەوێت حەماسی کوردی دروست بکات ئەوەش بەشێکە لە پڕۆژەی لەناوبردنی کوردان.
ڕێبەر ئاپۆ داوای لەگەلی کوردیش کردبوو کە هەرگیز کارە قێزەونەکانی حزبولکۆنترایان لەبیرنەچیت و گوتبووی،( لەڕابردوودا بەناوی حزبولکۆنترا دژی ئێمە بەکاریانهێنان و هەزاران وڵاتپارێزیان لەڕێی ئەوانەوە تیرۆر کرد، ئێستاش ئاکەپە دەیەوێت حەماسی کوردی دروست بکات، چۆن لەڕێی حەماسەوە ڕێکخستنی ڕزگاریخوازی فەڵەستینیان لەناوبرد، دەیانەوێت هەمان شت بەسەر پەکەکەشدا بهێنن).
ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی بەوەکردووە کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت پەکەکە لەناوبەرێت و حزبولکۆنترا بخاتە شوێنی، هەربۆیە هۆشیاری دەدات و داوا دەکات گەلی کورد دژ بەو پیلانە مەترسیدارە بکەونەخۆ.
لەبارەی حەماسیشەوە دەڵێت (ئەو ڕێکخستنە هیچ پەیوەندییەکی بەئاینی ئیسلامەوە نییە، من پەسنی ئیسرائیل نادەم بۆچونی من لەبارەی ئیسرائیلەوە ئاشکرایە، بەڵام شەڕی حەماس تەنها بۆ دەسەڵاتداری خۆیەتی، خاوەن هیچ ئامانجێکی پیرۆز و شۆڕش نین، حەماس و ئاکەپە وەک یەک وان، ئیسلامی ئاکەپەش ئیسلامی دەسەڵاتدارییە، ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بەڕاستینەی ئیسلامەوە نییە بەڵکو تێگەیشتنێکی سیاسی ساختەیان بۆ ئیسلام هەیە، لەپێناو مانەوەیان لە دەسەڵاتداریدا ئیسلام بەکاردەهێنن و بۆ دەستکەوتی زیاتری ماددی بەناوی ئیسلامەوە بانگەشە دەکەن).
ڕێبەر ئاپۆ لە بەرامبەر ئەو مەترسیە ستراتیژیەی دەوڵەتی تورک و حزبولکۆنترا واتا هوداپار هۆشیاریەکی بەم شێوەیە دەداتە گەلی کورد و بزوتنەوەی ئازادی.

(ئەوان "هوداپار" فاشیست و بکوژن، ئێوە لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەچاوی خۆتان نەتانبینی لەدواوە بەتەور لێیانداین، دەبێت گەلەکەمان لەبەرامبەر ئەوانە هۆشیاربێت و بەبەهێزترین شێوە خۆیان ڕێکبخەن، دەوڵەتی تورک دەیەوێت حزبوڵایەکی بیچەک دروست بکات، واتا ئامانجی دروستکردنی حەماسێکە کە لەڕێیەوە هەموو هەرێمەکە بخاتە ژێر دەستی خۆی، وەک ئەوی لە فەڵەستین کردیان کە چۆن بزوتنەوەی ڕزگاری فەڵەستینیان لەناوبرد، ئامانجی سەرەکیان لەو کارەش قڕکردن و لەناوبردنی گەلی کوردە، چونکە بەڕێبازی کلاسیک نەیانتوانی کورد لەناو بەرن بۆیە ئێستا ئەم ڕێبازە تاقیدەکەنەوە، دەوڵەتی تورک سوپایەکی ٥٠ هەزار چەکداری بەپارەیان دروست کرد و هاوتەریبی ئەوەش سوپایەکی زیاتر لە ١٥ هەزار مەلایان بۆ تەرخان کرد، ئێستاش بەچەندین شێوە هەوڵی لەناوبردنی گەلی کورد دەدەن).

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی