چارەنوسی حکومەتی هەرێمی کوردستان

01/04/2024

عومەر قادر


  چارەنوسی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەگەری بەشداری نەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
      
کۆتایی هاتنی وادەی تەسلیم کردنی لیستی قەوارە سیاسیەکان  بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەبێ بەشداری پارتی دیموکراتی کوردستان، پێویستە بەوردی و دور له دەمارگیری حزبی لێکدانەوەی لۆژیکی بۆ بکرێت ؟!
ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان وەک گەورەترین هێزی سیاسی هەرێم ئاوتکردنی خۆی بە حالەتێکی دیموکراتی وئاسایی وەردەگرێت ؟
ئایا چارەنوسی هەرێم بەبێ بەشداریکردنی پارتی لەدەستەڵات بەیەکگرتووی دەمێنێتەوە؟
ئەم ئەگەرانەو چەندانی تر لێکدانەوەی مسٶلانەی دەوێت،
روونە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی هەستیارو مەترسیدار گوزەر دەکات، وای دەبینم ئەم دۆخە خولقاوە لەبنەرەتدا وەک پیلان بە هەمئاهنگی و ژێر بەژێری( تورکیا ـ ئێران) بە ئاگاداری عیراق بەرێوە دەچێت بۆ گەراندنەوەی هەرێمی کوردستان بۆ چوارگۆشەی سفر.
بەڵام ئەوەی جێگەی داخە کۆی لایەنە سیاسیەکان بە ئۆپۆزیسیۆن و دەستەڵات بەپێ پێگەو قەبارەیان بەشێکن لەجێبەجێکردنی ئەم ئەجێندایە،
لە ئەگەری ئاوتکردنی یەکجارەکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەکەمترین ئەگەردا هەرێمی کوردستان دەبێتە دوو ئیدارە ، ئەجندای ئیقلیمی تەواو زاڵ دەبێت، شتێک نامێنێ بەناوی کیانی سیاسی یەکگرتوو لەباشوری کوردستان. ئەم قۆناغەش دوای زنجیرەیەک توندو تیژی و تداخلاتی ئیقلیمی نەخوازراو لە ژێر پاساوی دژایەتی تیرۆر بە دیاریکراوی جوڵەی تورکیا رودەدات، پێشهاتی نەخوازراو بۆ سەوز ئەگەری نزیکە.
لەم حاڵەتەشدا دابەشکاری ناوچەیی لە نێوان یەکێتی و پارتی ترسناکترو خراپتر دەبێت.
لە ئێستا هەمئاهەنگی یەکێتی لەگەڵ گروپەکانی نزیک لە ئێران و پشتیوانی بریارەکانی محکمەی فیدراڵی و ئەبدێت کردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ روسیا.. وەک کاردانەوە بۆ میحوەرو لایەنی بەرامبەر دۆخەکە هەستیار تر بووە.
 لەکاتێکدا ئەمریکا لەدواساتەکانی کۆتایی پێهێنانی شەری غەزەیە،
بە مەبەستی ئەوەی پێداچونەوە بە پێگە لەدەستچووەکانی خۆی بکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دیاریکراوی ( عیراق)،
 لە ئێستادا ئێران کۆنترۆڵی کۆی جومگەکانی عیراقی کردووە، واتا ئەمریکا لە کۆی هەژدە پارێزگایی عیراق تەنها لە هەولێر بە پێگەیەکی لاواز ماوە، بۆیە ئەمریکا لە قۆناغی ئامادەکاری و  دەستکرانەوەدایە بۆ بە هێزکردنەوەی پێگەی لە عیراق، لەم حاڵەتەدا پارتی بێ  ئاگاو ئەجندا نیە لەم ئامادەکاریانە. لە ئەگەری ئاوت کردنی پارتی یەکجارەکی لەپرۆسەی سیاسی هەرێم،بەدڵنیایی بازنەی روداوەکان فراوان دەبێت،ئەگەر کورد لە پرۆسەی ئازادی عیراق سودمەندی یەکەم بووبێ، ئەوا لە ئەگەری روداوەکانی ئەم قۆناغە کورد قوربانی یەکەم دەبێت، بوغرایی پارتی و بێباکی یەکێتی دوو ئەکتی شێرپەنجەی ئەم دەرفەتە مێژوویەن.
داماڵینی پارتی لەکۆمەڵێک کورسی موزەیف  کارێکی ئەرێنی بوو. بەڵام هەڵپەی (یەکێتی)ش بۆ بەهێند نەگرتنی دۆخەکە به بەراورد لەگەڵ دوربینەکانی مام جەلال بە ئەکتێکی ئەقڵانەی نابینم. یەکێتی لە دیدی ئێران و پارتی لە دیدی تورکیا ئامرازن نەک ئامانج. سەرنج بدەن
 بزوتنەوەی( حماس) بەدرێژای مێژوو پشتیوانی ئێرانی کرد،
 حماس پێ وابوو لە هەموو قۆناغەکان ئێران پشتیوانی دەبێت، بۆیە بوغرایی تەواوی بەدەنی گرتبوو، کاتێک هەڵە گەورەکەی کرد بەرامبەر ئیسرائیل، دواجار ئێران پاراستنی ئاسایشی خۆی لە پێش زەرورەتی بەرگریکرد لە حماس زانی، دواجار حماس بەبەرچاوی ئێران هاردرا. هەمان دۆخ لەرابردوو روویداوە، کاتێک یەکێتی 1996 هاوکێشەی ناوچەیی و نێونەتەوەیی لەبەر چاونەگرت چ کارەساتێک رووی لە دەڤەری سلێمانی کرد، هەرچەندە لە ئێستادا شەری ناوخۆ ستایلی کلاسیکی جەبهەیی نابینم ، بەڵام دەخالەتی ئیقلیمی بە ئۆکەی ئەمریکا بە ئەگەرێکی نزیک دەبینم. روداوەکان بەهەردوولایەن و زۆن ئەگەری کراوەن. بەڵام
چارەنوسی حکومەتی هەرێم لەم حاڵەتەدا خۆی لەدوو ئیدارەدا دەبینێتەوە، خراپترین ئۆپشن لەدوای ئەم قۆناغە زەمینەی هەموارکردنەوەی دەستور دەبێتە دیفاکتۆ لەعیراق. لەکاتێکدا ئەو کات کورد قودرەتی رێگریکردنی نابێت.
بۆیە پێشمەرجی مانەوەی هەرێم و حکومەتی یەکگرتوو رێکەوتنی سیاسی یەکێتی و پارتیە. بە پێچەوانەوە کورد دەکەوێتە قۆناغی پیلانگێریەکی خۆبەخۆی ناوخۆی ترسناک.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی