دوای ئەوەی پارتی ناوی کاندیدەکانی پێشکەشی کۆمیسیۆنی عیراق نەکرد و کۆمیسیۆن-یش سوربونی لەسەر بەردەوامبونی پڕۆسەکە نیشاندا و رۆژی شەممەی داهاتویش (6/ 4/ 2024)ژمارە بە قەوارە بەشداربوەکانی هەڵبژاردن دەدات و دوێنێ شەویش، وتەبێژی پارتی رایگەیاند: "ئەگەر بەم یاسایەی ئێستا و بەم دۆخەوە هەڵبژاردنیش دوابخرێت، هەر بەشداریی ناکەین"...، کۆی ئەم کاردانەوانە، چەندین رەهەند و مەغزا و پێشهاتی دیکە لەگەڵ خۆیان دا دەهێنن، گرنگترینیان:
1- پارتی و بەغداد (بە حکومەت و دادگای فیدڕاڵیی و کۆمیسیۆنەوە)، لە قۆڵبادانی یەکتریدان و بەغداد بەئاسانیی سازش لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیی ناکات و "پارتی"یش هەمو فشارەکانی بۆ نەهێشتن، یان لاوازکردنی شەرعییەتی ئەم دادگایەیە و "چوارچێوەی "هاوئاهەنگیی"ی شیعە باڵادەستەکانیش، بەتوندیی رەتیدەکەنەوە.
2- لەم قۆلبادانەدا، بەغداد و بەرەکانی بەهێزترن، بەڵام لەسیاسەت دا، مەرجنیە هەمیشە بەهێزەکان تا مریشکە رەشە بڕۆن و دەشێ لە ئاستێکی سازشکردن دا بە پارتی، بوەستن و هەڵبژاردن بۆ ماوەیەک، کە لە ساڵێک کەمتر نەبێت، دوابخەن.
3- دواخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن بەغدادەوە (بە مەرجی بەدیهێنانی چەند دەسکەوتێک و لاوازترکردنی هەولێر)، ئاساییە و ئەمەیش دەرگا بۆ کردنەوەی چەندین بڕیاری دیکە لە بەغدادەوە دژی هەولێر، دەکاتەوە.
4- سوربونی کۆمیسیۆنی عیراق لەسەر درێژەدان بە بەردەوامبونی رێوشوێنەکانی هەڵبژاردن و پێدانی ژمارە بە قەوارەکان، لەو سۆنگەیەوەیە کە "جدییەت!"ی زیاتری بەغداد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نیشانبدات؛ بۆ ئەوەی ئەگەر بەهۆی هەر هۆکارێکەوە بێت، ئەم پڕۆسەیە رابگرێت و هەڵبژاردن نەکرێت، بەغداد بە دەسکەوتەوە لێی دەربچێ و لەداهاتویش دا، دەستی ئاوەڵاتربێت بۆ بڕیاردان دژی هەولێر.
5- ئەگەر هەڵبژاردنیش بکرێت بەبێ پارتی، رێگاکە گوڵڕێژنەکراوە (ئەگەر مینڕێژنەکرابێت) و پێموانییە پارتی بتوانێت ببێتە ئۆپۆزیسیۆن، چونکە پێکهاتە و خەسڵەتی پارتی و یەکێتیی و بارگرانییە داراییە حزبییەکانیان بەجۆرێکە، ئۆپۆزیسیۆنبونیان، مانای بچوکبونەوەیان ( ئەگەر نەڵێین مەرگ) دێت و ئەمەیش بەلایانەوە هێڵی سورە، بۆیە "پارتی"یش بۆ دواخستن و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن تا ماوەیەکی دور، یان ئەنجامنەدانی بەم دۆخەی ئێستا و بەم یاسایەی ئێستاوە، پەنا بۆ راکێشانی کارتی دیکەی فشار دەبات، کە هێشتا هەندێ لەو کارتانەی رون نین، بەڵام کارتەکانی فشاری بەغداد بەهێزتر و کاریگەرتریش دەبن بۆ مەودای دور. واتا: دۆخەکە لە دانوستاندن تێپەڕیوە و قۆناغی قۆڵبادان هاتوەتە پێشەوە.
بۆ ئێستا، ئەم چەند دێڕە بەسن
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی