سەردانەكەی ئەردۆغان.. كلیلی چارەسەر، یان دەستپێكی شەڕ؟

22/04/2024

كوردۆ فەرەج

سەردانە چاوەروانكراوەكەی ئەردۆغان بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، بۆ رێككەوتنی ستراتیژییە لە نێوان هەردوو وڵات، لەڕووی ئەمنی و ئابووری و سیاسیی و ئاو، كە بە رێككەوتنەكان چ لەڕووی ڕووبەرووبوونەوەی عێراق و هەرێمی كوردستان لەبەرانبەر پەكەكە دەباتە قۆناغێكی دیكەوە و هەم لەڕووی ئاو و ڕێگای گەشەپێدان، عێراق دەباتە قۆناغێكی دیكەی پێشكەوتنەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا، لەم سەردانەیدا عێراق و كوردستان دەباتە قۆناغێكی دیكەوە، چونكە بەشێك لە حیزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق گەشبین نین بە لێكەوتەكانی دوای سەردانەكەی ئەردۆغان و بەشێك لە حیزب و لایەنەكانی دیكە بە پێچەوانەوە ئامادەكارییان كردووە و بۆ هاتنی سەرۆك كۆماری توركیا و حكومەتی عێراقیش ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی چەندین رێككەوتنی ستراتیژیی و چەندین لێكتێگەیشتن لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
بەشێك لەهاوڵاتییانی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، فشارێكی زۆر لە حكومەتی هەرێم دەكەن كە لەبارەی لێدان لە پەكەكە هیچ رێككەوتنێك ئەنجامنەدەن و شەڕی كورد بە كورد نەكرێت، بەڵام بەشێكی گرنگی سەردانەكەی ئەردۆغان لەبەرانبەر ئەو رێككەوتنە سێ‌ قۆڵییە لەنێوان توركیا و عێراق و هەرێمی كوردستان پێكەوە بەشدار بن لەو شەڕە، بەمەش كێشمەكێشی سیاسیی لەناوچەكەدا زیاتر دەبێت و پەكەكەش خۆی بۆ ئەو شەڕە ئامادەكردووە.
حكومەتی عێراق، بە چاوێكی گرنگەوە دەڕوانێتە سەردانەكەی ئەردۆغان، چونكە عێراق و توركیا لەسەر كۆمەڵێك دۆسیەی هەڵپسێردراو گفتوگۆ دەكەن، لای خۆشییەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە سەردانەکەی ئەمڕۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ عێراق کردووە و وێڕای ئاماژەدان بە هاوکارییەکانیان لەگەڵ عێراق لە بوارەکانی ئاسایش، وزە، کشتوکاڵ، ئاو، تەندروستی و پەروەردەیی"، جەختی لەوەش کردووەتەوە كە "رێککەوتنی سەرەتایی بۆ واژوکردنی زیاتر لە ٢٠ رێککەوتننامە لە سەردانی سەرۆککۆمارمان بۆ عێراق، ئەنجام دراوە. ئەمرۆش بە ئامادەبوونی سەرکردەکان، ئەو رێککەوتننامانە واژۆ دەکرێن".
لەكاتێكدا چوار دۆسیەی گرنگ لە بەرنامەی کاری سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیادایە، ئەوانیش، دۆسیەی ئاو، پڕۆژەی ریِگای گەشەپێدان، دۆسیەی ئەمنی و دۆسیەی کاری کۆمپانیا تورکییەکان لەعێراق. ئەو دۆسیەیەش گرنگی خۆی ھەیە لە بەھێزکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات، بەڵام وادەبینم لەپاش سەردانەكەی ئەردۆغان هەنگاو بە هەنگاو كاریگەری گفتوگۆ و رێككەوتنەكان دەربكەوێت و دۆخی ناوچەكە بچێتە قۆناغێكی دیكەوە.
بەم سەردانەی ئەردۆغان بۆ هەرێكی كوردستان بە تایبەتی دەبێتە یەكەم سەرۆك كۆمار كە بەفەرمی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و تێدا واژۆكردنی دوو ڕێككەوتنی ستراتیجی و زیاتر لە 20 یاداشتی لێكتێگەیشتن، لەبارەی دۆسیەی ئاو ڕێككەوتنی چوارقۆڵی عێراق، توركی، عێراق، قەتەری و ئیمارات، واژۆدەكرێت، لەبارەی رێگای گەشەپێدان و نزیكبونەوەی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەكان و دۆسیەی ئاو و ئاسایش بۆ عێراق و توركیا لە پرسە گرنگ و یەكلاكەروەكانن.
ئەوە گرنگە، تا چەند عێراق و هەرێمی كوردستان ئامادەن بچنە ژێر یەكێك لەهەر رێككەوتننامە گرنگەكەی كە ئەردۆغانی پەلكێش كردووە بۆ ناوچەكە و عێراق و هەرێم لێ‌ دەترسن، ئایا ئەو رێككەوتننامەیە هەموو رێككەوتننامەكانی دیكە بەتاڵ دەكاتەوە یان عێراق بە ناچارییەوە دەچێتە ژێر باری ئەو دۆخە، رۆڵی وڵاتانی ناوچەكە چی دەبێت و دۆخی ناوچەكە چی بەسەردێت؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی