ساڵیادی ئەنفال و کیمیابارانی گوندەکانی گۆپتەپە و عەسکەر

05/05/2024

ئارام هەڵەدنی


سی و شەش ساڵ بەسەر  
 گوندەکانی( گۆپتەپە و عەسکەر )دا تێدەپەڕێت ڕژێمی بەعسی ڕوخاو لە قۆناغەکانی ئەنفالدا بۆ ئەوەی لە پرۆسەکەدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت بێ گوێدانە یاساکانی مرۆڤ چەکی کیمیایی بەکار هێنا ، هێشتا لە قۆناغی یەکدا بوو پەلاماری هەڵەبجەیدا و شارێکی خنکاند.
دەسپێکی قۆناغی چواری ئەنفال بەچەکی کیمیای پەلاماری گوندەکانی گۆپتەپە و عەسکەر و ناوچەی چەمی ڕێزانی دا سەدان هاوڵاتی کردە قوربانی.

قۆناغی چوارەمی ئەنفال:
قۆناغی چوارەم کە ماوەی ۱٥ ڕۆژی خایاند لە ۳/٥/١٩٨٨ بۆ ۱٨ی هەمان مانگ ناوچەکانی (شوان، شێخ بزێنی ، ئاغجەلەر، کۆیە، بەشێکی ناوچەی سورداش، خەلەکان یەکەم)ی گرتەوە  ، کە راستەوخۆ زیاتر لە ٢٠٠ هاوڵاتی و پێشمەرگە شەهیدبوون و دواتر بەهۆی کاریگەری کیمیابارانەکە ژمارەی شەهیدەکان بۆ ٥٠٠ شەهید و بریندار بەرزبۆوە، رۆژی دواتریش ئۆپەراسیۆنی قۆناغی چوارەمی ئەنفال بۆ سنوری قەڵاسێوکە و چەمی رەزان و بناری خاڵخاڵان و دەشتی کۆیە و گوندەکانی زێی بچوک دەستیپێکرد، کە لەم قۆناغە بەرفراوانەی ئەنفالدا ٢٣٧ گوند خاپورکران و زیاتر لە ٢٨ هەزارو ٥٥٠ کەس ئەنفالکران.

هێزە بەشداربووکانی تاوانی ئەنفالی چوار:
ئەم ھێزە سەربازییانەو چەندین مەفرەزە خاسەی جاش بەشداربوون لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی چواردا  (فەرماندەیی ھێزەکانی نەسر بە سەرۆکایەتی عەمید ڕوکن خالید ئەحمەد ئیبراھیم ، ھێزەکانی ٤٦ بەسەرۆکایەتی عەمید عەلی ئەحمەد محەمەد، فەرماندەیی جەحافلی دیفاعی وەتەنی ١ ، فەرماندەیی ھێزەکانی پارێزگاریی نەوت بە سەرۆکایەتی عەمید بارق ، تیپی ٣٨ ، تیپی پیادەی ئالی ٥ ، تیپی پیادەی ٨ ، تیپی پیادەی ٢ ، ئامریەی مەواقعی فەیلەقی ١ بە سەرۆکایەتی عەمید ڕوکن عەلا محەمەد تەھا ، لیوای پیادەی ٤٤٤ ، لیوای پیادەی ١١٠ ، لیوای پیادەی ئالی ٤٦ ، لیوای مەغاویری ١ ی فەیلەقی ١ ، فیرقەی مەغاویری ١٠ ، لیوای قوات خاسەی ژمارە ٦٥ و ٦٦ و ٦٨، لیوای زرێپۆشی ٤٦، فەوجی مەغاویری فیرقەی ٢٨ و ٢٧ ، فەوجی جاش و مەفرەزەی تەواری سلێمانی و کەرکووک ، ھێزی ئاسمانی و کەرتی کیمیاوی و یەکەکانی ھەواڵگری و ژمارەیەک ھێزی جۆراو جۆری تر).
لە چەندین قۆڵی جیاجیاوە هێرش کرا:
ھێرشی سەر ناوچەکانی ئەنفالی چوار لەچەندین قۆڵە دهستی پێکرد  لە چەمچەماڵەوە بە سێ قۆڵ بۆ (کانی عارەبان، شێخ پاڵەوان، پاڵکە ڕەش) ، لە تەقتەقەوە سێ قۆڵ (قەرەناو ، مخەڕەس ، جگیلە)، کۆیە بۆ (شەوگێڕ، بناری حاجی قەڵا، تیمارۆک، بەری ڕۆژئاوا) ، شوان (جولحان، عەلی بەیان، بان کەل) ، قەرەھەنجیر بۆ سەرخاسە، لە گۆپاڵەوە بۆ گەورەدێ، لە سوسێوە بۆ (عەواڵان، چەمی سورقاوشان)، لە دوکانەوە بۆ کلێسە، لە پردێوە بۆ (چیا چەرمی، گەڵۆزی، توڵکی، دەشتی ھەولێر)، لە قوشتەپەوە بۆ (کەلی قەشقە، دەشتی ھەولێر)، لە ھەولێرەوە بۆ ڕۆژئاوای کۆیە، لە شیوەسورەوە بۆ (تورکمان باخ، ناڕوجە).
تاوانی  ئەنفال تەنها شەهید و ئەنفالکردنی هاوڵاتیان نەبوو بەڵکو شێواندنی دیمۆگرافیای کوردستان بوو بە شێوەیەک کاریگەری بۆ چەندین ساڵ بەجێهێشت ، ئابوری هەموو ئەو ناوچانەی ئەنفالکران بەتەوای پەکخست ، سەدان هەزار دۆنم ڕەز و باخ و پاوان و لەوەڕگای وێران کرد.
چیرۆکە ناخ هەژێنەکانی ئەنفالکراوان لە زیندانەکانی دوبز و تۆپزاوا و نوگرەسەلمان دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە ڕژێمی بەعس هەوڵی کۆمەڵکوژی گەلی کوردی داوە و هەموو ڕێگایەکی گرتووەتەبەر بۆ ئەو مەبەستە.
لە سالیادی ئەو تاوانەگەورەدا سەری ڕێز لە ئاست ئێسک و پروسکی ئەنفالکراوان دادەنەوێنین ڕوحی پاکیان شادبێت ، سەرشۆڕی بۆ بکەرانی ئەو تاوانە قێزەونە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی