ترس لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن

07/05/2024

عومەر عەلی محەمەد



هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان لە بارودۆخێکی سیاسی تەواو جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵانی پێشوو ،لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا هەر لەگەڵ نزیک بوونەوەی هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان یان ئەنجومەی نوێرانی عێراق پارتە ئۆپۆسیۆنەکان و هاوڵاتییانی ناڕازی بە تەواوی دەکەوتنە ترس و دڵە ڕاوکێوە ،چونکە ئەوە لای هەمووان ئاشکرا بوو کە لیستی دەنگدەران پێشتر بە قازانجی یەکێتی و پارتی ڕێکخراوە و دەیان هەزار کەسی بیانی کارتی دەنگدانیان بۆ دروست کراوە و وەک لە ئێستادا خۆیان دانی پێدا دەنێن کە چوار سەد هەزار دەنگدەریان هەیە لە دەرەوەی ڕێنماییەکان کە ئامێرەکانی دەنگدان ناوەکانیان ناخوێنێتەوە، هەروەها بوونی یانزە کورسی کەمەنەتەوەیی و ئایینییەکان ،کەئەویش بە جۆرێک لە جۆرەکان لەسەر لیستی ئەوان ئەژمار کراوە ،لە لایەکی تریشەوە سەپاندنی هەژموونی خۆیان بە سەر هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە و بەکارهێنانیان لە دەنگداندا بەبێ بوونی هیچ سانسۆرێک . بەکارهێنانی هەموو جۆرە کارتێکی بەرتیل و هەڕەشە و نان بڕین و چاو سوڕکردنەوە ،،ئەمانە هەموو بوو بونەمایەی ئەوەی کە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئەنجامەکان ڕوون بن و لە حەویجە یەکێتی یەکەم بێت و لە مووسڵیش پارتی کورسییەکی زۆر بهێنێت!!
بەڵام ئەمجارەیان دۆخەکە تەواو گۆڕاوە ئەو ترسەی جاران خەڵکی ناڕازی و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان هەیانبوو، ئێستا یەکێتی و پارتی هەست بەو ترسە دەکەن و جورئەتی ئەوەیان نییە بچنە نێو هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی کوردستانەوە، چونکە لە ئەم دۆخەنوێیەدا کە هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای عێراقەوە بەڕێوە دەچێت و بە پێی هەمان ئالیەتی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەی نوێنەرانی عێراق دەبێت، بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراقیش هەرێمی کوردستان کراوە بە چوار بازنە و کورسی کۆتاکانیش بە ناسایی لە قەڵەم درا. لە ئەنجامی ئەم دۆخەنوێیەدا لیستی دەنگدەران پاک دەبێتەوە لە هەموو کەسانی مردوو دەرەوەی هەرێم و هیچ لایەنێکیش ناتوانێت تەزویر ئەنجام بدات و بەمەش هەموو لایەک قەبارەی ڕاستەقینەی خۆی بۆ دەردەکەوێت.
لەژێر سایەی ئەم بارودۆخە نوێیەدا ئیتر کۆتایی بەوە دێت کە پارتێکی سیاسی بتوانێت بۆ دەیان ساڵ لە حکوومدا بمێنێتەوەو وا بزانێت هەتا ڕۆژی دوایی هەر دەبێت ئە و سەرۆکایەتی هەموو بۆستە باڵاکان بەڕێوەبەرێت لە هەرێمی کوردستاندا، یەکێتیو پارتی زیاتر لە سی و دوو ساڵەی لوتکەی دەسەڵاتدان ،درێژەکێشانی مانەوەیان لە حوکمڕانیدا لە جیاتی ئەوەی ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی زیاتر جەماوەر بە لای خۆیاندا ڕابکێشن و زیاتر بتوانن ئینتیمای خەڵک بەرەو خۆیان ببەن، بە پێچەوانەوە لە ئێستادا نەک جەماوەر تەنانەت لایەنگران و دۆستەکانی خۆشیان فەرامۆش کردووە وئەوانیش زۆربەیان چونە پاڵ هاوڵاتیانی ناڕازی،یەکێتی و پارتی وردە وردە دەبنە پارتێکی مێژوویی و کاتێک باسی سەروەریەکانیشیان دەکەن هەر دەگەڕێنەوە بۆ ڕابردوو،لە ئێستاشدا  هەموو سەروەت و سامانی هەرێمی کوردستان خراوەتە خزمەت دوو بنەماڵەو گوروپێکی چواردە وریان، لەبەر ئەوە لە بارودۆخێکی لەو جۆرەدا کە زۆر بەی چەماوەر ناڕازییە لە شێوازی حوکم و هەڵسوکەوتوو ئیدارەی سیاسییان، ناتوانن بێنە ناو هەڵبژاردن.
 لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا سەرۆکی هەرێم چوار جار مەڕسوومی دەرکردووە بۆ دوا خستنی هەڵبژاردن.لە ئێستاشدا بە فشاری پارتی بۆ جاری پێنجەم دوا دەخرێت و لەم دواخستنەشدا ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەگەر داوەکانی پارتی نەیەتە دی ،هەڵبژاردن هەر ئەنجام نەدرێت ،بەمەش هەموو دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەونە بەردەم مەترس نەمانی شەرعیەت و ئەگەر ئەو دۆخەش درێژە بکێشێ، دوور نییە قەوارەی هەرێمیش تیا بچێت و نەمێنێ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە