ئایا زانکۆی ئیسلامی ئەزهەر ڕاست دەکات کە دەڵێت حیجاب نەریتی عارەبانە وەک لە ئەرکێکی ئیسلامی؟

14/05/2024

سەردار حەمەرەش


ئەزهەر یەکێکە لە زانکۆ هەرە گرنگەکان بۆ ئیسلام. لە بنەچەدا لە نزیکی ساڵی ٩٧٢ لەلایەن فاتیمیەکانەوە دامەزراوە و ئەوکات ناوەندێکی خوێندنی شیعەگەری بوو. دوای سەلاحەدین ئەیوبی، ئەوە گۆڕا و بوو بە ناوەندێکی سونی. ئەمڕۆ هیچ زانکۆیەکی ئیسلامی هێندەی ئەزهەر ناوبانگ و کاریگەری نیە. بەشێکی بۆ ئەو مێژووە دوور و درێژەی دەگەڕێتەوە. هەرچەندە ئیسلام هاوشێوەی ئاینی مەسیحی تاک ناوەندێکی فەرمی نیە وەک فاتیکان و پاپاکەی، بەڵام ئەزهەر، بە شێوەیەکی نافەرمی ئەو ڕۆڵە دەبینێت.
بەهۆی ئەو پێگە گرنگەیەوە زۆر جار بەر سیاسەتی میسر و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتووە و هەندێک لە بۆچوونەکانی بوونەتە مایەی مشتومڕ. سەرەڕای ئەوە، ڕوانگەی ئەم ناوەندە، کێش و کاریگەری لەسەر جیهانی ئیسلامی سونی هەیە.
چەند ساڵێک لەمەوبەر ئەزهەر بڕوانامەی دکتۆرای بە پلەی نایاب دا بە شێخ ئەزهەر مستەفا ڕاشد. لەو دکتۆرانامەیەدا کە لە ساڵی ٢٠١٣ دا بەخشرا، ئەو شێخە ڕایگەیاند کە حیجاب ئەرک نیە و نەرێتە. مژارەکە مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا بەهۆی ئەو ڕەهەندە سیاسی و ئاینیەی کە بابەتەکە هەیەتی.
من کە بوارەکەم شەریعە نیە و تایبەتمەند نیم تێیدا، ناتوانم بڵێم ئەم پیاوە لە ڕووی شەرعیەوە ڕاست دەکات یان نا، بەڵام پێدانی دکتۆرا بە پلەی نایاب، ئەوە دەگەیەنێت کە بابەتەکە جدیە و مشتومڕی لەسەرە و بەپێی شەرع ئەگەری ڕاستی هەیە. لەبەر ئەوە من لەم وتارە کورتەدا پەنا بۆ مێژوو دەبەم، بزانم ئەم شێخە ڕاست دەکات کە نەریتی عارەبان بووە، یان ئەرکێکی ئیسلامیە. واتە پێوەری من تەنها مێژوو و سەرچاوەی پێش ئیسلام و دوای ئیسلامە نەک لێکدانەوەی شەرعی.
نزیکی ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە گێڕانەوەیەکدا ئەوە دەگووترێت کە عومەری کوڕی خەتاب لە کەنیزەکێکی داوە لەبەر ئەوەی ئەو کەنیزەکە چووە وەک ژنی ئازاد سەری داپۆشیوە. واتە عومەری کوڕی خەتاب تەنها سەرداپۆشینی بۆ ژنی ئازاد قبوڵ بووە، کەنیزەک بۆی نەبووە خۆی دابپۆشێت. کەسێك مەبەستی بێت لەم بابەتە بکۆڵێتەوە، ئەوا چەندین سەرچاوەی ئیسلامی ئاماژەی بەوە کردووە کە حیجاب لەسەر کەنیزەک ئەرک نیە. پێدانی دکتۆراش پەیوەستە بەو ڕاستیەوە. 
ئەم بابەتە لەناوەندا ئیسلامیەکاندا مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، هەندێک موسوڵمانی ئەمڕۆ دەڵێن کە هەموو ژنێکی موسوڵمان ئەرکی سەرشانی بووە سەری دابپۆشێت و هەندێک دەڵێن نەخێر تەنها لەسەر ژنی ئازاد بووە ئەوە بکات، بەڵام ئەم مشتومڕە بێ ڕەگ و ڕیشە نیە. لە تێکستی ئاشوریشدا هەمان ئەو کارەی کە عومەری کوڕی خەتەتاب کردویەتی، ئەوان زیاتر لە دوو هەزار ساڵ پێش ئیسلام کردوویانە. ئاشوریەکان بە ڕوونی دەڵێن کە ئافرەتە بەڕێزە ئاشوریەکان دەبێت سەریان داپۆشن بەڵام لەشفرۆش و کەنیزەک بۆیان نیە سەریان دابپۆشن  گەر سەر دابپۆشن دەبێت قیری گەرم بکرێت بەسەریاندا.  ئەمە شەریعەتی ئاشوریە بووە. حیجاب لە ناو ئەکەدیەکاندا نزیکی ٤٣٥٠ ساڵ لەمەوبەر ناوی هاتووە، بەڵام وشەکە لە سۆمەریدا نیە، لەبەر ئەوەی کە لە کلتوری ئەواندا حجاب نەبووە. 
ئەم دابونەریتە چووەتە ناو یۆنانەکان و ڕۆمەکانەوە و لە هەندێک ناوچەی ئەوانیش کچی گەورە و ژن لە دەرەوەی ماڵ دەبوو سەر دابپۆشن. دواتر لە ناو پەیڕەوانی ئاینی کریستیان و پێشتریش لە ناو جووەکاندا پەیڕەو کراوە و هەتاوەکو ئەمرۆش ژنە کریستیان و جووە ئاینیەکان پەیڕەوی دەکەن. حجاب لە زۆربەی کۆمەڵگەکانی ئەوروپادا لە ڕابردوودا بڵاو بووە. 
واتە ئەوەی کە عومەری کوڕی خەتاب کردوویەتی، پابەندبوونی ئەو بووە بە دابونەریتێک کە هەزاران ساڵ پێش ئەویش هەبووە و عومەری کوڕی خەتابیش وەک مرۆڤێکی عەرەب و پابەند بە دابونەریتی کۆمەڵگەکەیەوە، ئەو دابونەریتەی سەپاندۆتەوە کە پێش ئیسلامیش وەک خۆی بووە لە ناو عارەباندا. دەبێت ئەوەمان بیر نەچێت کە عومەری کوڕی خەتاب و پێغەمبەریش هەردووکیان مرۆڤ بوون و مرۆڤی ناوکۆمەڵگەی خۆیان بوون، هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە وەک هەر مرۆڤێک لە کاتێکدا کە پابەندی ئاینێکی نوێ بوون، بەڵام لە زۆربەی دابونەریتی کۆمەڵایەتی عەرەبی لایان نەداوە. عیساش بە هەمان شێوە وەک جوویەک بەرازی نەخواردووە و تەواو پابەند بووە پێوەی. هەرچەندە دواتر لەبەر پێویستی ڕۆژئاوا بۆ گۆشتەکە ئاسایی کراوە. 
واتە دابونەریتەکە پێش ئەوەی هاتبێتە ئیسلامەوە، لە ناو ئاشوری و ئەکەدی و جووەکان و ڕۆم و یۆنان و تەنانەت ئەشکانیەکانیشدا هەبووە. کە زۆربەیان یەکتاپەرست نەبوون و بت پەرست بوون. بەو جۆرە سەرداپۆشین پێش ئەوەی پەیوەندی بە ئاینەوە هەبووبێت، لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە بووە کە ئافرەتی چینی دەسەڵات لە چینی خوارەوە جودابکرێتەوە و لە هەمان کاتدا ئامرازێک بووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ژن لەلایەن پیاوەوە. بەڵام دواتر دابونەریتەکە تێکەڵی ئاین بووە و بووە بە بەشێک لە دین و خەڵکێکی زۆر ئەو مانایەی پێ دەدەن.
کورد بە گشتی تا نزیکی ناوەراستی سەدەی بیستەم، حجابی نەکردووە و هەر وەک خۆی سەروکڵاوی کوردی بەستووە و ئەگریجەش دەرخراوە. ئەمە سەرچآوەی لەپشتە. بەڵام لە ڕابردوودا لەوە دەچێت لە مزگەوتەکانی کوردستاندا مشتومڕی لەسەر دروست بووبێت. بۆیە بێسارانی شاعری کوردی موسوڵمان، کە لە مزگەوتدا خوێندوویەتی، نزیکەی چوار سەد ساڵ لەمەوبەر دەفەرموێت:
شیرین شەرم نیەن، شیرین شەرم نیەن
شیرین پەی خاسان، شەرت هەن، شەرم نیەن
پەی چێش مەواچان حیجاب خاس نیەن؟
جە ئافتاو خاستەر کەسێ کێ دیەن؟
ئەگەر پەی خاسان حیجاب خاس مەدی
ئافتاب و مەهتاب هیچ کەس نمەدی
واتە (شیرین شەرم مەکە، شیرین شەرم مەکە ئەوانەی کە کەسی باشن زیاتر شەرت و ئیرادەی ئەوان گرنگترە تا شەرمکردنیان. ئەوە چیە دەڵێن شتێک بە ناوی حیجاب دروست بووە؟ ئەوە کێیە لە خۆرەتاو شتی باشتری بینیوە؟ ئەگەر خوا بۆ شتە باشەکان حیجابی بە باش زانیبا، کەواتە هیچ کەس نەخۆرەتاوی دەبینی نە مانگ).
سەر بە هەر بیروبڕوایەک بیت، دڵنیابە کە سەرداپۆشین دابونەریتێکە هەزاران ساڵ پێش ئاینی ئیسلام و کریستیان لە ناو زۆر لە شارستانیەتە دێرینەکاندا دەرکەوتووە. سەرداپۆشین پێش ئەوەی کە بچێتە ناو هەر ئاینێکەوە، دابونەریتی نەتەوە دێرینە بتپەرستە سامیەکانی وەک ئەکەدی و ئاشوری و ئاموری بووە. لە کاتێکدا کە بەڵگەیەک نیە سۆمەری و هوری و میدی ئەوەیان کردبێت و کوردیش هەتاوەکو ناوەڕاستی سەدەی بیستەم پێی ئاشنا نەبووە. ئەو بڵاوبوونەوەی ئەمڕۆی حیجاب و نیقاب لە ناو کورد دا، کاریگەری سەپاندنی فەرهەنگی عەرەبیە کە تێکەڵی ئاینەکە کراوە. 
پوختەی قسە ئەمەیە. حجاب و نیقاب بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، لە کۆمەڵگەی جاهلی عەرەبدا بڵاوبووە و دواتریش لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا کە زۆر جار بەردەوامی بە دابوونەریتی عەرەبی داوە، بەردەوام بووە. بەڵام دابوونەریتەکە هیچ پەیوەندیەکی بە ئاینی ئیسلامەوە نیە و دابوونەریتی عەرەب و نەتەوە خزمەکانیەتی لە کلتوردا. هێنانی دکتۆرایەک لە گەورەترین و کۆنترین زانکۆی ئیسلامیدا، ئەوە دووپات دەکاتەوە کە هەندێک لێکدانەوەی دەقە ئاینیەکانیش لەلایەن پسپۆرانی ئاینی ئیسلامەوە، ئەو ڕاستیە مێژووییە دووپات دەکەنەوە.  
جا مرۆڤ مافی خۆیەتی کە حجاب بکات یان نا، ئەوە دەبێتە بژاردەیەکی کەسی. بەڵام گرنگە ئەو کەسەی کە حجاب یان نیقاب دەکات، بزانێت ئەوەی دەیکات پەیڕەویکردنی نەریتێکی عەرەبی سەردەمی جاهلیە و ئەو کەسە تەنها نەریتە عەرەبیەکە برەوپێدەدات نەک خوداوەند لە خۆی ڕازی بکات. 
نووسینی سۆران حەمەڕەش
تێبینی:
- هەر وەک هەموو جارێک تکایە ئەگەر ئەم بۆچوونانە لەگەڵ ئەوەدا ناگوونجێت کە پێت گووتراوە، ئەوە شتێکی ئاساییە و بەڵگە دابنێ کە ئەم بۆچوونانە دروست نین. هیوام وایە ئەوانەی سەرنج دەنووسن، لە چوارچێوەی ڕێزی جیاوازی بیروبۆچوونی یەکتریدا ئەوە بکەن.
-وێنەکان لە ڕاستەوە وێنەی پەیکەری ژنێکی یۆنانی باڵاپۆشە لە سەدەی سێهەمی پ.ز. واتە سەردەمی بتپەرستی یۆنانیەکان. ئەوەی دواتر ژنێکی میسری قپتی کریستیانە و ئەمجا ژنێکی کوردی موسوڵمانی سەدەی بیستەمە و کۆمەڵێک ژنی کریستیانی ڕووسی سەر بە مەزهەبی ئۆرسۆزۆکسی کریستیانی ڕوسین.
- ئەم بۆچوونە، بۆچوونی فەرمی زانکۆی ئەزهەر نیە، بەڵام پێدانی دکتۆرایەک لەو بوارەدا، ئەوە دەگەیەنێت کە مژارەکە لەو ناوەندەدا گەرمە و پشتگیریشی هەیە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە