دژی سانسۆر پشتیوانی ڕۆژهەڵاتییەكانین

15/05/2024

ئەنوەر حسێن (بازگر)



سانسۆر و سەركوت، دژی ئازادی ڕاگەیاندن و میدیا، عەقیدە و بەیان، فشار بۆ  سەر نوسەران، ڕۆشنبیران، چالاكی سیاسی و مەدەنی، قەدەغەكردنی كۆڕ، كۆبوونەوە، مێتینگ و چاپكراوەكانیان، پەلاماردانی خۆپیشاندەران، لێدان و دەستگیركردنیان.
ئەوانە، سیمای سیستم، حكومەت و دەوڵەتێکە، كە بانگەشەی ئازادی دەكات و باوەڕی پێ نییە، دعایەی دیموكراسی دەكات، سەمفۆنیای بۆ دەژەنێت، بەڵام لەولاوە پۆپۆلیستانە سەیر دەكات.  
بۆ (شۆ) لە بەردەم كامێرا و میدیاكان، وەكو ئەرستۆ و ترۆتسكی ..... خۆی نمایش دەكات، بەڵام ڕەفتارەكانی لە هی قەشەی كەنیسەی چاخی تاریك، ستالین و پۆل پۆت دەچێت.
تێناگات لەوەی بلۆكی خۆرهەڵاتی و سیستمی بەناو سۆسیالیستی سۆڤیەتی، هەر لەبەر ئەو فاكتەرانە كەوت و دیوارە زەبەلاحەکەی بەرلین، هەر بۆیە هەپرون بە هەپرون بوو.
پۆل پۆت، چاوشیشكۆ و ستالین، هەر لەبەر ئەم ڕەفتارانەیان بوونە مێژوو، بەڵام مێژوویەكی نایاب نا.
ئازادی، دیموكراسی، پلۆرالیزم، تۆلێرانس، چەمك گەلێك نین، بە گاڵتەوە بانگەشەیان بۆ بکرێت، یان سوكایەتی بە پیرۆزییەكانیان بكرێت بۆ خۆڵ كردنە چاوی خەڵك و جیهانی دەرەوە، بە ماسکەوە خۆت نیشانبدەیت و گەمەیان لەگەڵ بکەیت.
بەڵكو ئەوە ئەتكردنی ئەو چەمک و فەلسەفانەیە، کە بە سەدان هەزار قوربانیان بۆ دراوە، دەبێ ئەوانەی سوکایەتییان پێدەکەن، سەرئەنجام باجیشیان لێوەربگیرێت، مێژوو، ئەوانەی هاوار بۆ ئازادی و خۆشبەختی ئینسانی دەکەن، ناویان بەرز ڕادەگرێت.
پووشکین شاعیری ڕووسی، بە تەموومژاوی لەلایەن دەسەڵاتی ڕووسیاوە لە (1837) دەکوژرێت، کە پێشتر دووجار لەسەر شیعر و هەڵوێستەکانی ڕەوانەی مەنفا کرا بوو.
بۆ مەرگی پووشکین میخائیل لێرمەنتۆڤ، قەسیدەی (مەرگی شاعێرێکی) نووسی و دەستگیرکرا و ڕەوانەی قەوقاز کرا، کاتێکیش لە (1841) لە تەمەنی (27) ساڵیدا کوژرا، تزار نیکۆلای حاکم وتی: "سەگ تەنها شایستەی مردنە".
ڕۆماننوس و نووسەری گەورە دۆستوفیسکی فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەردەکرێت بەهۆی چالاکییەکانییەوە و دواتر حکومەکەی دەکرێتە دە ساڵ زیندانی، مردنەکەشی جێگای گومانە.
لە (1857) دوای ئەوەی بۆدلێر دیوانی (گوڵە بەدەکانی) بڵاوکردەوە، پەلاماری بۆدلێر درا، لە لایەن خودی وەزیری ناوخۆیی فەڕەنساوە، بە بیانووی لادانی دینی و ئەخلاقی، بە (50) فرانک سزادرا و شەش قەسیدە لە دیوانەکەی سانسۆر کرا، گۆستاف فلۆبێری خاوەنی ڕۆمانی (مادام بۆڤاری) تووشی هەمان دەردەسەری کرا.
لە هەرێمی کوردستانیشدا، سەردەمێک فتوای کوشتنی شێرکۆ بێکەس و ڕێبوار ئەحمەد لەسەر شیعر و بیروڕا درا.
لەسەر دیوانە شیعری (ستیانی بەفر پڕە لە ڕیشۆڵە) هەڕەشەیان لە قوبادی جەلیزادە کرد و سکاڵایان لە دژ تۆمار کرد و ڕێگایاننەدا کتێبەکەی بفرۆشرێت.
بڕیاری کوشتنی محەمەد موکری لەسەر ڕۆمانی (سەگوەڕ) لە شاخ و فەرهاد پیرباڵ لەسەر نۆڤڵێتی (مولازم تەحسین و شتی تر) و ڕۆمانی (منداڵباز) ڕووبەرووی هەڕەشە و کوشتن بوەوە.
هیچ سەیر نییە، بۆلشەفییەکان پێش ئەوەی دەسەڵات بگرنە دەست، داوای ئازادی بیڕوڕایان دەکرد، سانسۆریان پرۆتستۆ دەکرد، بەڵام وەکو بەرپرسانی دەسەڵاتی کوردی کە لە شاخ داوای نان و ئازادییان بۆ نووسەران دەکرد، ئێستا هەمان ڕەفتاری بولشەفییەکان دووبارە دەکەنەوە، بولشەفییەکان کە نوێترین سانسۆر و ڕێگرییان لەسەر بڵاوکراوەکان دانا، تا ئەوەی ژمارەیەکی زۆری نووسەران و شاعیران لە داخی ئەوان سەری خۆیان هەڵگرت و چوونە ئەوروپا.
ساڵی (1922) دەسەڵاتی سۆڤییەتی چەندین نووسەر، فەیلەسوف و شاعیری گەورەیان خستە کەشتییەکەوە، کە دواتر ناونرا (کەشتی فەیلەسوفان) و (160) کەسی تێدا بوو لە وڵات دووریانخستنەوە.
لە فەڕەنسا کتێبەکانی ڤۆڵتێر وەکو چەکی شۆڕش سەیر دەکرا و قەدەغە و سانسۆریان لەسەر دانرا.
لە ئەڵمانیاش، کاتێ فاشیستەکان هاتنە سەر حوکم، دەستیان دایە سوتاندنی کتێبەکانی برێخت وەکو دژی خۆیان و دەسەڵاتەکەیان چاویان لێدەکرد.
خەلیفە موقتەدیر، حەللاجی لە خاچدا، بەنگلادیش، تەسلیمە نەسرینی لە وڵاتەکەی دەرکرد، لە چیللی ئەنگۆستۆ پینۆشێ (ڤیکتۆر خارا)ی لە خاچدا و درایە بەر دەستڕێژی گوللە، ئەمانە تەنها هاواریان بۆ ئازادی و عەدالەت بوو.
ستالین تۆمەتبارە بە کوشتنی شاعیری ڕووسی سێرجی یەسەنین و شاعیری ڕووسی ئەلیسکەندەر بلۆک، گومان لە ژەهرخوارد کردنی مەکسیم گۆڕکێ دەکرێت.
ئیتر دەسەڵات تاقەتی گوێگرتن لە شیعر، چیرۆک و گۆڕانی نەماوە، تاقەتی لە سەیرکردنی فیلم و شانۆ نەماوە، سەری دێشێ بە ڕۆمان و نۆڤڵێت، واتا بە هەموو هۆکارە سوودبەخش و پیرۆزەکانی کۆمەڵگە قەڵس و توڕەیە.
تاقەتی نییە، کۆڕ و کۆبوونەوەی بە ئەرزش بگیرێت و مەڕاسیم ساز بکرێت و خەڵاتی نوسەران و ڕۆشنبیران بکرێت، تاقەتی نییە و قەڵس و نیگەرانە لە هەڵپەرکێ، شادی، پێکەنین، سەما و گۆرانی.
ئەگەرنا، خێرە ڕێگا لە کۆڕێکی ڕێزلێنان بگرێت بە بێ بیانوو.
ئێستا لە كوردستان، وردە وردە هەست بە مەترسی سەرەتاكانی ئەم سەركوت و سانسۆرە دەكرێت، تازەترینیش ڕێگرییە لە كۆڕی خەڵاتی ڕێزلێنان لە نوسەر و سیاسەتمەدار مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە، لە شاری سلێمانی لەلایەن دامەزراوەکەی (د.تەها ڕەسوڵ)ەوە بۆی سازكرابوو.
جێی پرسیارە، كۆڕێكی ئەدەبی، خەڵاتی ڕێزلێنان لە ئەدیب، نوسەر و وەرگێڕێك، كە پەنجا ساڵی تەمەنی بۆ خزمەتی فەرهەنگ و كتێبی كوردی خەرجكردوە، مانای چییە؟
هیچ مانایەكی مەنتقی نییە، جگە لە بێ مانایی سانسۆر و فشار بۆ سەر هونەر، نوسین و نوسەران، بەڵام مەترسییەكە لەوەدایە، ئەم سانسۆر  و ڕێگرییە، سەرەتاكەی بە ڕێگری لە عەبدوڵڵا حەسەن زادەی شۆڕشگێڕ، سیاسەتمەدار، وەرگێر و ئەدیبی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە.
دڵنیام ئەوانەی ڕێگری لە خەڵاتەکەی عەبدوڵڵا زادە (حەیاکی) دەکەن، نایناسن و هیچ کام لە بەرهەمەکانی وەک (حەمەدۆک، کوردستان و کورد، هەقیقەتی مێژوو، سوودەکانی شەڕ، کوا کورتانی کەرەکە، نزا بۆ ئارمێن و گێلە پیاو)ی ئەویان نەخوێندۆتەوە.
سەیرە لە کوردستان وەها مامەڵە لەگەڵ عەبدوڵڵا حەسەن زادە بکرێت، لەوە سەیرتر ئەوەیە جارێک دکتۆرای فەخری پێدەدەن و جارێک پاسپۆرتەکەی بۆ نوێ ناکەنەوە، ئەوە لە کاتێکدایە ئەو هاوڕێی مێژوویی مام جەلال، قاسملۆ و ئۆجەلانە.
ئەوە یەك مانای هەیە، كوردی ئێران و ڕۆژهەڵاتییەكان، قۆناغێكی نوێ و سەردەمێكی نوێ لە سانسۆر و فشار و ڕاوەدونانتان، لەم مێژوەوە وردە وردە دەستپێدەكات. ئاماژەیە بۆ دووبارەكردنەوەی سیناریۆكانی پێشووتر.
بەڵام بەڕاستی عەیبەیە، بەڕاستی كاری وا و كردەوەی وا ڕوو قایمی دەوێت بەرامبەر ڕۆژهەڵاتییەكان، بۆیە دەبێت هەموومان لە پشتی نوسەران، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، چالاكوانان و سیاسەتمەدارانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بین و ئەم سیاسەت و فشارانە لە قاو بدرێن و بە دەنگی بەرز بڵێین
"پشتیوانی ڕۆژهەڵاتییەكانین"


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی