دوای ڕەئیسیی

19/05/2024

د. سەردار عەزیز




مەرگی ڕەئیسی، هەرچەندە هێشتا بە فەرمی ڕانەگەیانراوە، کۆمەڵێک پرسی تری وروژاندوە، لە سەروی هەمویانەوە، پرسی جێگرەوەی خامنەئی. یەکێک لە ڕایەکان وەهابوو کە ڕەئیسی یەکێکە لە جێگرەوەکان، هەرچەندە چاودێرە بە ئاگاکان وەهایان دەبینی کردنی ڕەیسی بە سەرۆک کۆمار، وەک خستنی توێکڵە مۆز بوو لە ژێر پێی، هەتا بخلیسکێت و بکەوێت. 
کەسێک کە وێنەکانی زۆر دەردەکەوێت موجتەبایە. 
ئایا موجتەبا دەبێتە سەرۆک، وەک پرۆسەی ئامادەکاریی بۆ جێگرەوەی باوکی؟ ئەم دیدە چاودێرانی ئێرانی پەرتکردوە. بەجۆرێک یەکێک لە تیورە پیلانگێڕییەکان لە ئێستای ئێراندا، ئەوەیە کە موجتەبا دوور نیە لەوەی کە رویدا. ئایا ئەمە ڕاستە یان نا گرنگ نیە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە کە ئەو ناوی لە ناواندایە.
مەرگی ڕەئیسی ئەگەر گرنگییەکی هەبێت ئەم ڕەهەندەیەتی. ئەگینا لە ئاستی پۆستی سەرۆک کۆماردا ئەرزشێکی ئەوتۆی نیە. ئێران کۆمارێکی ئیسلامییە، بەشە کۆمارییەکەی بەشە ئیدارییە لاوازەکەیە و بەشە ئیسلامیەکەی بەشی خاوەن هێز و بڕیارە. 
حکومەتی ڕەئیسی چەند خەسڵەتێکی هەبوو، لەوانە، فۆکەس کردن لە سەر وڵاتانی دەوروبەر، لە گەڵ ڕۆشتن بە چڕیی بەرەو ڕۆژهەڵات، یان چین. باوەڕناکەم هیچ کام لەم بوارانە بگۆڕێت. ڕەهەندێکی تری حکومەتی ڕەئیس بریتی بوو لە یەک دەستەیی، یان نەهێشتنی هیچ باڵ گروپێکی خاوەن دیدی جودا. ئەم دیدە چڕ تر دەبێتەوە. 
ئێران دەبێت لە کەمتر لە دوو مانگدا هەڵبژاردن بکات، بۆ ئەمە پێویستی بە دۆخێکی هێمنە. هەستدەکەم ئیدارەی بایدن بیەوێت دیدارەکانی لە گەڵ ئێراندا درێژە پێبدات بە مەبستی کپکردنەوەی دۆخەکە، هەتا هەڵبژاردن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی