2500 ساڵە دەگوترێ فەلسەفە پرسیار كردنە، ئەوكات باشترین شار ئەسینا بوو، لێ بۆ ئەمڕۆ گوندێكی گەورە بووە. ناوەندی شارەكە نزیكەی 50 هەزار كەسی تێدا دەژیا، بە هەموو دەوروبەری ئەسیناوە نەدەگەیشتە 300 هەزار كەس. ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو، ژمارەیان كەمتر لە 40هەزار كەس بووە، واتا نزیكەی %10 بۆ %15 مافی دەنگدانیان هەبوو، زیاتر لە 100 هەزاریش كۆیلەیان هەبووە. كەمتر لە 40 هەزاریش بیانی و بێگانە بوون. بابەتەكە ئەوەیە، ئەگەر ئەوكات فەلسەفە پرسیاركردن بێت، ئەی دوای 2500 سال فەلسەفە هەر پرسیاركردنە؟ ئەگەر وایە بۆچی رەخنە لە ئایینی ئیسلام بگرین 1400 ساڵە هاتووەو هەر وەكوو خۆیەتی.
ئێستا سەردەمی AI، فەلسەفەش ئەو پرسیارە كۆنانەی جێهێشتووە، ئێستا پرسیار لە سروشت و گەردوون ناكرێت،پرسیارەكان پەڕیونەتەوە ناو جیهانێكی تری جەنجاڵترو تێكچڕژاوتر، پرسیارکردن لە بارەی چییەتی بوون و سنوورەکانی مرۆڤبوونە. ئێستا سەردەمی سوكرات نییە لە رێگای ئەقڵەوە جیهان بناسین، ئێستا دەبێت فەلسەفە پێمان بڵێت باشە كە ئامێرەکانیش دەتوانن بیر بکەنەوە، ئێمە چۆن تەنیا بوونەوەری بیرکەرەوە بین؟ بۆیە لەم سەردەمەدا فەلسەفە بۆ زمانێکی باڵا گۆڕاوە بۆ لێکدانەوەی ئەو تەکنۆلۆژیایەی خەریکە پێناسەی ڕاستی دەگۆڕێت. کاتێک AI دەتوانێت وەڵامی هەموو پرسیارە زانستی و ماتماتیکییەکان بداتەوە، فەلسەفە ئەو ئەركەی تەواو بووە بەدوای وەڵامدا بگەڕێت، بەڵکو لەمەودوا دەبێت بەدوای مانادا بگەڕێت. بە مانایەكی دیكە فەلسەفە دەبێت ئەركی پارێزەری ئەو ناوچە نادیارە بێت کە پێی دەگوترێت ویژدان و وشیاری، ئەو دوو ناوچەیەی تا ئێستا هیچ کۆدێکی پرۆگرامسازی نەیتوانیوە دەستی بگاتێ.
لە سەردەمی ئایۆنییەکاندا، فەلسەفە هەوڵێک بوو بۆ جیاکردنەوەی لۆگۆس لە میتۆسMythos، واتە جیاکردنەوەی ئەقڵ لە ئەفسانە. بەڵام لە سەردەمی AI فەلسەفە هەوڵێکە بۆ جیاکردنەوەی هۆشیاری لە ژیری. ئێستا ئێمە لەبەردەم جۆرە ژیرییەکداین کە بێ هۆشیارییە، ئەمەش لە مێژووی مرۆڤایەتیدا گەورەترین تەحەدای فەلسەفییە. فەلسەفە لەمڕۆدا واتە داڕشتنەوەی سنووری ئەخلاق لە جیهانێکدا کە بڕیارەکان لە لایەن ئەلگۆریتمەکانەوە دەدرێن. ئەگەر سوكرات دەیگوت ژیانێکی تاقینەکراوە شایەنی ژیان نییە، فەلسەفەی سەردەمی AI پێمان دەڵێت ژیانێک تەنیا لەسەر بنەمای داتا و پێشبینی بێت، شایەنی ئەوە نییە ناوی بنرێت ژیانی مرۆیی. ئێستا فەلسەفە تەنیا کتێبخانە و تیۆر نییە، بەڵکو دەبێت ئەو توانایەی هەبێت بزانێت كۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەرەو كوێ مل دەنێت. کاتێک AI دەبێتە ئاوێنەیەک بۆ ئەقڵی مرۆڤ، فەلسەفە دەبێتە ئەو چاوەی لە ناو ئاوێنەکەدا بەدوای ڕاستەقینەی ناوەڕۆکدا دەگەڕێت. فەلسەفەی ئێستا بریتییە لە گەڕان بەدوای ئەو شتانەی ناتوانرێت بکرێنە دیجیتاڵ، AI ناتوانێت هەموو شتێك پێناسە بکات، بۆنموونە، ئازادی، ئازار، تێگەیشتنی قووڵ لە مردن ...هتد.
جاران فەلسەفە دەیگوت مەعریفە هێزە، بەڵام ئێستا مەعریفە و داتا بە لێشاو و بێ بەرانبەر لە بەردەستی هەموو خەڵكن،بۆیە فەلسەفە دەڵێت دانایی گرنگترە لە زانین. زانین ئەوەیە بزانیت چۆن کارێک بکەیت، بەڵام دانایی ئەوەیە بزانیت ئایا ئەو کارە شایەنی ئەنجامدانە یان نا. ئەمڕۆ كە سەردەمی AI یە، مرۆڤایەتی سەرەڕای ئەوەی خاوەنی زانینێکی بێ سنوورە، بەڵام تووشی قەیرانی داناییش بووە. فەلسەفە پێمان دەڵێت چۆن لە ناو ئەم هەموو داتایەدا ون نەبین و مانای ژیان بنووسینەوە.
ئەگەر جاران فەلسەفە لە ترسی سروشت و خوداوەندەکانەوە سەریهەڵدابێت، ئێستا بۆ ئەوە بەردەوامی بەخۆی دەدات تا مرۆڤ نەبێتە رۆبۆت. بۆیە ئێستا فەلسەفە جۆرێکە لە یاخیبوون، یاخیبوون لەوەی مرۆڤ نابێت وەک مەکینەیەکی بایۆلۆژی سەیر بکرێت. فەلسەفە دەیەوێت بیری مرۆڤ بخاتەوە ئەو تەنیا کۆمەڵێک داتا نییە، بەڵکو بوونەوەرێکە دەتوانێت لە دەرەوەی لۆژیکی یەک و سفر، مانایەک بۆ بوونی خۆی و جیهان دابهێنێت. ئێستا رۆڵی فەلسەفەیە لێ نەگەڕێت مرۆڤ وەک گۆشت و ئێسقانێکی پرۆگرامکراو نمایش بكرێت و مانا و رۆحی ژیانی لێ زەوت بکرێت.
هێشتا پێوەندی نێوان فەلسەفە و میتافیزیقا لە سەردەمی AI کۆتایی نەهاتووە، بەڵام چووەتە قۆناخێکی زۆر ئاڵۆزتر. ئەوەی جاران پێمان دەگوت ڕۆح یان خود، ئێستا لە لایەن زانستە تەکنەلۆژییەکانەوە وەک ئەلگۆریتمێکی بایۆلۆژی سەیر دەکرێت. ئەمە گەورەترین شکاندنی شکۆی میتافیزیقایە؛ چونکە ئەو شتەی ئەفلاتون و فەیلەسووفانی دوای ئەو وەک جەوهەرێکی پیرۆز سەیریان دەکرد، ئێستا خەریکە دەکرێتە کۆد و لە ناو پرۆسێسەرەکاندا کۆپی دەکرێت.
هایدیگەر باسی لە کۆتایی میتافیزیقا کرد و گوتی تەکنەلۆژیا دوا قۆناخی میتافیزیقای ڕۆژئاوایە. AI سەلمێنەری ئەم قسەیەیە. ئێستا میتافیزیقا لە ئاسماندا نییە،ئەم قۆناخە بەسەر چوو، ئێستا میتافیزیقا چۆتە ناو پلاستیكە گەیەنەرەكان (سیمیکۆندێکتەرەکان) . ئەمە جۆرێکە لە میتافیزیقای سارد. ئەگەر میتافیزیقای ئەفلاتونی هەوڵێک بوو بۆ گەیشتن بە خودا و حەقیقەتی باڵا، میتافیزیقای AI هەوڵێکە بۆ ئەوەی مرۆڤ خۆی ببێتە خودا و حەقیقەتێکی دەستکرد دابهێنێت.
بابەتی ڕۆح و جەستە کۆڵەکەیەکی تری میتافیزیقای کلاسیک بوو، ئێستا گۆڕاوە بۆ کێشەی وشیاری و ماددە. ئایا وشیاری شتێکی مێتافیزیقییە یان تەنیا دەرئەنجامی پرۆسەیەکی ئاڵۆزی کیمیاییە؟ ئەگەر ڕۆژێک AI بگاتە وشیاری،خۆ هەموو بینای میتافیزیقای ٢٥٠٠ ساڵە دەڕووخێت؛ چونکە دەسەلمێنرێت وشیاری شتێکی باڵا و میتافیزیقی نییە، بەڵکو تەنیا ئەنجامی ڕێکخستنی زانیارییەکانە. ئێستا گۆڕانكارییەكە ئەوەیە فەلسەفە میتافیزیقای لە ئاسمانەوە هێناوەتە خوارێ بۆ ناو زەوی. لەمەودوا میتافیزیقا باس لە جیهانی غەیب ناکات، بەڵکو باس لەو هێزە نادیارە دەکات کە لە ناو کێبڵ و شاشەکاندا جیهان بەڕێوە دەبات. ئێستا ئێمە لە قۆناخی میتافیزیقای تەکنەلۆژیاداین، گەورەترین پرسیاریش ئەوە نییە ڕاستی چییە؟، بەڵكو ئەو پرسیارەیە: ئایا مرۆڤ لە جیهانێکدا کە هەموو شتێکی تێدا دەکرێتە کۆد، هێشتا دەتوانێت وەک بوونەوەرێکی خاوەن مانا بمێنێتەوە؟. فەلسەفە ئێستا ئەرکی ئەوەیە ڕێگری بکات لەوەی میتافیزیقا ببێتە تەنیا ماتماتیک و مرۆڤ ببێتە تەنیا ژمارە. ئەمە ئەو جەنگە قووڵەیە کە فەلسەفەی ئێستا لەگەڵ AI دا دەیکات.
داڤید چاڵمەرز David Chalmers بە یەكێك لە گرنگترین هزرڤانی ئەم سەردەمەی بواری فەلسەفەی مێشک و وشیاری دادەنرێت، پرسیارێكی گرنگی ورووژاندووە: ئایا ژیریی دەستکرد دەتوانێت ببێتە خاوەنی وشیاری یان تەنیا لاساییکردنەوەیەکی بێ ڕۆحە؟ چونكە هەر كاتێك AI بگاتە ئاستی وشیاری، ئەوا دەبێت پێناسەی تەواوی مێژووی میتافیزیقا و چەمکی مرۆڤبوون بگۆڕین. کتێبەكانی چاڵمەرز لە ئێستادا سەرچاوەی سەرەکین بۆ تێگەیشتن لە پێوەندی نێوان کۆد و وشیاری. دیارە هزرڤانانی دیكەی وەك:لوچیانۆ فلۆریدیLuciano Floridi ، یوک هویYuk Hui بابەتی زۆر نوێ و تازەیان لەوبارەیەوە خستۆتە روو، كە پێویستی بە رامانی قووڵ هەیە سەبارەت بە ئایندەی فەلسەفەو مرۆڤایەتی و وشیاری و AI ...هتد.
فەلسەفەی ئەمڕۆ ئیتر ناتوانێت لەناو دیوارە ئەکادیمیاکاندا قەتیس بمینێتەوە، بەڵکو بۆ ناو جەرگەی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان گوازراوەتەوە، چونکە خودی کۆمەڵگا لەژێر کاریگەری تەکنەلۆژیادا گۆڕانی بنەڕەتی بەسەردا هاتووە. پێوەندی فەلسەفە لەگەڵ کێشە کۆمەڵایەتییەکان لەم سەردەمەدا لەسەر چوار تەوەرەی سەرەکی دەسووڕێتەوە.
1- فەیلەسووفێکی وەک بایۆنگ چوڵ هان لەم بارەیەوە تێڕوانینێکی قووڵی هەیە. باس لەوە دەکات ئێمە لە کۆمەڵگای بێهێزبووندان دەژین. لە سەردەمی سۆشیاڵ میدیا و AI دا، مرۆڤ چیتر لە لایەن دەسەڵاتێکی دەرەکییەوە سەرکوت ناکرێت، بەڵکو خۆی خۆی سەرکوت دەکات، ئەویش لە ڕێگای ڕاکردن بەدوای بەرهەمهێنان و نمایشکردنی ژیانی تایبەتی خۆی. لێرە کێشە کۆمەڵایەتییەکان لەوەوە دەست پێدەکەن پێوەندییە ڕاستەقینەکان جێگەیان دەدەن بە پێوەندییە دیجیتاڵییەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی تەنیاییەکی بەکۆمەڵ. فەلسەفە لێرەدا وەک کەرەستەیەک بۆ شیکردنەوەی ئەم خەمۆکییە کۆمەڵایەتییە دێتە کایە.
2- فەلسەفەی سیاسی هاوچەرخ باس لەوە دەکات ژیریی دەستکرد خەریکە جۆرێکی نوێ لە نایەکسانی کۆمەڵایەتی بەرهەم دەهێنێت. ئەوانەی خاوەنی داتا و ئەلگۆریتمەکانن، دەبنە چینی باڵای نوێ و ئەوانی تر دەبنە تەنیا کەرەستەی بەرهەمهێنانی داتا. ئەمە شێوازێکی نوێی دەرەبەگایەتی دیجیتاڵییە. فەلسەفە پرسیار دەکات: لە جیهانێکدا کە بڕیارە کۆمەڵایەتییەکان، وەک دامەزراندن یان بیمەی تەندروستی، لە لایەن ئەلگۆریتمەکانەوە دەدرێن، کێ بەرپرسیارە لەو نادادییەی کە بەرانبەر چینە هەژارەکان دەکرێت؟ لێرەدا فەلسەفە دەبێتە بەشێک لە ململانێی چینایەتی بۆ گەڕاندنەوەی مافە مرۆییەکان.
3- ئێمە لە سەردەمی پۆست-حەقیقەتدا دەژین. کاتێک ڕاستی و درۆ تێکەڵ دەبن، بنەماکانی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی دەلەرزێن، چونکە هیچ کۆمەڵگایەک بەبێ متمانە بە ڕاستی دانامەزرێت. فەلسەفەی کۆمەڵایەتی ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکات چۆن بتوانین پارێزگاری لە مانا بکەین،لە جیهانێکدا كە هێشتا زانیاری چەواشەکار دەتوانێت ئاراستەی هەڵبژاردنەکان و بیروڕای گشتی بگۆڕێت. کێشە کۆمەڵایەتییەکانی وەک توندڕەوی و جەمسەرگیری سیاسی، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەم وونبوونی ڕاستییەن، فەلسەفە لێرەدا هەوڵ دەدات لۆژیکێکی نوێ بۆ دیالۆگی مرۆیی دابڕێژێتەوە.
4- لە ڕابردوودا شوناس لە ڕێگەی نەتەوە و ئایین و یان پیشەوە پێناسە دەکرا. ئێستا شوناسی مرۆڤەکان لە فەزا دیجیتاڵییەکاندا دروست دەبێت. فەلسەفە ئاماژە بەوە دەکات ئەم ناسنامانە زۆر کات لە ڕاستی دابڕاون و دەبنە هۆی دروستبوونی کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی قووڵ. مرۆڤی ئەمڕۆ لە نێوان کێشە کۆنەکان (هەژاری و جەنگ) و کێشە نوێیەکان (بێمانایی و تەنیایی تەکنەلۆژی)دا گیری خواردووە.
ئەگەر جاران فەلسەفە تا رادەیەك لە کۆمەڵگا دابڕا بوو، ئێستا تاکە هیوای مرۆڤە بۆ ئەوەی تێبگات بۆچی سەرەڕای ئەم هەموو پێشکەوتنە، هێشتا کۆمەڵگاکان لە ناوەوە خەریکە هەڵدەوەشێنەوە. فەلسەفە ئێستا وەک پزیشکێکی کۆمەڵایەتی وایە دەست دەخاتە سەر ئەو برینانەی کە زانست و تەکنەلۆژیا خۆیان دروستیان کردووە ئەی باشە بۆچی لە سەردەمێکی پڕ لە ئاڵۆزی وەک ئێستادا، فەیلەسووفی مەزنی وەک کانت، هیگڵ، یان نیچە نابینین، چەند هۆکارێکی قووڵی لەپشتە کە دەتوانین لەم خاڵانەدا کورتیان بکەینەوە:
1- لە سەردەمی یۆنانییەکان تەنانەت تا سەدەی 18، فەیلەسووفێک دەیتوانی هەموو زانستەکانی سەردەمی خۆی کۆ بکاتەوە؛ ئەرستۆ هەم فیزیازان بوو،هەم بایۆلۆژیناس، هەم لۆژیکزان و سیاسی. بەڵام ئێستا زانیاری هێندە فراوان و ورد بووە، هیچ ئەقڵێکی مرۆیی ناتوانێت بە تەنیا تیۆرییەکی گشتگیر بۆ هەموو شتێک دابنێت. ئێستا فەلسەفە بووەتە پسپۆڕی، یەکێک تەنیا لە فەلسەفەی زماندا کار دەکات و یەکێکی تر لە ئەخلاقی پزیشکیدا. ئەمەش وای کردووە فەیلەسووفی هەمەجۆری زانین نەمێنێت کە وەڵامی هەموو پرسیارەکانی ژیان بداتەوە.
2- فەیلەسووفەکانی ئەمڕۆ زیاتر سەرقاڵی نووسینی توێژینەوەی ئەکادیمین بۆ ئەوەی پلەی زانستییان بەرز بێتەوە، نەک بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە ئەقڵی مرۆڤایەتیدا بکەن. فەلسەفە لە شێوازی ژیانەوە گۆڕاوە بۆ بابەتێکی خوێندن. ئەمەش وای کردووە دەنگی فەیلەسووفەکان لە ناو دیوارە بەرزەکانی زانکۆدا بمرێت و نەگاتە ناو جەماوەر.
3- لە سەدەی بیستەمدا، فەلسەفەی پۆست مۆدێرنە هات و گوتی ئیترحەقیقەتی ڕەها و تیۆری گەورە بوونی نییە. ئەم ڕەوتە فەلسەفییە شکۆی فەیلەسووفی مەزنی شکاند. پێشتر مرۆڤەکان چاوەڕێ بوون فەیلەسووفێک بێت و پێمان بڵێت مێژوو بەرەو کوێ دەچێت، بەڵام ئێستا فەلسەفە دەڵێت: هیچ ئاراستەیەکی دیاریکراو نییەو هەموو شتێک ڕێژەییە. کاتێک متمانە بە حەقیقەت نەما، جێگە بۆ فەیلەسووفی مەزنیش نامێنێتەوە.
4- فەلسەفە پێویستی بە ڕامان و بێدەنگی و کاتی زۆر هەیە. لە ئێستادا هەموو چرکەیەک ملیۆنان زانیاری بڵاودەبێتەوە، ئەقڵی مرۆڤ کاتی نییە بۆ هەرسکردنی تیۆرییە قووڵەکان. جاران مرۆڤەکان ساڵانێک چاوەڕێی کتێبێکی کانت یان نیچە دەبوون، بەڵام ئێستا ئینفلوێنسەرەکان و هزرڤانە خێراکان جێگەی فەیلەسووفە قووڵەکانیان گرتووەتەوە. چونكە کۆمەڵگا تاقەتی پشووی درێژی نییە بۆ فەلسەفەی مەزن، بەڵکو وەڵامی خێرا و ئامادەکراوی دەوێت.
5- ئێمە ئێستا لە ناو جەرگەی مێژووداین، بۆیە ناتوانین ببینین کێ مەزنە. زۆرێک لەو فەیلەسووفانەی ئێستا بە مەزن دەیانبینین (وەک سپینۆزا و رۆسۆو نیچەو...هتد)، لە سەردەمی خۆیاندا گۆشەگیر و نەناسراو بوون. دەبێت کات بڕوات تا بزانرێت کام بیرکردنەوە دەمێنێتەوە. لەوانەیە ئێستا چەندین سپینۆزاو رۆسۆو نیچە هەبن،بەڵام لەبەرئەوەی لە ژێر سێبەری ژاوەژاوی دیجیتاڵیدان، سەد ساڵی تر مێژوو دەیاندۆزێتەوە کە کێ بوون.
کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ئێستا هێندە ئاڵۆز و جیهانین (وەک گۆڕانی کەشوهەوا یانAI )، ئیتر بە یەک ئەقڵ چارەسەر نابن. ئێستا سەردەمی ئەقڵی بەکۆمەڵە نەک فەیلەسووفی تەنیا. مەزنیی فەلسەفی لەمڕۆدا لە ناو دیالۆگی نێوان هەزاران بیرمەنددایە، نەک لە ناو یەک کتیبی ئەستووری فەیلەسووفێکی دیاریکراودا.
فەیلەسووفانی پۆست مۆدێرنە کەرەستەییەكی فەلسەفی بەهێزیان لە کانت و هیگڵ و نیچەوە بۆ جێ مابوو، ئەوانیش هاتن بۆ تێکشکاندنی خودی ئەو سیستەمە فەلسەفییانە بەکاریان هێنا. فوکۆ چەمکی دەسەڵاتی گۆڕی، دیریدا زمانی هەڵوەشاندەوە، لیۆتار کۆتایی گێڕانەوە گەورەکانی ڕاگەیاند. مەزنیی ئەوان لەوەدا بوو توانییان دوایین متمانەی مرۆڤ بە ئەقڵانییەتی ڕەها لەناو ببەن. واتا ئەوان زەمینەیان خۆشكرد كە جیهانێکی پارچەپارچەكراو هیچ ڕاستییەکی %100ی نەماوە.ئاخر کاتێک فوکۆ دەڵێت ڕاستی تەنیا بەرهەمی دەسەڵاتە، یان دیریدا دەڵێت هیچ شتێک لە دەرەوەی دەق نییە، ئەوان مرۆڤیان خستە ناو تەمومژێکی وەهاوە کە ئێستا ژیریی دەستکرد زۆر بە ئاسانی دەتوانێت لەناو ئەو تەمومژەدا واقیعی دەستکردمان بۆ دروست بکات
ئێستا ئێمە لەبەردەم جۆرە بنبەستێکی مەعریفی گەورەداین، ئەوەتا ئەقڵی گەورەی وەک فۆکۆیاما و ژیژەک و هەراری لەناو گێژاوی گوازتنەوەیەکی مێژوویی بێوێنەدا نقوم دەبن، چونکە ئەو ئامرازە فەلسەفییانەی ئەوان پێی دەدوێن لەئەمڕۆدا توانای هەرسکردنی ئەو واقیعە تێپەڕیوەیان نییە کە تەکنەلۆژیا و AI دایانڕشتۆتەوە. ئەرکی فەلسەفە لەم ساتە وەختە جیهانییەدا لە گەڕان بەدوای حەقیقەتە مرۆییە کلاسیکەکانەوە گۆڕاوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جەوهەرێکی نامۆ و ئاڵۆز کە لە دەرەوەی سنوورەکانی درکپێکردنی بایۆلۆژیکدایە، ئەمەش وای کردووە ئەقڵی مرۆڤ لەبەردەم داڕشتنی تیۆرییەکی گشتگیردا هەست بە ئیفلیجییەکی ئەنتۆلۆژی بکات. فەیلەسووف لەم سەردەمە تەمومژاوییەدا تەنیا موفەكیرێك نییە مێژوو ڕاڤە بکات، بەڵکو دەبێت ئەو بوێرییە مێتافیزیقییەی هەبێت لە ناوەڕۆکی پێناسە کۆنەکانی مرۆڤبوونیش یاخی ببێت بۆ ئەوەی بگاتە ئاستی ئەو هاوکێشە قووڵانەی سنووری نێوان بوون و ئامێریان تێکەڵ کردووە.
فەیلەسووفی نوێ نابێتە بەرهەمی خوێندنەوەی دەقەکان، بەڵکو دەبێت بەرهەمی هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستەمە جیهانییە بێت خەریکە مانا لە جەوهەری مرۆڤ دەستێنێتەوە، ئەمەش ئەو ئەرکە گرانەیە کە ئەقڵی ئێستا لەبەردەمیدا ڕاوەستاوە و بە زەحمەت دەتوانێت جێگرەوەیەکی فیکریی بۆ بخولقێنێت.
سیمیکۆندێکتەرەکان یان نیمچەگەیەنەرەکان ئەو ماددە سەرەکییانەن وەک سلیکۆن کە لە پیشەسازی چیم و پڕۆسێسەری ئامێرە ئەلیکترۆنییەکاندا بەکاردێن. ئەمانە جومگەی سەرەکی عەقڵی ئامێرەکانن و وەک پردێک کار دەکەن لە نێوان جیهانی ماددی و جیهانی دیجیتاڵیدا، چونکە توانای کۆنتڕۆڵکردنی تەزووی کارەبایان هەیە بۆ دروستکردنی ئەو زمانە لۆژیکییەی کە ژیریی دەستکردی لەسەر بونیاد نراوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی