ئۆپۆزسیۆنی کوردستان سەیرن!؟

03/06/2024

ئەبوبەکر هەڵەدنی

لەهەموو دونیا ئۆپۆزسیۆن وەک جێگرەوەی دەسەڵات خۆی دەخاتە ڕوو وهەوڵی ڕوخاندنی دەسەڵات دەدات،کەچی لەکوردستان هێشتا خۆیان بەشەریک دەزانن وبەدوای خاڵی هاوبەشدا دەگەڕێن.

لەیادی دامەزراندنی هەردوو حزبی خاوەنی زۆنی زەردو سەوز هەندێک  ئۆپۆزسیۆن دەچنە سەردانیان وبروسکەی پیرۆزباییان بۆ دەنوسن وهیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازن.!؟
جالێیان بپرسی چەند وەڵامێکێ سەیرت دەدەنەوە لەوانە(دۆخی کورد هێشتا دەڵەمەیە،ئێمەئۆپۆزسیۆنی حکومەتین  نەک حزب،،دوژمنمان زۆرە...هتد).

کێ هەیە ئەو ڕاستیە نەزانێ کە کێ بەئەندازەی ئەمان دوژمنی میلەتی خۆیانن!کێ ئەوە نازانێت کەلێرە کێشەکە حزبە ،،کەسانی حزب کەپۆستی حکومی وەردەگرن وەک پیاوی دەوڵەت مامەڵەناکەن، لەم مەملەکەتە حزب هەموو شتە،حزبە حکومەتی تێک داوە،حزبە بڕیاری بەدەستە،حزبە بڕیار لەداخستنی پەرلەمان وهەڵبژاردن  ودواخستنی دەدات،حزبە داهات وپارەی لایە،حزبە پەیوەندی هەرێمایەتی وتەنانەت سوپای بێگانانیش پەلکێش دەکات.

کاکی ئۆپۆزسیۆن  هیوای سەرکەوتنی بۆ مەخوازە چونکە ئەوان سەرکەوتن بە تیژ کردنی کەڵبەو نینۆکیان دەزانن، تا ئەوان سەرکەون میلەت ژێرکەوتوە، تا پیرۆزبایی لەوان بکەین دەبێت فاتحا بۆگەل بخوێنین، چونکە ئەوان پەندیان لەڕابردووی خۆیان و دیکتاتۆرە شار بەدەرکراوو ڕوخاوەکانی ناوچەکەش وەرنەگرتوە.

تەنها لەو کاتەی ئاسایشی نەتەوەیی وڵات وداگیرکاری وشەڕ بەرۆکی هەرێمەکە دەگرێت وەک شەڕی نەگریسی تیرۆریستانی داعش ئەوکات ئۆپۆزسیۆن ودەسەڵات دەست لەناودەستن بۆ دورخستنەوەی  مەترسیەکە....

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی