بۆچی راستڕەوەکانی ئەوروپا سەردەکەون

10/06/2024

none


لەم هەڵبژاردنەی دوایی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، حزبە راستڕەوەکان، سەرکەوتنێکی گەورەیان وەدەستهێنا، ئەمەش بۆتە جێگای مشتومڕێکی زۆر لە نێو ناوەندە سیاسییەکانی جیهان، هەندێک وەک مەترسێیەکی زۆر گەورە، نەک لەسەر ئایندەی ئەوڕوپا تەنیا، بەڵکو لە سەر ئاستی هەموو جیهان دەیبینن، چونکە پێشتر جیهان ئەم دۆخەیی لە هاتنە سەرحوکمی نازییەکان لە ئەڵمانیا و فاشییەکان لە ئیتاڵیا بینیوە، کە دواتر چ کارەساتێکیان بە هەڵگیرساندنی جەنگی دووەمی جیهان، رووبەرووی مرۆڤایەتی کردەوە، بۆیە رەنگە ئەو مەترسییە تا رادەیەک لە جێی خۆی بێت، هەرچەندە هەڵ و مەرجی سیاسی ،  کومەڵایەتی ، ئابوری، ئێستا زۆر جیاوازە لەو سەردەمەی جەنگی دووەمی جیهانی تێدا هەڵگیرسا، بەڵام هێشتا جیهان لەو ترسە رزگاری نەبووە.
ئەو هۆکارەی وای لە ئەوڕوپییەکان کردووە، کە دەنگ بەو هێزە راستڕەوانە بدەن، تاڕادەیەکی زۆر لە جێگای خۆیەتی، چونکە نەک هەر ئەوڕوپا، بەڵکو هەموو رۆژئاوا لە ترسێکی زۆر گەورەترلە جەنگی دووەمی جیهانیدا دەژین، ئەوڕوپییەکان پێیانوایە بەردەوامی رەوتی چەپ، لە حوکمڕانییەتی، لە کۆتایدا دەبێتە هۆی لە ناوچوونی نەک هەر ئەوڕوپا، بەڵکو هەموو شارستانییەتی رۆژئاوا دەکەوێتە ژێر مەترسی لە ناوچوون، بۆیە لەو بڕوایەدان چیتر بەرەوتی چەپی دیموکراسی، ئەوڕوپا ناپارێزرێت، رەنگە لەم بارەیەوەش لەسەر حەقبن، چونکە کاتێ دەبینن وڵاتەکانیان لە رووی مرۆیی و سیاسیی و ئابورییەوە، پێشوازی لە هەزاران پەنابەری ئاسیایی و ئەفریقایی دەکات، بەڵام  زۆربەی هەرە زۆریان دەستبەردای هیچ یەک لە قەناعەتەکانیان نابن دەترسن، بۆیە ئەمە لە داهاتوودا، دەبێتە گۆڕانێکی مەزن لە دیمۆگرافیاداو رەگەزیان لە ناو دەچێت.
 توندڕەوێکی جەزائیری یا مەغریبی لەوێ لەدایک بووە،  رەنگە وڵاتی خۆی هەرنەدیتبێ، بەیانییەک لەخەو هەڵدەستن دەبینن: کە دووکەسی بەر چەقۆداوە، گوایە کافرن، ئیدی مەترسییەکان گەیشتۆنەتە ئاستێک چیتر بۆ ئەوان رێگە پێدراو نییە، رەوتی چەپ لە ژێر ناوی دیمۆکراسی و مافی مرۆڤەوە، ژیان و شارستانیان بخاتە ژێر مەترسییەوە، بۆیە ئەوڕوپا بەهۆی ئەو مەترسیانەوە، پاشەکشیەکی زۆر لە دیدگای هیومانیستی سەردەمی رۆشنگەریەوەیە دەکات، ئەمەش مەترسێیەکی تر لەسەر ئاستی جیهان، بۆ هەموو مرۆڤایەتی دروست دەکات، بەڵام ئەوان ئامادەنیین، خۆیان لە ناوبچن و خەڵکی تر سەرکەوێت، بۆیە دەبێ چاوەڕوانی زۆر لەمە زیاتر بکەین، ئەویش بەهەڵکشانی رەوتی راستڕەوی ئەوڕوپی.
هێرشی پەنابەرەکان و هێرشی روسیا بۆسەر ئەوروپای رۆژهەڵات، دوو مەترسی هەرە جددی سەر گۆڕەپانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ئەوڕوپین، سەرکەوتنی پۆتین بەسەر ئۆکرانیادا هەڕەشەیەکی زۆر گەورەیە، بۆسەر هەموو رۆژئاواو شارستانییەتەکەی، رەنگە بتوانن لەبەرەکانی شەڕدا بەهاوکاری کردنی سوپای ئۆکرانیا، مەترسی روسیا لە خۆیان دوور بخەنەوە، بەڵام چی لە مەترسی پەنابەرەکان بکەن، چونکە ترسەکەیان لەناو خۆدایەو گەیشتۆتە ناو ماڵیان. بەپێی هەندێک ئامارو لێکۆڵینەوەی جوگرافیای دانیشتوان، گەلێک لە شارە گرنگەکانی ئەوڕوپا، وەک لەندەن، دوای پەنجا ساڵی تر، هیچ کەس لە رەگەزی ئەوان نامێنێت بۆ دەسەڵاتداڕی ئەو وڵاتە، هەمووی دەکەوێتە دەست رەگەزی ئاسیایی و ئەفریقایی، بۆیە ئەوڕوپییەکان پێیانوایە لە رێگای حزبە راستڕەوەکان، کە دژی سیاسەتی رەوتی چەپن لە بارەی پەنابەرانەوە، دەتوانن رێگا لەو مەترسییە بگرن، راستڕەوەکان لەم ساڵانەی دوایدا دەنگی زۆر دەهێنن و دەگەنە دەسەڵات، لە ئایندەشدا لە هەموو وڵاتەکانیان سەردەکەون و دەسەڵات وەردەگرن.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە