پەرەسەندنی ڕۆڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان لە وڵاتانی جیهاندا زۆر بەرچاو بووە، بەو پێیەی بەکارهێنەرانی ئەم تۆرانە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا سەرکەوتوو بوون لە بەکارهێنانیان بۆ خزمەتکردنی ئامانجە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و هەتا بازرگانیش کە ئێستا لە تیکتۆک و زیاتر هەستی پێدەکرێت بەهۆی لایەوە.
جیهان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەتا هەرێمی کوردستانیش لەم دواییانەدا شایەتی ئەوە دەدەن کە ڕۆڵی کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بەڕێوەبردنی هەندێک هەڵبژاردندا ئاراستەی سیاسی گۆڕیوە، بەتایبەتی لە ئێستا بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەنگاو دەنێن کە لە ئێستاوە هەڵمەتی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەستی پێکردوە،
سۆشیال میدیا لە بوارە جیاوازەکاندا گرنگییەکی زۆری هەبووە، لەوانەش بواری سیاسی، بووەتە ئامرازێکی جەوهەری بۆ پاڵپشتیکردنی بەشداری سیاسی و لە بانگەشەی هەڵبژاردن و بەرنامەی کاندیدەکان، هەروەها خۆی سەپاندووە وەک ئامرازێکی گرنگ بۆ کۆکردنەوە و بەدەستهێنانی پشتیوانیی دەنگدەران، پاشان توانای کاریگەری لەسەر ڕای گشتی،
ئێستا پارت و هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەشێوەیەکی بەرفراوان تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەکاردەهێنن بۆ ڕاکێشانی دەنگدەران بەمەبەستی پشتیوانی لە کاندیدەکانیان، هاوڵاتییان ئێستا دەتوانن دەستیان بگات بە هەموو زانیارییە پەیوەندیدارەکان تایبەت بە هەڵبژاردنەکان و پەیوەندی دروست بکەن لەگەڵ کاندیدەکان و زانیاری لەسەر بۆچوون و هەڵوێست و بەرنامەی هەڵبژاردنەکانیان بزانن و کارلێک بکەن لەگەڵیان بە ئاسانی.
سۆشیال میدیا بۆتە سەکۆیەکی کراوە بۆ مشتومڕ و ئاڵوگۆڕی گفتوگۆ لەسەر پرسە جۆراوجۆرەکان، هەروەها بەگشتی دەرفەتی رەخساندووە بۆ حزبە دەسەڵاتدارەکان و ئۆپۆزسیۆنەکان کە گاڵتەجاڕی و تەنزی سياسی خۆیانی تێدا بکەن یان هەواڵی چەواشەکاری و بابەتی تر بۆ گۆڕینی ڕای گشتی کە کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی دروستکردوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی