عبدوللە پەشێو ئەڵێ:
" هەر کات مێژوو دەخوێنمەوە
بەهەردوو دەست چاوم ئەگرم
دەڵێم نەکا لە شەرما
لەبەر دەمی دێرێک بمرم،
پەڕەی مێژووی کورد هەر وایە
تا سەیری کەی شەرمی تیایە
یان زێدی خۆی فرۆشتوە
یان کورد
خودی خۆی کوشتوە..!"
"مێژوویەکی تر"
بیرەوەریەکی تێر و تەسەلی دەوڵەمەندی تەمەنێکی دورودرێژ کە کەسایەتیەکە "فوئادی مجید میسری " کە خۆی لە نزیکەوە لەناویاندا بووە بۆ ماوەی زیاتر لە پەنجا ساڵێک ، وە بەشێک بووە لە بەناو بزووتنەوەی کوردایەتی.
گێڕانەوەی ڕووداوەکانی ئەو مێژووە دوورودرێژە، ئەگێرێتەوە بە شێوەیەکی جیاواز لە تۆمارکردنی بیرەوەریەکانی، بەڵکو بە شێوەی تۆمارکردنی رووداوەکانی قۆناغێکی گرنگی مێژووی میللەتی کورد بە تاڵی و ئازاری و پر شکستیەوە.
لە گێڕانەوەی تاوانەکانی چەتەکانی کانی ماسی، کاک فوئاد میسری، کە خۆی زیندانی کانی ماسی بووە، بەم شێوەیە باسی ڕووداوێکی ئەکات:
"ئێوارەیەک بوو بە دەنگە دەنگ. ژوورەکەی ئێمە پەنجەرەیەکی بچووکی تیا بوو ئەیڕوانی بەسەر دەرەوەی خانوەکەدا. ئێمە لە ناوەوە هەوڵمان ئەدا بزانین ئەو دەنگە دەنگە چیە؟ بینییان پیاوێکیان لە ژوورەکەی ئەودیوی ئێمە هێناوەتە دەرەوەو بردیانە بەردەم ئەو پەڵە چنارەی بەرامبەر بنکەکە بوو. پیاوێکە رانکوچۆغەیەکی کۆنی لەبەردا بوو، جامانەیەکی شڕی بەسەرەوە بوو. هەردوو دەستی لە پشتەوە گرێ درابوو، سێ کەسیش پاسەوانی بوون، یەکێکیان بوتڵێکی بە دەستەوە بوو. لەبەردەم پەڵە چنارەکەدا چی لە بوتڵەکەدا بوو کردی بەسەرو پۆتەڵاک و لەشی زیندانییەکەداو زۆر بە خۆشی و پێکەنینەوە ئاگریان تێبەردا...ئەو داماوە بە گڕەوە و بەدەستی بەستراوەتەوە بەناو پەڵە چنارەکەدا ڕای ئەکردو ئەیقیژان و هەڵئەبەزیەوە تا دامرکانەوەی وە بوو بە کڵۆیەک خەڵوز...دوایی لە زیندانییەکم پرسی ئاخۆ ئەم زیندانییە چ تاوانێکی کردبێ وا بەو دەردەیانبرد!؟
ووتیان: ئەوە ناوی "ئەوڕەحمان ساڵحی خلە"یەو کادرێکی حزبی شیوعیە و هەموو ژیانی وەک کەسێکی نیشتمانپەروەر ناسراوە...تاوانەکەی ئەوەیە کە شیوعیە...".
ئەمە "قارەمانەکانی" کانی ماسی یە کە وەک رێکخراوی بەناو پێشمەرگەی ناو شار درووست کروبوون وە پێک هاتبوون لە:
بریتی بوون لە مەفرەزەی "حسێنی فارس" و مەفرەزەی "سەڵاحی فاتە قەمبور" و مەفرەزەی "ئەحە سێ سەر" و مەفرەزەی "حەمە علی فەرەج" مەفرەزەی "عوسەی ئامە".
لاپەڕەی ١٨٠ "مێژوویەکی تر".
بەبۆچونی من ئەم"مێژوویەکی تر" گرنگی لەوەدایە، کە بە شێوەیەکی تری جیاواز، باسی مێژوومان بۆ دەکات ، بەتایبەت شەڕی نێوان بارزانی و مەکتەبی سیاسی و چۆن هەر لەسەرەتاوە هەردوو باڵەکە پەیوەندی نزیکیان لەگەڵ دەزگاکانی دەرەکی هەبووە بەتایبەت سافاکی ئێران، وە چۆن باڵی مەکتەبی سیاسی پێش زیاتر لە ساڵێک وە لەڕێی ئەفسەرێکی کوردەوە کە ناوی "کەریمی قەرەنی"یە، پەیوەندیان کردوە بە بەعسیەکان و رێکەوتون بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی عبدالکریم قاسم وە چۆن دوای کودەتا خوێناویەکەی شوباتی ٦٣، شەڕیان وەستان و بروسکەیەکیان نارد بۆ بە بەعسیەکان و ووتیان"التحمت ثورتان"...
"عیسا پژمان" کە ئەفسەرێکی گەورەی ساواک بوو ئەڵێ :
من لەساڵی ١٩٥٩ وەک پەیوەندیم بە مەکتەبی سیاسیەوە کردوە . هەر" عیسا پژمان" یش ئەڵێ : من شەخسی چۆن " سەرهەنگ ئیرەج مەنسوور"م کە ناسراو بوو بە " عباس بێ سیم" دایە دەست سکرتێری مەکتەبی سیادی کە ئیبراهیم ئەحمەد بوو ، تا بە خۆیی و دەسگای بێتە لەوە لەبەردەستیدا بێێ و سات بە سات بەرپرسانی بالای ئێرانی لە هەموو جووڵەیەک ئاگادا بکەنەوە. " لاپەرەی ١٩٠
لە دێی "بێژووی" سەر سنوور دانیشتبوو و ڕۆژانە تێلی ئەکرد بۆ تاران."
دوای کودەتا خوێناویەکەی شوباتی ٦٣، هەمان ئەفسەری سافاک،" عیسا پژمان " دەبێتە ئەفسەرێکی گەورە لە باڵوێزخانەی ئێران لە بەغداد وە سەرپەرشتی هەموو جولانەوەی گفتوگۆ سازشیان هەردوو مەکتەبی سیاسی و باڵی بارزانی لەگەڵ بەغداد ئەکرد.
وە زۆر زۆر شتی تر.
مێژوویەکی پڕ خیانەت...
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی