فهرمان مەلا محهمهد ـ کەرکوک
گەڕانەوە بۆ 100 ساڵی ڕابردوو، بهریتانیا وەک شۆڕەسواری مەیدان دەرکەوتوە لەناوچەی کەنداوو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆڵی سەرەکی هەبوە لەدانانی نەخشەی نوێی وڵاتانی ئەم ناوچەیە، لەڕوی سەربازیەوە هێزێکی دیارو کاریگەربوە، تا ئەو ڕادەیەی شکستی بەعوسمانیەکان هێناوەو لەقۆناغێکی بچوکدا دایناوە، لەڕوی ئابوریشەوە بەتایبەتی لەبواری دۆزینەوەی نەوتو سەرچاوەکانی وزە تائێستاش کاریگەرییو جێ پەنجە مۆری ئەم وڵاتە بەبیرە نەوتەکانەوە دیارە.
لەسەر ئاستی ئەوروپاو دونیاش بهریتانیا یەکێکە لەو 12 وڵاتەی بەدامەزرێنەری ناتۆ دادەنرێت، لە 76 ساڵی تەمەنی ئەم ڕێکخراوە ئەم وڵاتە چەندینجار ڕۆڵی سەرکردایەتیکردنی بینیوەو قسەی کاریگەری خۆی هەبوە، ئەم ڕێکخراوە بەقەڵغانی پاراستنی ئەوروپا دادەنرێت، کەچی لەشەڕی ڕوسیاو ئۆکرانیا نە بهریتانیای مەزنو نە ئەم ڕێکخراوە هاوشێوەی سەرۆک ترامپو وڵاتەکەی کاریگەریان نەبوو نییە.
لەشەڕی کەنداوی یەکەمو دوەم لە 1991و 2003 بهریتانیا لەدەستپێکی پلاندانانەوە تا کۆتایی رۆڵی بەرچاوی هەبوە لەداڕشتنی بریارەکان، وڵاتانی دونیا بهریتانیایان وەک زلهێزێک بینیوە هاوشێوەی ئەمریکا.
کەچی پێچەوانەی ڕابردوو، لەشەڕی ئەمجارەی ئەمریکا ـ ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، بهریتانیای مەزنو ناتۆکەی هێندەی ئیسرائیلو سەرۆکەکەی کاریگەریان نە لەسەر ئەمریکا هەیە نە لەسەر ڕوداوەکانی ناوچەکە، ئەو بەشداریە کەمە ناڕاستەوخۆیەی هەشیەتی بەبەشداریەکی ترسۆناکانەو بێکاریگەر دادەنرێت. لەئاست ئەو پشتیوانیە نییە کە بۆ هاوپەیمانە دێرینەکانی دەیکات لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەشێک لەچاودێرانی سیاسیی، بەتایبەتی ڕکابەرەکانی حکومەتەکی ئیستای بهریتانیا وا لێکیدەدەنەوە، ئەم وڵاتە لەدەرچونیەوە لەیەکێتیی ئەوروپا بەرە بەرە سەنگی سیاسییو سەربازیی لەدونیادا بەرەو کزیی چوە، کاریگەری نەرێنیشی لەسەر وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا داناوە، خۆ پەراوێزگرتنیش لەشەڕی ئەمجارەی ناوچەی کەنداو هێندەی دیكه بهریتانیا بچوکتر دەکاتەوە، لەهاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە دوردەخرێتەوەو دۆستەکانی لێی دوردەکەونەوە، بەتایبەتی وڵاتانی عەرەبی لەکەنداو کە بەر هێرشی بێبەزیانەی موشەکو درۆنەکانی ئێران کەوتون.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی