كە سەركردە خۆی دەبێتە تیرەکە

08/07/2024

ئیدریس سۆرانی


 پارت و رێكخراوە بۆ خزمەت و پێشكەوتنی  تاك و دەوڵەت دادەمەزرێن، هەندێكیشیان بۆ ئازادی نیشتیمان  و نەتەوەكەیان.
 مێژوو پێمان دەڵێت، هەمیشە  ئەو پارت و رێكخراوانە سەركەتووتر دەبن، كە ئازان و جورئەتی ئەوەیان هەیە، خۆیان نوێ بكەنەوە،ئاڵوگۆری لە بەشێكی بەرنامەی حزب و دەسەڵاتی باڵای  ناو خودی  حزبەكەیان بکەن . باشترین سەركردەی حزبیش ئەو كەسەیە، كە هاوسۆز و بەئەزموون و چاڵاك و دەستپاكە وهاوکات جوامێریشە لە كاتی شكستەكان واز لە دەسەلات و سەركردایەتی دێنێ و شكستەكان ئەخاتە ئەستۆی خۆی. 
بە گوێرەی چەند لێكۆڵینەوەیەك، بەدیارکەوتوە، لە سەرئەنجامی  گۆرانكاریەكانی كۆمەل و ئابوری و تەكنیكی، دەنگدەرو ئەندامەكانی پارتێك  وازدەهێنن، كەدەبینن گۆرانكاری لە سەرۆك و سیستەمی  بەرێوەبردن ناكەن و هاوكات حەزو ئارەزوی بۆ بەدەست هێنانی پلەی شایانی خۆی لە ناو ڕێكخراوەكە  سنوردار کراوە، بەو شێوەش پارتە سیاسیەكان بەروو لاوازی دەچن و بەها كۆمەڵایەتی و سیاسیی خۆیان لەدەست دەدەن،  بە هەمان شێوەش هاوڵاتی چاوەروانی باشبوونی ژیانی خۆی لەو ڕێكخراوە  ناكات، لەبەر ئەو سیستەمە كۆنەی كە بەردەوامی هەیە لە ناو پارتەكەدا، ئەگەر بە ناچاریش بمێنێتەوە ،ئەوە لە ناخیدا هەست و سۆز و وەفای بۆ پارت و سەرۆكەكەی نیە ،بەڵكو تەنیا بە ڕووكار بە ئەندام دەبێنرێ ، بەلام بە كردەوە هزرێكی تری هەیە. 
بۆ نموونە   ئەگەر سەیری جەوهەری گۆرانكاری پارتە زیندوەكانی بكەین دەبینن ،سەرەرای گۆران و نوێكردنەوەی ئایدۆلۆژی ،  پارتی كۆنسەرڤاتیڤی بەریتانیا لە ساڵی ١٩٤٦ ، تا ئێستا پانزدە سەرۆكی گۆریوە،پارتی كرێكارانی بەریتانیا لە ساڵی ١٩٧٥ تا ئێستا یانزدە سەرۆكی گۆریوە، پارتی مەسیحیەكانی ئەڵمانیا لە ساڵی  ١٩٩٤ وە شەش سەرۆكی گۆریوە،پارتی چەپی سویدی لە ساڵی ١٩٣٤ هەشت سەركردەی گۆریوە،گەرچی پارتی چەپی سوید هەرگیز دەسەڵاتی بەرێوەبردنی دەوڵەتی  لەبەر دەستدا نەبووە و هیچ هاووڵاتێكی ئەو وەڵاتانەش ناوی هەموو سەرۆكەکانی پارتەكان نازانن ، نەك لەبەر ئەوەی رێزیان ناگرن، بەڵكو لەبەر ئەوەی هەر حزبێك چەندین سەرۆكی هەبووە .  گەرچی پارتە سیاسیەكان مێژوێكی كۆنیان نیە ، بەڵام دەسەڵاتی بەرێوەبردن لە دێر زمانەوە هەیە. 
لە كتێبی گفتوگۆ  لەگەل كۆنفۆشوز  كە پێش زاینی  نوسراوە هاتوە: مێژوونوس ( یویا) ڕاستییەكانی پشت راستكردۆتەو و دەڵێت ( دەستەڵاتی ڕاوێژكاری چاك،لە وەڵاتەكەدا، ڕاوێژكارەكە خۆی دەبێتە تیرهاوێژ، بەڵام دەستەڵاتی   ڕاوێژكاری خەراب، ئەوە  ڕاوێژكارەكە  خۆی دەبێتە تیرەكە) . 
بۆیە دەبینین زۆربەی سەركردەكانی وەڵاتانی سێكولاریزم و دێموكراتی، كە تاکەکان جیاوازێکی زۆریان لە نێواندا نیە، ئەوە سەركردەكان بوونەتە، تیرهاوێژ و هەوڵیان داوە، گۆرانكاری زۆر لە سەركردایەتی و كەسی یەكەم بكەن و ئامانجەكانیان بپێكن ، تا بتوانن وەڵات باشتر بەرێوەببەن و دەسەڵاتیش لە خزمەتی هاوەڵاتیان  دابێت، بەڵام لە وەڵاتە دواكەوت و پارتە دواكەوتوەكان نە توانیویانە هزری حزبەكان نوێ بكەنەوە، نە توانیویانە سەركردەكان بگۆڕن ،نە لە كاتی گۆرانكاریەكانیشدا توانیویانە سەركردەیەك دیاری بكەن، كە  لە دەرەوەی سنورە دیاركراوە نەریتە كۆنەكان بێ، بۆیە لەو كۆمەلگایە سەرکردە خۆی بۆتە تیرەكە و ناتوانێ هەمیشە ئامانجەكانی بپێكێ و بەڵكو هەمیشە تیرەكە بەر پارت و ڕێكخراوەكەی خۆی كەوتوەو پێش ئەوەی بەر بەها كۆمەڵایەتیەكان بكەوێ،  تیریش هەرگیز ناچێتەوە كەوانی خۆی، هەر بۆیەشە چاوەروانی پێشكەوتن و خزمەتگوزاری لەوانە ناكرێت، كاتێك چاوەروانی  گۆرانكاری بنچینەی لە ڕێكخراو و  حزبەكانیان نەكرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی