لە سایەی جنێودا

09/08/2024

سەردار عەزیز


 
لە پەنجاکان و شەستەکان، بیرمەندی جولەکە هەنا ئارێنت، پاش هەڵدانی ڕۆکێتی سپۆنتیک، لەوە نیگەران بوو کە، تەکنەلۆجیا، دۆخێکی وەها دروست دەکات، کە زمانی نازانستی بیرکردنەوە ببێت بە مۆدێلی زاڵ و لە ئەنجامدا کۆتایی بە ئەو دۆخە بهێنێت کە مرۆڤەکان بتوانن هاوبەشییەکی مانا بەخش لە نێوانیاندا بەرهەم بهێنن.
دۆخی ئێمە ئێستا، بە هۆی سۆشیال میدیاوە، گەشتوەتە ئاستێک کە تەنها بێڕێزی و جنێو و سوکایەتی و بوختان و درۆ و ئەم شتانە بەرهەم دەهێنین. ئەمانە دەرەکی و نامۆنین، بەڵکو بە داخەوە بەشێکن لە ناخ و ئاگایی و دۆخی عەقڵی ئێمە.
 
جنێو، تەنها لە وەڵامی پیرۆزییەکاندا نیە، بەڵکو بەرامبەر هەموو ڕەخنەیەکە کە لایەنی بەرامبەر بە دڵی نەبێت. جنێو مانا نابەخشێت بەڵام بە داخەوە توانای ئەوەی هەیە مانا لە هەموو بەهایەک داماڵێت. 
 
ئێستا دۆخی کوردستان دۆخی سروشتییە. دۆخێک کە هیچ بەرگریی و ڕێگرییەک نیە لە بەرامبەر ئەوەی هەموو کەسێک، بە هایەک، بونێک، دیدێک ڕسوا بکرێت. لە نەبونی هیچ ڕێگریی و بەرگریی و یاسا و دەسەڵاتێکدا، ئەم دۆخە وەها دەکات کە هەموو کەس ئەویتر وەک نێچیرێک ببینێت هەتا ڕاوی بکات. 
 
جنێو چێژبەخشە بە تایبەتی بۆ مرۆڤە لاوازەکان. کردەیەکی ئاسانە بۆ سفرکردنەوەی هەموو شتێک. بەڵام جنێو کارتی سەرکەوتنە لە کایەی دیموکراسی نەخۆشدا. 
ئێستا جنێو بەوە بە دەریچەیەک بۆ خۆ بەتاڵکردنەوە.
 
مرۆڤ بە گشتی لە ناو ئاپۆرەدا بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵە دەکات. دروستبونی ئاپۆرەی مەجازی زۆرێک دەهێنێت حاڵ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی